مشەخۆر

10:40 - 2022-10-30
رۆزا دڵشاد مەریوانی
724 خوێندراوەتەوە

رەنگە زۆرێک لە عاشقانی فیلمە سینەماییەکان فیلمی parasite واتا مشەخۆر-یان بینیبێت کە فیلمێکی کۆریای باشوور بوو بە زمانی کۆری دەدوێت و ساڵی 2020 خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلم وەرگرت جگە لە سێ خەڵاتی دیکە، ئەو فیلمە هەنگاوێکی گەورەی دا بە بەرهەمهێنانی سینەما لە کۆریای باشوور، چونکە پێش ئەوە هیچ فیلمێک نەبووە بە زمانێکی دیکە جگە لە ئینگلیزی بدوێت و ئەو خەڵاتە سەرەکییە وەربگرێت، بێگومان لێرەدا باسەکەم لەسەر خەڵاتەکە نییە هەروەها نامەوێت رووداوەکانی ئەو فیلمە بسووتێنم بۆ کەسێک هێشتا تەماشای نەکردبێت.
من هەر ئەو ساڵە تەماشای ئەو فیلمەم کرد و لە راستیدا یەکەمجارم بوو تەماشای فیلمێکی کۆری بکەم بە ژێرنووسەوە ئەو کاتە کەمێک قورس و نوێ بوو بۆ من، بەهەرحاڵ دوای ئەو فیلمە کۆمەڵێک فیلمی کۆری جگە لە دراماکانم تەماشا کردووە و بەردەوام تەماشایان دەکەم، لە دوای ئەو فیلمەوە بۆم دەرکەوت کۆریای باشوور چ توانا و داهێنانێکی گەورەیان هەیە لە بواری بەرهەمهێنانی سینەما و تەلەفزیۆندا، جگە لە توانای ئەکتەرەکانیان لە نواندندا بەوەی بتوانن بەبێ بەکارهێنانی گرتەی سێکسی ناشیرین سەرنجی بینەر رابکێشن، بەڕاستی وەکو بینەرێک کە خولیام تەماشاکردنی فیلم و درامای بەهێزە سەرم سوڕما لەو هونەرە جوانەی لەو فیلمەدا پێشکەش کراوە، رەنگە وابزانن وەکو زۆرێک لەو فیلمانەی خەڵاتی ئۆسکاریان وەرگرتووە فیلمەکە باسی خۆشەویستییەکی مەزن یان چیرۆکی راستەقینە و جەنگ یان فەنتازیایە، نەخێر جوانی ئەو فیلمە لەوەدایە زۆر سادەیە و باس لە ناشیرینییەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و جیاوازی چینایەتی لە وڵاتێکی پێشکەوتوو خاوەن ئابوری بەهێزی وەکو کۆریای باشوور دەکات، بەڵام جوانییەکەی لەوەدایە ئەو مەسەلە گەورانە زۆر بە سادەیی و پڕ مانا لە رێگەی دوو خێزانەوە پێشکەش دەکات یەکێکیان زۆر دەوڵەمەند و ئەوی دیکەیان زۆر هەژار، بەڵام خاوەن توانا و زیرەکی، رەنگە ئەگەر بینەرێک خاوەنی باکگراوندێکی رۆشنبیری نەبێت لێی تێنەگات، لەم فیلمەدا هەژارەکە تەنیا دەیەوێت وەکو مشەخۆرێک لەسەر بەرماوەی خێزانێکی دەوڵەمەند بژی، بەڵام تەنانەت ئەوەش خەونێکە بۆ خێزانە هەژارەکە. ئەگەر بتوانم جارێکی دیکە دوای ئەو چەند ساڵە تەماشای ئەو فیلمە دەکەمەوە، بەڵام ئەوەندە کاریگەرە کاتێک فیلمەکە تەواو دەکەیت هەست دەکەیت تۆش وەکو پاڵەوانە هەژارەکانی فیلمەکە بۆنێکی تایبەتیت لێدێت! بۆنێک روون نابێتەوە بۆنی پیسی و کەڕووە یان دەرهێنەر وەکو ئاماژەیەک بەکاریهێناوە و ئەوە بۆنی هەژارییە! هەژارییەک ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی دروستی دەکات و چەندە خۆت بگۆڕیت و خۆت رێکپۆش بکەیت لێت نابێتەوە.   

وتارەکانی نوسەر