72
شیعر و جەستە
پرسیاری شەشەم: رات بەرانبەر ئەو پیاوانەی لەناو دەقەکانیاندا تەنها وەکو رەگەز قسە لە جەستە دەکەن چییە؟ لەم کاتەدا کە دەقی ئەدەبی بووەتە یەکێک لەو مومارەساتانەی فیمینیزمەکان شۆڕشێکیان دژ بە چەوسانەوەی رەگەزی بەرپاکردووە.
بۆ کتێبێک کە چەند دیمانەیەک بە زمانی عەرەبی لەخۆدەگرێ، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی.
هەندێجار هەست دەکەم ئەو جۆرە دەقانە تەنها نمایشێکی بۆشی ماسولکەکانی پیاوە ئەدیبەکانە لە نووسینی دەقێکی شیعریدا، یاخود بێئاگابوون لە بەهای مەعریفیی شیعر وەکو کایەیەک لە کایە زیندووەکانی داهێنان. تەنانەت زۆرێکیش لەو دەقانە سنووری ئەوەی پێی دەڵێن «دەقی ئیرۆتیکی» تێدەپەڕێنن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژینگەیەی شاعیری تیادا پەروەردە بووە و تێڕوانینی چواردەورەکەی لە چەمکی خۆشەویستی و مامەڵەکردنیان لەگەڵ پرسی پەیوەندی لەگەڵ رەگەزی بەرانبەر، رۆڵی گەورە لە تێڕوانینی خودی شاعیرەکە و جارێکی تر بەرهەمهێنانەوەی ئەو تێڕوانینە لەناو دەقی ئەدەبیدا دەگێڕێت. بەتایبەت زۆرجار لە دەقەکاندا ژن رووتدەکەنەوە و لەسەر وردترین وردەکاریی جەستەی دەوەستن، کە بەباوەڕی من ئەمە هێندەی خزمەتی خەیاڵی خودی شاعیر دەکات خزمەتی قیمەتی ئەدەبیی دەقەکە ناکات.
هەر لە کۆنەوە بنمیچی وەسفکردنی ژن لای زۆرێک لە شاعیرەکان لە شوبهاندنی بە گوڵ و میوە و مانگ و ناوبردنی جێگەی تایبەتی جەستەی بەشێوەیەکی بێزراو بەرزتر نەبۆتەوە، نەگەیشتۆتە ئاستێکی مەعریفیی باڵا، بەشێوەیەک جەستەی ژن بووەتە چەقی بینای دەق، واتا کۆی شیعرەکە چوەتە خزمەتی وێناندنی وردەکارییەکانی جەستەی ژنەوە، نەک بە پێچەوانەوە.
ئەمەش ئەگەر دەلالەت لە شتێک بکات، دەلالەت لە تێڕوانینی نزمی هەندێ لە پیاوە شاعیرەکانە بۆ ژن وەکو بوونەوەرێکی باڵای بەقیمەت و کرچ و کاڵیی ئاستی ئەدەبیان لە تەعبیرکردن و زۆرجاریش ئەگەر چەند دەقێک بە نموونە وەربگرین، دەبینین هەمووی دووبارەی یەک رێچکەن لە بیرکردنەوە تەرحکردن بە داڕشتنەوەی جیاواز لە چەند قەسیدەیەکی جیاوازدا. ئەمە بەڕای من بریتییە لە حاڵەتێکی دەروونی لە نەستا کەڵەکە بووە و تەنانەت خودی شاعیر هەست بەمە ناکات و بگرە رەتیشی دەکاتەوە و بەم شێوەیەش زوڵم لە ژن و لە هەمانکاتدا لەخۆشی وەکو شاعیر دەکات، دواجار دەقی لەو شێوەیە بەڕای من ناچێتە خانەی داهێنانەوە.
زۆر کەم و دەگمەنن ئەو دەقە ئیرۆتیکیانەی سەرنجم راکێشن و پاڵم پێوە بنێن تا کۆتایی بیانخوێنمەوە، ئەگەر پەیامێکی ئینسانی و فکری لە ناوەڕۆکدا هەڵنەگرتبێت، یان پەنابردن بۆ ئیرۆتیکا لە سیاقدا نەبێتە زەروورەتێک بۆ گەیاندنی پەیامێک و تەنها ئیرۆتیکا بۆ ئیرۆتیکا بێت. ئەمجۆرە دەقانە پابەندی هیچ عورف و ئوسوڵێکی شیعری نین جگە لەوەی هەڵچوونێکی ساتەوەختیە و دەیکەنە شتێک ناوی شیعری لێ دەنێن. ئەمجۆرە شاعیرانە زیانێکی گەورەیان لە وێنەی ئینسانی ژن داوە. دواجار باوەڕم وایە بەردەوامبوون لەسەر ئەم ستایلە لە نووسین بووەتە رێگەیەکی ئاسان بۆ پەیداکردنی ناوبانگ لەلایەکەوە، و لەلایەکی دیکەوە بۆ پیشاندانی جۆرێک لە بوێری، کە لەڕاستیدا بوێری نییە هێندەی ئەوەی جۆرێکە لە لاوازی فیکری و نزمی ئاستی مەعریفی خودی شاعیرەکە، بەتایبەت زۆرێک لەو دەقانە دەگەنە ئاستی جۆرێک لە هەراسانکردنی ژن بەگشتی لەژێر ناوی شیعردا، کە بەس شیعر نییە.