داهێنانی کۆمەڵایەتی

09:59 - 2022-10-23
فەیسەڵ عەلی
536 خوێندراوەتەوە

داهێنان و ئەفراندن و توێژینەوەی زانستی، زاراوەی زانراو و بەردەستن، لێرەدا بوار نییە باس لە هەموویان بکرێت، بەڵام داهێنان بیرکردنەوەی دەرەوەی سندوقەو دوور لەوانەی ئاسایین لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری نوێ بۆ ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەی هەن. زۆربەی دەوڵەتان پەنایان بۆ داهێنان برد تا لەو رێگەیەوە ئامانجە دیاریکراوەکان دەستەبەر بکەن و رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە زۆرانەیان ببنەوە، کە پێویستیان بە چارسەری خێرا و سەرکەوتوو هەیە. لەمیانی خوێندنەوەی راپۆرتی «داهێنان و تەکنەلۆجیا لەپێناو گەشەپێدانی بەردەوام» ی ساڵی ٢٠١٩ ی رێکخراوی ئسکوای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زاراوەی « داهێنانی کۆمەڵایەتی»  Social Innovation سەرنجی راکێشام، کە بەرئەنجامی پێداگیریی زیاد لەحەدی سەر رەهەندیی ئابووریی تەکنەلۆجیا لە مومارەسەکردنی داهێنانی پەیوەست بە مۆرکی پیشەسازیی قازانجویستی زۆربەی سیاسەتەکانی داهێنان کردووە. داهێنانی کۆمەڵایەتی، پرۆسەی پەرەپێدان و پراکتیزەکردنی چارەسەرە کاراکانی ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتی و ژینگەیە، بۆ بەرەوپێشبردنی رەوشی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە، واتە ئەو چارەسەریانە وەڵامی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان دەدەنەوەو لێوەی توانا و پەیوەندییەکان و بەکارهێنانی دەرامەتەکان بەشێوەیەکی کاراتر لەوەی هەیە، بەگەڕ دەخات. بە سادەیی، داهێنانی کۆمەڵایەتی، هزری نوێیە، کە دەکەوێتە بواری کارکردنەوە، ئامانج لە داهێنانی کۆمەڵایەتی دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئاڵنگارییە زەرورەکانی کۆمەڵگە، پاشان باشترکردنی خۆشگوزەرانیی مرۆڤە، کە پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی، ژینگەی کار، بێکاریی گەنجان، گۆڕانی کەشوهەوا، تەندروستی، خوێندن و هاوکاریکردنی مرۆڤە بۆ دەربازبوون لەو بازنەی هەژارییەی تێیدایە، وەک دەستپێشخەرییەکەی محەمەد یونس کە بانکی هەژارانی لە بەنگلادیش دروست کرد. بێگومان تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی، بنچینەیەکی سەرەکیی پشتیوانی داهێنانی کۆمەڵایەتییە، کۆسپەکانی پەیوەست بە پەیوەندیی و هوشیاری و پەخشکردن ناهێڵێت، هەروەها یارمەتی سودوەرگرتن لەو سەرچاوە زۆرانە  Big Data دەدات تا لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگە تێبگەین.
هێشتا کۆمەڵگەی کوردی وەک کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەدەست ئاڵنگاریی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت، کە چارەسەری داهێنەرانەی دەوێت، وەک پیریی دانیشتوان، واتە هەڵكشانی رێژەی بەتەمەنەکان بەهۆی داشکانی رێژەی لەدایکبوون ، باشتربوونی رەوشی تەندروستییەوە، کە درێژبوونی تەمەنی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە. ئەم رەوشە، کۆمەڵگە رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەکاتەوە، لەوانە، مووچەی خانەنشینان، چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی، شێوازەکانی دیزاینی خانوبەرە، هەروەها پلاندانی ژینگەیی بە پێکهاتە هەمەجۆرەکانییەوە، وەک گواستنەوە و شوێنەکانی حەوانە و ..هتد.
دیوێکیتری ئەو ئاڵنگارییانە، نایەکسانی نێوان توێژەکانی دانیشتوان، تووشبوون بە نەخۆشی، وەک نەخۆشی فەقەرات، کەئابە، شەکرە، شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ، ئەمانەیش چارەسەری نوێی کۆمەڵایەتی و پزیشکی دەخوازن. پرسەکە هەر لەمەدا ناوەستێتەوە، بەڵکو ئاڵنگاریی تریش هەن، کە بە رەفتاری دەوڵەمەندییەوە پەیوەستە، وەک قەڵەوی و کەم جوڵەکردن و ئالودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و مەی و هاوشێوەکانیان. بەختەوەری مرۆڤ گرنگییەکەی لەوان کەمتر نییە، تێبینی ئەوە دەکرێت، کە گەشەی ئابووری رەنگدانەوەی لەسەر خۆشگوزەرانیی دانیشتوان نییە، ئەمەیش داهێنانی نوێ دەخوازێت کە چۆن تاکەکانی کۆمەڵگە بەختەوەر بکرێن.
لەدواییدا، داهێنانی کۆمەڵایەتی جێ بایەخی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵەی مەدەنی نەبووە، بەڵکو لابەلا و بێبەرنامە کاری لەسەر کراوە، ئەمەیش لێمان دەخوازێت کار بۆ ستراتیجیی داهێنان بکرێت و تەنها لە زانست و تەکنەلۆجیا کورت نەکرێنەوە، بەڵکو دەبێ ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتییەکان بگرێتەوە، ئەمەیش دەبێ لەسەر ئاستی خزمەتگوزاریی و رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان بێت، تا چارەسەری داهێنەرانە بۆ ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەی کۆمەڵگە بەدەستییەوە گیری خواردووە بدۆزرێنەوە.

وتارەکانی نوسەر