پەروەردە کارێکی قووڵە

09:58 - 2022-10-17
چنار عەزیز
548 خوێندراوەتەوە

پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهان، مرۆڤ و ناخی خۆی  بە پەروەردە کردن پتەو  دەبێت، پەروەردە نا دروست بێت مرۆڤ لە خودی خۆی نامۆ دەبێت. وەک ئەوەی ئێستا دەبینین بەشێکی زۆری تاک لە خۆی بێزار و ماندووە، کەواتە ئێستا پەروەردە گرنگترین بوارە دەبێت دڵسۆزانە کاری تێدا بکرێت.
پەروەردەیەکی دروست هەوڵ دەدات تاک خاوەن بڕیاری خۆی بێت. تاکێکی کار لەسەرکراو نەبێت و ببێتە بابەت. تاکێکی هەژار و دەست کورت نەبێت لە بڕیاردان و دیاریکردنی ئامانجدا. دەبێت خۆی کۆڵەکەی راگرتنی خۆی بێت و هۆشیار  بە ئاگا بێت  و پێویستی بە بریکار نەبێت. بۆیە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ژیاندا بکا تا بتوانێ ژیانی بنیاد بنێ و فراوانی بکات. 
ژیان رەشبینی بۆ مرۆڤ دروست ناکات بەڵکو ئەوە خودی مرۆڤە ئەو رەشبینیه لە ناخیدا پەروەردە دەکات و ئامادەیە ئەو دۆخەی هەیە بچێتە ژێر باری و قبووڵی بکات، دواتریش دەبێتە کۆت و بەند و  ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت و سەرکەوتن بەدەست بێنێت و لەو دۆخە چەقبەستووەدا دەمێنێتەوە تا سەرتاپای ژیانی و بێ هیواییەک لە ژیانیدا گەشە دەکات ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی لەم حاڵەتەدا دەوروبەری دەکاتە فریادڕەس و بریکاری ژیانی.
ئامانجی پەروەردە مرۆڤە، وەک بنەمایەکە بۆ ئامادەکردنی تاک بۆ ناو ژیان. چونکە ژیان و تاک تەواوکەری یەکترن.کەواتە کاری پەروەردە کارێکی قووڵە و ئارامی پێویستە، کورت ناکرێتەوە تەنها لەسەر  فێربوونی تاک بەڵکو دەبێت ئەو تاکە پەروەردە بکرێت و ئاڕاستەی کۆمەڵگە بکرێت و لەناو کۆمەڵگەدا چێژ لە ژیان وەربگرێت و خاوەنی ئینتیما بێت بۆ کۆمەڵگەکەی.  لەبەرئەوە پێویستە خێزان و فێرگە بە‌ پەرۆشەوە بڕواننە ئایندەی ئەو تاکەی پەروەردەی دەکەن.
بەڵام هیچ کەسێک لە جێگەی کەسی تر بیرناکاتەوە، دایک و باوک ناتوانن لە جێگەی منداڵەکانیان بیربکەنەوە، بەهەمان شێوە منداڵەکانیش وەک دایک و باوک بیرناکەنەوە، چونکە دوو کەسن لە دوو زەمەنی جیاواز لە یەک ماڵدا کۆبوونەتەوە، بەڵام  ئەگەر منداڵ بیرکردنەوەی خراپی هەبێت، دەتوانرێت بە پەروەردەیەکی باش بە رەچاوکردنی جیاوازی تەمەن و سەردەم بیگۆڕی بۆ بیرکردنەوەیەکی باش.
تاکەکان بەپەروەردە کردن زیاتر دەردەکەون، ئەگەر لەڕووی ژینگەییەوە، لە رووی ژیانی کۆمەڵایەتیەوە لە رووی کەسایەتیەوە لە خراپترین دۆخدا بن بە پەروەردەکردن دەبن بە خاوەن کەسایەتیەکی سەرکەوتوو . ئەگەر پەروەردەکردنەکە پێچەوانەی خۆیان وەستایەوە دەبێت به پەروەردەیەکی ئاڵۆز و هەست دەکەن قۆرخکراون، کەسایەتی و بیرکردنەوەیان ئازاد نییە. ئەمەش دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرەو پێشچوونیان و کەسایەتییان لە داهاتوودا.

وتارەکانی نوسەر