سویسرا لە جەنگی ئۆکرانیا بێلایەنە؟

10:11 - 2022-10-19
ئاری مەحمود قەرەداغی
501 خوێندراوەتەوە

جەنگی ئۆکرانیا، سویسرا دەخاتە دۆخێکی سەختەوە بۆ روونکردنەوەی بێلایەنی. ئەوەی کە لە مێژە وەک رێچکەیەک بۆ ئاشتیی و خۆشگوزەرانی سەیر دەکرێت، لە دەرەوە سویسرا زیاتر وەک هەلپەرست و بەسەرچوو سەیر دەکرێت. ئێستا چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە سویسرا لە جەنگی ئۆکرانیا و روسیادا، وازی لە بێلایەنی هێناوە کاتێک رازی بوو بە سەپاندنی سزاکان بەسەر روسیادا.
 بەڵام لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، بە تەنیا سەپاندنی سزای ئابووری بێ کێشەیە، بەو پێیەی پرسیارێک نییە لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی دیاریکراو لە چوارچێوەی ململانێیەکی چەکداریدا، ئەمە دیدی شارەزایەکی یاسای نێودەوڵەتی نەمساییە کە لەم بۆچوونەدا نووسیویەتی.

دوو رای جیاواز
لە ناوخۆی سویسرادا و لە دەسپێکی جەنگ لە ئۆکرانیادا، مشتومڕێک لەسەر پێناسە و پانتایی بێلایەنی سویسرا  سەریهەڵدا، کە دوو لایەنی سیاسی  دژبەیەکی پیشانداوە: لایەنێکی کۆنەپەرستانە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن پارتی گەلی سویسرا (SVP) بەرجەستە کراوە،  دەیەوێت بێلایەنی توند بپارێزێت و پلانیان هەیە  بۆ دەستپێشخەرییەکی جەماوەری، کە بێلایەنییەکی گشتگیر بنووسێت بۆ دەستوور. لەلایەکی دیکەوە لایەنێکی لیبراڵتر کە زۆرینەیەکی حوکمڕان لە خۆدەگرێت، پشتگیریی لە  بێلایەنی چالاک دەکات.
لە کۆتایی مانگی ئایاردا وەزیری دەرەوەی سویسرا ئیگنازیۆ کاسیس لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی (WEF) لە داڤۆس وتی: سویسرا بەدوای «بێلایەنی هاوکاری»دا دەگەڕێت،    بەم دەربڕینە نوێیەش هەمووانی سەرسام کرد. زۆرێک لە میدیاکارانی ئەوروپا بۆ جەنگی ئۆکرانیا پرسیاریان کرد: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە بەرامبەر جەنگێکی لەو شێوەیەدا بێلایەن بێت؟ دواتر ئیدارەکەی وەزیری دەرەوەی سویسرا  راپۆرتێکی بە ناوی حکومەتەوە راگەیاند، کە وتارەکەی وەزیری دەرەوەی سویسرا لە داڤۆس مەبەست لێی نیشاندانی «گەشەکردنی زیاتری ئەگەری تێگەیشتن لە بێلایەنییە».

سویسرا لە مێژە وازی لە «بێلایەنی کلاسیکی» هێناوە
سویسرا وا گریمانە دەکات کە یاسای بێلایەنی، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناگرێتەوە، چونکە ئەنجومەنی ئاسایش لە کۆتاییدا «دەیەوێت ئاشتی جیهانی بگەڕێنێتەوە». لە بەرامبەردا پیتەر هیلپۆڵد پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی نەمسایی لە زانکۆی ئینسبروک دەڵێت: بێلایەنی بە مانا کلاسیکییەکە بەزەحمەت لەگەڵ ئەندامێتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەگونجێت و تەنانەت کەمتر لەگەڵ ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپادا دەگونجێت. هەروەها بە وتەی پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی ئەلیزابێس هۆفبێرگەر-پیپان لە دامەزراوەی ئەڵمانی بۆ سیاسەت و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەرلین، پێیوایە، دانیشتوان هەندێکجار ئاگادار نین کە ئەندامێتی یەکێتیی ئەوروپا یان نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت شانبەشانی شلکردنەوەیەکی دیارییکراوی بێلایەنی بڕوات. 
ستیفانی واڵتەر، پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئابووری سیاسی لە زانکۆی زیوریخ دەڵێت: سویسرا بە روونی بێلایەن نەبووە. «بۆ نموونە لە کاتی جەنگی سارددا، سویسرا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەلایەنی خۆرئاوا بوو. هەروەها هەڵوێستێکی هەیە کاتێک باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکرێت.» لە کاتی جەنگی ئۆکرانیادا، سویسرا دەستبەجێ هێرشی روسیای بۆ سەر ئۆکرانیا شەرمەزار کرد و بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی زانی.

بێلایەنی مانای چییە؟ 
ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بێلایەنی بەڕاستی چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. کاتێک زلهێزە سەرکەوتووەکان لە کۆنگرەی ڤییەنا لە ساڵی 1815دا بێلایەنی هەمیشەیی بە سویسرا بەخشی، رێکەوتنەکە ئەوە بوو: سویسرا بەشداری ناکۆکی و ململانێکان ناکات و بەکرێگیراویش دابین ناکات، لە بەر ئەم هۆیانە چیتر جەنگ لەسەر خاکەکەی ناکرێت.
لەم بنەمایەدا گۆڕانکارییەکی کەم روویداوە، تەنانەت لەمڕۆشدا یاسای بێلایەنی بە پلەی یەکەم پابەندی دەکات بە بەشدارییکردن لە جەنگەکاندا، چ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. دەوڵەتە بێلایەنەکان دەبێ بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ لایەنە شەڕکەرەکاندا بکەن، واتە ناتوانن رێگە بدەن بە لایەنێک بۆ گەشتە ئاسمانییەکان  یان دابینکردنی چەک، تەنانەت لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە و لایەنی دیکەش لە دەرەوە بەجێبهێڵێت.  بۆ نموونە لە چەند مانگی رابردوودا سویسرا رێگری لە فڕینی ئەندامانی ناتۆ کردووە بەسەر ئەو وڵاتەدا، چونکە چەک بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن. هەروەها رەتیکردەوە رێگە بە ئەڵمانیا و دانیمارک بدات ئەو تانک و تەقەمەنیانە بگوازنەوە کە لە سویسرا کڕدراون بۆ ئۆکرانیا. گوشارەکان لەسەر سویسرا بۆ دوورکەوتنەوە لەم هەڵوێستە توندەو  لە دەرەوەی وڵات زیاتر دەبێت. بێلایەنی تەنیا چەمکێکی یاسایی نییە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر وێنەی سویسرا هەیە. بەپێی ئەم خوێندنەوەیە، بێلایەنی تایبەتمەندی سویسرایە، کە نابێت بێباکانە بیخاتە مەترسییەوە. سویسرا بە «سیاسەتی بێلایەنی» خۆبەخشانە و بە شێوەیەکی نەرم و نیان کە دەتوانرێت بگونجێت، هەوڵدەدات وڵاتانی دیکە قەناعەت پێبکات کە لە ئەگەری شەڕدا لە دەرەوەی ئەو سیاسەتە بمێنێتەوە.
 
ئەندامێتی ناتۆ رەتکرایەوە
لە کاتی ئاشتیدا سویسرا وەک دەوڵەتێکی بێلایەن رێگەی پێنادرێت بچێتە ناو هاوپەیمانییەکی سەربازی وەک ناتۆ، چونکە ئەمە ئەرکی  هاوکاریکردنی بۆ دابین دەکات.
دەوڵەتانی بێلایەنی نەریتی وەک سوید و فینلاند دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا، داواکارییەکیان پێشکەش کرد بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆوە، کە لە رووی یاساییەوە یەکسانە بە دەستبەرداربوون لە بێلایەنی. لە بەرامبەردا بۆ سویسرا ئەندامێتی ناتۆ لە دەرەوەی پرسیارە، سەرەڕای ئەو خاڵە وەرچەرخانەی کە جەنگی ئۆکرانیا رایگەیاند. هەروەها لە رووی جوگرافییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر بەرکەوتووە لە چاو دوو وڵاتی ئەسکەندەناڤیا.
بەڵام سویسرا و ناتۆ دەیانەوێت لە داهاتوودا لە نزیکەوە کار بکەن، وەک وەزیری بەرگریی سویسرا و سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لە WEF لە داڤۆس رێکەوتن. بەپێی راپرسییەک، تەنانەت ئەمە لەلایەن دانیشتوانی سویسراوە قبووڵکراوە، کە زۆرینەیان پشتگیری لە بێلایەنی دەکەن و هێشتا گومانیان لە پەیوەندییکردن بە ناتۆوە هەیە. ساڵانێکە سویسرا بەدوای هاوکاریی سەربازیدا دەگەڕێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی و ناتۆ، بە تایبەتی لە بواری راهێنان و ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا. ئەگەر سویسرا هێرشی بکرێتە سەر، زۆر باش دەتوانێت لەگەڵ ئەوانی تردا بەرگریی لە خۆی بکات، بێلایەنی رێگر نییە لەم کارەدا. 

تاکتیکی بێدەنگی
رەچاوکردنی تاکتیکی بێدەنگی سویسرا ئەوەیە: لەبەرئەوەی دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەوروپا، بە دوور نازانرێت هێرشێکی سەربازی بە تەنیا ئاڕاستەی سویسرا بکرێت. ئەگەری زۆر زیاترە لە یەک کاتدا چەند وڵاتێکی ئەوروپی هێرشیان بکرێتە سەر و پێکەوە بەرپەرچ بدەنەوە. ئەگەر سویسرا لە کاتی ئاشتیدا بەشداری لە مانۆڕە سەربازییەکان بکات و خۆی بە سیستمی چەکی گونجاو تەیار بکات، ئەوا شیاو دەبێت لە باری نائاساییدا لەگەڵ هاوڕێ خۆرئاواییەکانیدا پێکەوە شەڕ بکات لەبری ئەوەی بە تەنیا بەرگریی لە خۆی بکات.

سویسرا سوود لە بێلایەنی وەردەگرێت
بە گشتی بێلایەنی سوودێکی کەمی بۆ سویسرا نییە. رەنگە پارادۆکس» دژبەیەکی» دەربکەوێت، بەڵام بێلایەنی هاندەری فرۆشتنی چەکە. هەندێک وڵات نایانەوێت بە کڕینی چەک لە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا یان روسیا خۆیان لە پێگەی خۆیان دابنێن، لەبری ئەوە پێیان باشە بکەونە سەر بێلایەنە بێ گومانەکان. هەروەها سویسرا سوودمەندە لە بێلایەنی وەک شوێنی میواندار و ناوبژیوان، چونکە ئەوانەی خۆیان لە پێگە نادەن دەتوانن بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو وەک پردی بنیاتبەر مامەڵە بکەن. 
سویسرا سوود لە کارتی گەورەی تایبەت وەردەگرێت: «بە پێچەوانەی ئێرلەندا و نەمسا و سویدەوە، سویسرا بڕیاری داوە نەبێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا». بۆیە سویسراش وەک بێلایەنتر سەیر دەکرێت. لە دۆسیەی جەنگی ئۆکرانیادا، سویسرا تا ئێستا بێهودە هەوڵی داوە رۆڵی نێوەندگیریی ببینێت. ئێستا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئایا سویسرا دەتوانێت بژاردەی دەسەڵاتی پاراستن بۆ ئۆکرانیا وەربگرێت و نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی کیێڤ بکات لە مۆسکۆ؟

جەنگی ئۆکرانیا 

سەرچاوەکان:
1- https://m.srf.ch/news/schweiz
2- https://www.tagesanzeiger.ch/schweiz


وتارەکانی نوسەر