کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو

10:11 - 2022-10-23
حەسەن ئیبراهیم
350 خوێندراوەتەوە

هەموومان لە دیدار و کۆڕ و کۆبوونەوەکانماندا  گازندەی ئەوەمان هەیە کە کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دانانرێت، چونکە ئەو جۆرە چارەسەرە بۆ دۆخی ناتەندروست و چەقبەستوو و بڕیاری تاکلایەنە لە کۆمەڵگەدا گرنگە.
 ئەوە خەونی هەموانە کە دەمێکە هاوار دەکەین و بە دەست ئەو بێسەروبەری و ناعەدالەتییەوە دەناڵێنین، ئامانج لەمەش ئەوەیە کە بە عەقڵییەتێکی نوێ و ستراتیژێکی نوێ کاربکەین، بۆ خۆشگوزەرانی زیاتری تاک و خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەمان تا دوور بین لە عەقڵییەتی دۆگمایی کە پلە و پایەی خۆیان لە پێناوی خۆ دەوڵەمەندکردن و بەرژەوەندییەکانیان بەکارهێناوە. 
ئەوەی جێگای دەستخۆشییە دوای ئەو مشتومڕانە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ و جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی، بە ستراتیژێکی نوێ و بە پلانەوە، ئەجێندایەکی گشتگیر و عەقڵانی بۆ داڕشتنی هەیکەلی کار و بەڕێوەبردنیان گرتۆتەبەر. بە هەنگاوی ئەرێنی بەرەو پێشەوە دەچن و جێبەجێی دەکەن.
 ئەوەی گرنگە و فاکتەری سەرەکییە هەر تەنیا گۆڕانکاری لە دەموچاوەکاندا نییە، بەڵکو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیە لەو کەسایەتییانەی دادەنرێن، بە ئامانجی دیاریکردنی کەسانی شیاو کە دەست پاک و زمان شیرین بن، کەسانێک بن رۆڵ و کاریگەرییان لەناو خەڵکدا هەبێت و خۆشەویست و پەرۆش بن بۆ باشکردنی دۆخی کارگێڕیی.
بەرپرسیارێتی ئەوەیە خزمەتکاری خەڵک بن و ئەولەویەتی کارەکان لە بەرژەوەندیی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بێت، کە ئەوە گەورەترین شانازی و سەرمایەیە بۆ یەکێتی و پشکی لە ئیدارەی هەرێمدا. 
یەکێتی بە کردار هەنگاوەکانی دەستپێکردووە بۆ گۆڕانکاری و دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو، بەڵام هێشتا ئەرکی قورستری ماوە کە جێبەجێی بکات، ئەویش چاودێریکردنی ئەو کەسانەیە کە ئەرکە نوێکانیان پێ سپێدراوە، چونکە دەبێت ئەوانە نموونە بن بۆ رەوشت بەرزی و دڵسۆزی لەناو خەڵکدا و دیاریی حزبن دەبن بۆ خەڵک تا وێنایەکی باشی بەڕێوەبردن نیشانی کۆمەڵگەکەمان بدەن.

وتارەکانی نوسەر