وردتر

هەڵدانەوەی دۆسێی زیندانیانی بادینان

09:50 - 2022-11-01
لەشکر حەمە ساڵح
406 خوێندراوەتەوە

بەشێك لە زیندانیانی بادینان لە كووچی زیندانی هەولێرەوە داوا دەكەن پێداچوونەوە بە دۆسێكەیاندا بكرێت و دوای تەواوبوونی ماوەی حوكمەكەشیان ئازاد بكرێن، داواش دەكەن هەم خۆیان و هەمیش دۆسێكانیان لە هەولێر و دادگا و زیندانەكانی ئەو شارەوە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی. 
ئەمە پێشهاتێكی نوێی دۆسێی زیندانیانی بادینانە كە ماوەیەكی زۆرە لە زیندان توند كراون، كە ئەوسا و ئێستاش دۆسێكەیان هەر دۆسێیەكی گەرم و گرنگ و هەستیارە و بووەتە مایەی گلەیی و ناڕەزاییەكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی، تەنانەت وڵاتانی وەك ئەمریكا و ئەڵمانیا و هی تریش بەڕوونی و ئاشكرایی و لە كاتی خۆیدا نیگەرانی خۆیان دەربڕیووە و كارێكی ناڕەوای لەو جۆرەیان رەتكردۆتەوە. ئەم داوایەش جارێكی تر ئەم دۆسێیە هەڵدەداتەوە و لەسەر چاودێران و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش پێویستە بەدواداچوونی زیاتر بكەن، هەروەك پێویستیشە حكومەتی هەرێم و دەزگا بەرپرسەكان روونكردنەوەی پێویست بدەن.
لە راستیدا، دۆسێی زیندانیانی بادینان دۆسێیەكی داخراو نییە تا جارێكی تر هەڵبدرێتەوە، بەڵكو دۆسێیەكی هەمیشە كراوەیە تا ئەو كاتەی ئەو زوڵمەی سەر ئەو كەسانە هەڵدەگیرێت و قەرەبووی تێپەڕینی تەمەن و سزادانیان وەردەگرنەوە. بەڵام بۆچی ئەم دۆسێیانە ئێستا پێویستیان بە وروژاندنەوە و هەڵدانەوەی هەیە؟ ئایا چ پێشهاتێك هەیە و چی وایكردووە بەشێكی زۆری چاودێران، تەنانەت یەكێك لە پارێزەرەكانیشیان بەئاشكرا و بەڕوونی باسی ئەو زوڵم و زۆرە دەكرێت كە بەردەوام لێیان دەكرێت؟ ئەی ئەو زانیاریانەی بەشێك لە میدیاكان بڵاویدەكەنەوە كە گوایە یەكێك لە زیندانییەكان لە زیندان نەماوە و ئێستا بێ سەروشوێنە! ئەو زانیاریانە بۆچی پشتڕاست ناكرێنەوە یان رەتناكرێنەوە!؟
ئەم پێشهاتانە لە كاتێكدایە كە زیندانی ئەو كاتەی حكومەكەی (ئەگەرچی ناڕەوا و ناهەقیش بێت) پێویستە دەستبەجێ ئازاد بكرێت، بەڵام بۆچی زیندانیانی بادینان ئازاد ناكرێن؟ تەنانەت هەقی چاودێرانە ئەو پرسیارە رووبەڕووی حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی باڵا بكرێت كە بۆچی دۆسێیەكی لەو جۆرە ئەوەندە ئاڵۆزكێنراوە و تێكەڵاوی پرسی سیاسی كراوە؛ تەنانەت وا دەردەكەوێت پرسی زیندانیانی بادینان وەك دۆسێی كەللەڕەقی تەماشا بكرێت!
كاتێك بەئەنقەست و بەناڕەوا دۆسێی مەترسیداری وەك دۆسێی زیندانیانی بادینان بۆ هەندێك هاووڵاتیی خۆت دەكەیتەوە، جێگەی هەڵوەستە و نیگەرانییە، ئەوەی نیگەرانییەكانی خەڵك و چاودێرانیش زیاتر دەكات ئەو زانیاری و بابەتانەیە كە دزە دەكەنە میدیاكانەوە و باسی مامەڵەی خراپ و دۆخی نەخوازراو دەكەن، لەوەش ناڕەواتر و مایەی شەرمتر ئەوەیە كە زیندانییەكان، داوا بكەن شوێنی زیندانیكردنی خۆیان هەر لەناو هەرێمدا لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر بگوازنەوە! پێویستە بەرپرسانی ئەم دۆسێیە و حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی گشتی وەڵامی دەستبەجێ و خێرای ئەم دۆسێیە و پێشهاتەكانی بدەنەوە. كاتێك زیندانییەكان داوای گواستنەوەی خۆیان و دۆسێكانیان دەكەن بۆچی بێ سەروشوێن دەكرێن؟ داوایەكی لەو جۆرە مایەی هەڵوەستەكردن و وەڵامدانەوەیە نەك مامەڵەی رەقتر و توندتر و تەنانەت زیادكردنی ئەو زوڵم و زۆرەی ماوەیەكی زۆرە لەسەر ئەو هاووڵاتییە زوڵملێكراوانەی هەرێمە.  

وتارەکانی نوسەر