پیرۆزبایی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت

10:18 - 2022-10-30
جەمال ئارێز
389 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق و متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عیراق، ئەو دوو قۆناغە گرنگە بوون کە لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی رابردوو  و ساغبوونەوەی فراکسیۆنەکانی پێنجەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، بەشێک لە بەستەڵەکە سیاسییەکەی عیراقی تواندەوە و سیمای دەوڵەتی عیراقی دوای یەک ساڵ لە چەقبەستنی روونکردەوە.

پشتیوانی و پیرۆزبایی
دیارە لە عورفی سیاسیدا ئەوە ئاساییە کە هەر کارەکتەرێکی سیاسی پۆستی باڵا وەردەگرێت لەلایەن ئەوانی دیکەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و دەرەکی پیرۆزبایی ئاراستە دەکرێت و پشتیوانیی بۆ دووپات دەکرێتەوە لە هاوکاریکردنی، ئەوانەی لەسەر ئاستی ناوخۆدا پیرۆزبایی و پشتیوانی دەنێرن، بەریەککەوتنیان لەئاستی ناوخۆدا لەگەڵ کارەکتەرە سیاسییەکەدا هەیە و ئەوانەش لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەینێرن، بەریەککەوتنەکەیان لەو ئاستەدایە، بۆیە دەشێت بەر لە ناردنی پیرۆزبایی و پشتیوانی هەموو لایەنەکان و کەسایەتییەکان راستگۆیانە بیر لەو وشەی پشتیوانییە بکەنەوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی ناوخۆ کە بەریەککەوتنەکە راستەوخۆیە، دەنا ئەوانەی دەرەوە مامەڵەیان لەگەڵ عیراقدایە وەک دەوڵەت و کێ پۆستەکە بباتەوە کڵێشەی ئامادەیان هەیە و لە رێچکە دیپلۆماسییەکانیانەوە تەنها بۆشایی ناوەکە پڕدەکەنەوە، بەڵام رەنگە لەسەر ئاستە ناوخۆییەکە جیاواز بێت بۆ وڵاتێکی وەک عیراق، بەپێی ململانێ سیاسیی و تایفی و نەتەوەییەکان. 

ساڵ بەساڵ و کابینە بە کابینە کێشەکان زیاتر کەڵەکە بوون و چارەسەریان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر چووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی هەموو کابینەیەکیشدا هەمان ئەم پیرۆزبایی و پشتیوانیانە بە گەرمی دووبارە دەبنەوە

قسەم لەسەر بەشەکەی کوردە
هەرێم و بە‌غدا لەڕێی دەستوورێکەوە پەیوەندییەکانیان رێکخراوە کە بڕیار وابوو لە دوای 2005 وە پێکهێنانی یەکەم حکومەتی فیدراڵیی لە دوای نووسینەوەی دەستوورەوە، ئەو دەستوورە داوەر بێت لە نێوانیاندا، بەڵام ساڵ بەساڵ و کابینە بە کابینە کێشەکان زیاتر کەڵەکە بوون و چارەسەریان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر چووە، بەڵام لە هەڵبژاردنی هەموو کابینەیەکیشدا هەمان ئەم پیرۆزبایی و پشتیوانیانە بە گەرمی دووبارە دەبنەوە، چ لە بەغداوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەکانی هەرێم و چ لە هەرێمەوە بۆ بەغدا، هەردوولاش هیوای ئەوە دەخوازن کە کێشەکانی نێوانیان لەگەڵ کابینەی نوێدا چارەسەر ببن!

کۆتایی موجامەلەی سیاسی 
دیارە پیرۆزبایی و پشتیوانییەکە عورفێکی سیاسی و ئیدارییە و قسەیەکمان لەوبارەیەوە نییە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئەو موجامەلە سیاسییە هیچ لێکەوتەیەکی پۆزەتیڤی نە بۆسەر بژێویی هاووڵاتی و سەقامگیریی وڵات و هەرێم دەبێت و نە هی عیراق بۆسەر هەرێم، بۆیە دەکرێت ئەو موجامەلە سیاسییانە لە قاڵبی موجامەلە بهێننە دەرەوە و هەردوولا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرە جدییەکان بدەن بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان کە بەشێکیان بە دروستکردنی ژووری دووەمی پەرلەمان کە ئەنجومەنی فیدراڵییە چارەسەر دەبێت، بەشێکیشیان بە یاسابەندی (تەقنین)کردنی بڕگە و مادەکانی دەستوور چارەسەر دەبێت بەتایبەتی یاسای نەوت و غاز و یاسای دانانی پیشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عیراق، بەشێکیشیان بە دانانی لیژنەیەکی هاوبەشی هەمیشەیی حکومی بۆ بەدواداچوونی چۆنێتی جێبەجێکردنی بڕیار و یاسا و رێساکان جێبەجێ دەبن، بەشە هەرە سەرەکییەکەش پابەندبوونی هەردوولایە بە ماف و دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمەوە، چونکە ئەوانەی ئاماژەمان پێدان هیچیان بە هیوا خواستن و موجامەلە  نایەنەدی، بەڵکو بە خوێندنەوەی واقیعی عیراق دەبێت لە رووی دەستووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی،  ئابووریی، سەربازیی و کاریگەرییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانەوە دێتەدی، ئەگەرنا پیرۆزبایی و موجامەلە هیچ لە دۆخی رابردوو و هەنووکەیی ناگۆڕێت.

وتارەکانی نوسەر