کۆمەڵگە تاکڕەوی پەسەند ناکات

09:52 - 2022-11-01
حەسەن ئیبراهیم
271 خوێندراوەتەوە

مەترسییەکان لەسەر ئازادی رادەربڕین و بەرگریکردن لە کەرامەتی ئینسان و شکۆی مرۆڤ بەرەو پێش دەچن، تاک و کۆمەڵگە بەرەو لێکترازان و توندوتیژی و دواکەوتن هەنگاو دەنێت

بیرکردنەوە و بڕیاردان بە ئەجێندا و عەقڵیەتی تاکبیری و بەردەوام بوون لەسەر ئەو عەقڵیەتە، بەدڵنیاییەوە شیرازەی تاک و کۆمەڵگە بەرەو دابەش بوون و ئیفلیج بوون و داڕمان دەبات، ئەنجام و دەرەنجامەکان ئەوەمان پێدەڵێن غروربوون و لووت بەرزی لەسەر عەقڵیەتی تاکڕەوی، جوانییەکانی ژیان و تەبایی ناو ماڵی کورد و خۆشەویستی و برایەتی لە نێوان چین و توێژەکاندا دەسڕێتەوە. 
مەترسییەکان لەسەر ئازادی رادەربڕین و بەرگریکردن لە کەرامەتی ئینسان و شکۆی مرۆڤ بەرەو پێش دەچن، تاک و کۆمەڵگە بەرەو لێکترازان و توندوتیژی و دواکەوتن هەنگاو دەنێت. 
ئەو جۆرە لەبیرکردنەوە دەمێکە لە دونیای رۆشنگەری و لە دونیای مۆدێرن مۆدیلی بەسەر چووە و گوێگر و لایەنگر و جەماوەری نەماوە. دیدەن و گەڕی سەردانەکانی شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆلای لایەنە سیاسییەکان و گەیاندنی پەیامی یەکێتی و هەڵوێستەی یەکێتی لەسەر مەترسییەکانی بڕیاری تاکڕەوی لەکوردستان، کە پارتی بێگەڕانەوە و راوێژ بە لایەنە سیاسییەکان بە عەقڵیەتی تاکڕەوی بەردەوامە لەسەر بەرجەستەکردنی بەرژەوەندییە خودییەکانی و قۆڕخکای و ناعەدالەتی لە کۆمەڵگەدا.
 ئەوەی پارتی ویستی لەسەر بێت و بییەوێت دەبێت ئەوە ببێت، بەنموونە بە رەش بڵێین سپی و بەسپی بڵێین رەشە، بە راستی بڵێین درۆ بە درۆ بڵێین راستە، بە کورتی و بە پوختی هەرچی پارتی پێی خۆش بێت و لە بەرژەوەندی دا بێت ئێمەمانان دەبێت پێشوازی لێبکەین و چەپڵەی توندی بۆ لێبدەین، بە پێچەوانەوە هەرچی لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی تاک و کۆمەڵگەشدا بێت دژی دەوەستێتەوە و بە مەترسی دەزانێت لەسەر خۆی.
وەلێ پارتی تا هەنووکە بەردەوامە لەسەر ئەوعەقڵیەتە دیماگۆجی و تاکڕەوییە، چونکە باکی بەوە نییە تاک و هاونیشتیمانییەکانی چۆن دەژین و چۆن بیر دەکەنەوە و چۆن بڕیار دەدەن و رووبەڕووی چ کارەسات و فۆبیایەک دەبنەوە، بە لای پارتییەوە گرنگ ئەوەیە هەر بە برا گەورەیی بمێنێتەوە و وەکو تاقانەی نیشتمان وێنای بکەین. 
لەم رووەوە، یەکێتی هەرگیز سازش ناکات لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی گەل و رێگا نادات کۆمەڵگە لە سایەی بیرکردنەوە و عەقڵیەتێکی تاکڕەوی زاڵبێت بەسەر عەقڵییەتێکی فرەبیریدا، چونکە عەقڵییەتی تاکڕەوی مەترسییە بۆ ئایندەی تاک و نیشتمان، مەترسییە بۆ نەوەی داهاتوومان و پێشکەوتنی ووڵاتەکەمان، یەکێتی لەگەڵ ئەوەدانییە یاری بە چارەنووسی میللەتەکەی بکرێت و بە میزاجی پارتێکی سیاسی چییان بوێت ئەوە بکەن لەکۆمەڵگەدا. 
یەکێتی وەکو حزبێکی ئازاد و سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی میللەت بەردەوامە لەپێناوی جوانییەکانی ژیان دۆستی مرۆڤ دۆستی و دژی عەقڵییەتی تاکڕەوییە لەکۆمەڵگەدا، چونکە قۆرخکاری و زاڵبوون و چەسپاندنی عەقڵییەتی تاکڕەوی لە کوردستان خەونی کابووسە.

وتارەکانی نوسەر