ئابووریی ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی

09:24 - 2022-10-20
فەیسەڵ عەلی
298 خوێندراوەتەوە

ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی شۆڕشێکی گەورەی لە پەیوەندییەکانی خەڵک و کۆمەڵگەدا دروست کردو ئاسۆیەکی نوێی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەبێ جیاوازی بۆ هەموو خەڵکی رەخساند، کە لە تێڕوانینی کەسدا نەبوو بەو جۆر و ئاستە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان بگۆڕێت، بەو رادەیەش کاریگەریی لەسەر ئابووری هەبێت و ببێتە بەشێکی کاری حکومەتی ئەلکترۆنی. چۆن پێشبینی ئەوە نەکەین، کە ژمارەی مۆبایلی زیرەک رۆژانە لە هەڵكشاندایەو ئێستا بە نزیکەی (6.4) ملیار ئامێر مەزندە دەکرێت، کە دەکاتە نزیکەی (%80) کۆی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی. ژمارەی ئەوانەی ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن، نزیکەی (4.5) ملیار کەسە، لەوانە (2.9) تەنها فەیسبوک بەکاردەهێنن، دوو ملیاریشیان واتس ئاپ، نیو ملیاریش سناپ چات. وەک لای هەمووان ئاشکرایە، ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، پراکتیزەکردنە، یان ئەو پێگە ئەلکترۆنیانەیە کە لەمیانی کۆمپیوتەر یان مۆبایلی زیرەک کە بە ئەنتەرنێتەوە گرێدراوە، بۆ پەیوەندیی نێوان خەڵکی بەکاردەهێنرێت، کە ئەوانەیش، فەیسبوک، تویتەر، ئینستاگرام، سناپ چات، واتس ئاپ، لینکد ئین و ئەوانیتر دەگرێتەوە.

 هەندێک کەس پێی دەوڵەمەند بوون
ئارەزوو زەوقی خەڵکی هەمەجۆرن، هەیانە بە هەموو هێز و توانایەوە چۆتە نێو کەناڵەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەوەو لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم خۆی گونجاندووە، هەشە، ژیانێکی ئارام و دوور لەخۆ خەریککردن و بە هەدەردانی کاتی هەڵبژاردووە، خۆیشی بە لێشاوی بێبڕانی ئەو نامە هەمەجۆرانەی ئەو پێگە و کەناڵانەوە خەریک ناکات! ئەوانەی چوونەتە نێوان ئەو مەیدانەوە، دەکرێنە دوو بەشەوە، یەکەمیان، ئامانج لێی بەسەربردنی کاتی خۆش و بیستنی هەواڵی نوێ و پەیوەندیی کردنە بەوانیتر و خستنەڕووی هەندێک بیروبۆچوون و هەستەکانیەتی، دووەمیان، ژمارەیەکی کەمی خەڵک سەرکەوتوو بوون لە بەگەڕخستنی ئەم ئامرازانە بۆ دەوڵەمەندبوون و دەستهاتی مادی، ژمارەیەکی کەم توانیویانە لەڕێی بانگەشەی بازرگانی بۆ چێشتخانە و دوکان و بەرهەمە هەمەجۆرەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پێداویستیی و جوانکردنی خانمانەوە هەیە، زۆر باش دەوڵەمەند بن.
بێگومان ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی ئابووری لەسەر تاک و دامەزراوەو ئابووری، بەڵکو کۆی کۆمەڵگەش داناوە. سەبارەت بە تاک، بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ ئەوانیترو گوزارشتکردنی لە بۆچوونەکانی ژیانی خۆشتر و ئاسانتر بێت، وێڕای زیادبوونی ئاستی بەرهەمداری و فراوانکردنی توانای ئەنجامدانی کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن و کاری بانگەشەکردنی بازرگانییەوە. بەڵام ئەم پێداویستییانە بێ خەوش نین، وەک بە هەدەردانی کات و چوونە نێو ژیانی تایبەتیی کەسانیترو هەڕەشەکردن و هێرشکردنە سەر ئەوانیتر و ... هتد.

رەخساندنی دەرفەتی کار 
سەبارەت بە بواری کار، لەگەڵ ئەوەی ئاماری دروست لەم بارەیەوە بەردەست نییە، بەڵام ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی چەندین دەرفەتی کاری نوێی پەیوەست بەخۆی رەخساندووە، زۆر لە دامەزراوەکانی بازرگانی و خوێندن توانیویانە خەرجییەکانیان کەمبکەنەوە و ئاستی کوالیتی ئەو خزمەتگوزارییانەی لەمیانی پەیوەندیی لەگەڵ سودمەندان و بەکاربەرانیان بە خێرایی و ئاسانی بە تێچوونێکی زۆر کەم پێشکەش بکەن، لەمەیشەوە، دەستهاتێکی زۆر باش بەرئەنجامی هاندانی خەڵکی بۆ کڕین و لەڕێی خستنەڕووی سەرنجڕاکێشی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیانەوە. سەرباری ئەوەش، ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی کاریگەرییەکی قوڵی لە تەوزیفکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییە پیشەییەکان هەیە، زۆر لە بەڕێوەبەرانی دامەزراندن، بڕیارەکانیان لەسەر بنچینەی ئەو زانیارییانەی لەناو ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی هەیە دەدەن، رێژەیەکی زۆری خاوەنکار ئەم پێگانە بۆ گەڕان بەدوای ئەوانەی بە شایستەی ئەو پۆستانەی دەزانن، دەگەڕێن. هەروەها هەندێک بەرهەم هەن، بوونی بە هەبوونی ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەوە بەندە، لەوانە، دیارییە بەلاشەکانی هەندێک دامەزراوە و دوکان و چێشتخانە کە بەکارهێنەرانی ئەو ئامرازانە بۆیانی دەکەن، بەتایبەتی لە سناپ چات، کە شانازی بەخۆیانەوە دەکەن، کاتێک دەچنە ئەم چێشتخانە و ئەو بازاڕ و ئەو دوکان، راستەوخۆ پەخشی دەکەن.

لە کاتی قەیراندا کاریگەریی هەبووە
لەلایەکیترەوە، ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە کاتی قەیرانەکاندا بەشداری لە گەشەی ئابووری کردووە، بەتایبەتی لە کاتی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا، ئەویش لەمیانی ئاسانکردنی بەردەوامی پەیوەندیی و ئەنجامدانی گرێبەست و مومارەسەی هەمەجۆرەی کارو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دامەزراوەکانی ناو یەک دەوڵەت و دەوڵەتانیتردا.
سەرباری ئەمەیش، کاریگەرییەکی گەورەی کردۆتە سەر کۆمەڵگەکان، زۆری ئەو کێشە و ئاڵەنگارییە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ژینگەیی و سیاسییانە، زیاتر بۆ خەڵکی روون بوونەتەوە، ئەمەیش وا دەکات لە دۆزینەوەی چارەسەردا پەلە بکرێت.
لە کۆتاییدا، بەهۆی بایەخی زۆری ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و رۆڵی لە ژیانماندا، وەک دەگوترێ زانیاری و مەعریفە بوونەتە هێز، تەمەنی بڵاوکراوەکانی ناو ئەم ئامرازانە درێژترە لە تەمەنی بڵاوکراوەکانی ناو ئامرازە تەقلیدییەکانی میدیا، باشتر وایە بخرێنە ناو مەنهەجەکانی خوێندنەوەو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی روون بکرێنەوە، تا باشتر سودی لێوەربگیرێت و بەشێوەیەکی دروست بخرێتە خزمەت کۆمەڵگەوە، بەتایبەتی کە زۆری قوتابیان و خوێندکاران بەشداری دیارو بەرچاویان هەیەو بەشێکیان بە چەندین رێگە بوونە و دەبنە قوربانی لایەنە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی ئەم ئامرازانەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، کاتی ئەوە هاتووە رێوشوینی دروست لەلایەن دامەزراوە تایبەتمەندەکانەوە بۆ رێکخستنی بەکارهێنانی بگیرێتەبەر.

وتارەکانی نوسەر