وێنەم مەگرە

10:02 - 2022-10-31
کەنار قاسم
470 خوێندراوەتەوە

منداڵێک کە دەبێت قبووڵ بکات وێنەی بگیرێت کاتێک یارمەتی وەردەگرێت، هەست دەکات لەبەردەم کامێراکاندا مرۆڤایەتی  لێسەندراوەتەوە، هەژاری و پێداویستییەکانی وا دەکات زەلیلبوون قبووڵ بکات، هەست بە شەرم دەکات، بەڵام بێدەنگ دەبێت وێنەکە دەگرێت چونکە ژیانی سەختە.
رۆژانە وێنەیەکی زۆرمان پیشاندەدەن لە تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیاکانەوە دەبنە هۆکاری تووڕەبوونی خەڵک، یان وێنە و ڤیدیۆی گەیاندنی کۆمەکی داراییمان  نیشاندەدەن بۆ سوودی دەزگا و کۆمەڵەکان کە  ئەمە سووکایەتیکردنە بە کەرامەتی مرۆڤەکان  و رۆح  ئازار دەدەن. دیمەنەکان وا دەکەن لە هەمان کاتدا هەست بە بەزەیی و ناڕەزایی بکەیت، بەزەیی بۆ ئەو کەسانەی ژیان غەدری لێکردوون، ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر کۆمەڵگەیەکی بێباک و رووخێنەر هەروەها ئەو حاکمانەی تەنها خەمی دەسەڵات و کورسییانە.
 ئایا بۆ ساتێک بیرمان لە بارودۆخی ئەم خەڵکە هەژارانە کردۆتەوە و خۆمان لە جێگای ئەم منداڵانەدا داناوە، یارمەتی و هاوکاری وەربگریت بەو مەرجەی بە زەلیلی  وێنەت بگرن!
ئەی کە گەورە بوویت و ئەو وێنەیە لە ئەرشیفی رێکخراوێکی خێرخوازی یان پەیج و وێب سایتەکاندا ببینیت؟ 
یان چی دەبێت ئەگەر دامەزراوەکە یان رێخراوەکە شێوازێکی مارکێتینگی داهێنا و وێنەکەت بخاتە سەر جانتای قوتابخانە یان لەسەر پۆستەری ریکلام بۆ بەخشین و بەبازاڕکردن لە شەقامەکاندا؟
ئایا مەعقولە ئێمە لە سەدەی بیست و یەکداین، دەبینین منداڵان لێت دەپاڕێنەوە تەنانەت یەک بنێشتیان لێبکڕیت بۆ ئەوەی ئەوەی برسێتییان پڕ بکاتەوە ؟
ئایا مەعقولە پیاو و پیرەمێرد ببینین لەسەر دۆشەکی دڕاو لە ژێر پرد و پرد و لەناو کیسەی زبڵدا بخەون؟
ئەمە دەگونجێت لە کاتێکدا ئێمەی کورد گۆرانی لەسەر بەخشندەیی و میوانداریی و جوانی و دڵی دایکانە دەڵێین ؟
ئێمە لە کوێی ئەو مافە مرۆییە مسۆگەرکراوانەی کە لە کۆنفرانس و دامەزراوە و وتار و دروشمەکانماندا قسەی لەسەر دەکەین؟
 مەرجی وێنەگرتن وایکردووە زۆرێک لە کەسانی بێدەرامەت نەتوانن بچنە هیچ کام لەو دامەزراوانە تا هاوکاری بکرێت تا کەرامەتی نەڕوشێت، سەرەڕای پێویستییەکی زۆریان بەو هاوکارییانە.
 پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەم دیاردەیە بدۆزرێتەوە، چونکە ئەمە بە پێشێلکردنی ئاشکرای کەرامەت و مافی هەژاران دادەنرێت.
دەبێت رێگەی دیکە پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بگاتە خەڵک. پێویستە دەروونناسەکان وەک راپرسییەک توێژینەوە لەسەر ئەم دیاردەیە بکەن و شیکاری بکەن، بۆ کۆتایی هێنان بەم دیاردەیە.
پێویستە هەموو کەسێک ئاگاداری ئەوە بێت کە خواردن پێدانیان، پۆشینی جلوبەرگیان، دابینکردنی بەتانییان، یان تەنانەت دۆزینەوەی شوێنی حەوانەوە بۆیان، چارەسەرێکی کاتییە هاوشێوەی دەرمانی هێورکەرەوەیە، نرخی ئەمانە هەندێک لەو وێنانەیە کە لە لایەن کامێراکانەوە گیراون بۆ ئەوەی بڵێن کێشەکە بە دەستی ئەو دەزگایانە کۆتایی هاتووە.
ئەم  جۆرە کۆمەکانە بە دارایی و بە هەر جۆرێک، بڵاوکردنەوەیان لە میدیاکاندا لە پێناو ناوبانگدا شایستەی کەرامەتی مرۆڤ نییە.

وتارەکانی نوسەر