دەستەواژەی بەهاری عەرەبی دەستەواژەیەک بوو وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاری لە کەنەداو، بەهار بە مانای نوێبوونەوە و گۆڕانکاری دێت، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان و ئەو وڵاتانەی پڕیشکی ئاگرەکەیان بەرکەوت، بەراوردێک بکەین لە نێوان دۆخی ژیانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەی بەهاری عەرەبی رووی تێکردن، پێش و دوای سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان.
تونس و بەهاری عەرەبی
بڵێسەی بەهاری عەرەبی لە کۆتایی ساڵی 2010 لە تونسەوە سەریهەڵدا، کاتێک یەکێک لە گەنجەکانی تونس بە ناوی (محەمەد بوعەزیزی) گڕی بەردایە جەستەی خۆی وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر سەختی دۆخی ئابووری ژیانی و رێگەنەدانی هێزە ئەمنییەکانی تونس بۆ پەیداکردنی بژێوی رۆژانەی،
ئەمەش بووە مایەی سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکی توند لەو وڵاتە و چەندین وڵاتی عەرەبی دیکەدا، سەرەتا تونس بوو بە گۆڕەپانی یەکەم گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، دوای ئەوەی بوعەزیزی گیانی لەدەستدا، ناڕەزاییەکان زۆر زیاتربوون و لە سەرانسەری تونس تەقینەوە و پێکدادانی توند لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەراندا روویدا.
دوای لەدەست دەرچوونی دۆخی وڵات بەناچاری سەرۆکی تونس (زەین ئەلعابدین بن عەلی) لەگەڵ خێزانەکەی هەڵاتن و داوایان لە چەندین وڵات کرد پەنایان بدات، بەڵام لە ترسی تەقینەوەی جەماوەریی لە وڵاتەکانیان، داواکەی بن عەلی لەلایەن ئەو وڵاتانەوە رەتکرایەوە، دواجار لە سعودیە گیرسانەوە و تا مردنی.
ئەوەی گەلی تونس چاوەڕێی بوو بۆ گۆڕانکاری لە رووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەدی نەهات، ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ژیانی تونسییەکاندا رووی نەداوە، راستە دۆخی ئەمنی و سیاسی تاڕادەیەک بەراورد بەو وڵاتانەی کە بەهاری عەرەبی گرتنیەوە ئارامترە، بەڵام شتێکی ئەوتۆ نییە و بگرە لەڕووی ئابوورییەوە خراپتریشە.
میسر و بەهاری عەرەبی
دوای تونس یەکێکی تر لەو وڵاتانەی رووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایی دانیشتوانەکەی بۆوە، میسربوو، خاڵێکی جیاواز لە ناڕەزاییەکانی میسریش ئەوەبوو، کە ئەوانەی دەستی باڵایان هەبوو لە هاندان و جووڵانی شەقامی میسردا ئیخوانەکان بوون، دوای دوو هەفتە لە سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان، بەتایبەتی لە قاهیرەی پایتەخت ناڕەزاییەکان زۆر تەشەنەی کرد، سەرۆکی میسر (محەمەد حوسنی موبارەک) بە ناچاری دوای 30 ساڵ مانەوەی لە هەڕەمی دەسەڵاتدا دەستی لەکارکێشایەوە، دادگا لە ساڵی (2011) موبارەکی بەوە تۆمەتبار کرد کە فەرمانی کردووە بە کوشتنی خۆپێشاندەران و سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی بەسەردا سەپاند، دوای شەش ساڵ مانەوەی لە زیندان، دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری دا دۆسێکە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و دواجار بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرچوو و ئازاد کرا.
ئەرشیف- بەهاری عەرەبی ئەنجامێکی باشی نەبوو
ئیخوانییەکان ویستیان دەرفەتەکە بەکاربهێنن و شەڕی گەورەیان بۆ ئەوەبوو دەسەڵات بگرنەدەست، دواجار توانیان دەسەڵات وەرگرن و محەمەد مورسی لە ساڵی 2013 گەیشتە هەڕەمی دەسەڵات، بەڵام تەمەنی مورسی لە دەسەڵات کەم بوو، بەهۆی پڕۆژەیەکی دەستوورەوە کە ئامادەیکرد بۆ ریفراندۆم، بەشێکی زۆری میسرییەکان لە دژی وەستانەوە و بەو هۆیەشەوە سوپای ئەو وڵاتە کودەتای بەسەردا کرد و لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی-ی سەرۆکی ئێستا و وەزیری بەرگریی ئەوکاتەوە لە دەسەڵات لادراو خرایە زیندانەوە و ساڵی 2019 لە زینداندا گیانی لەدەستدا.
دوای کودەتاکە و چەند گۆڕانکارییەک، عەبدولفەتاح سیسی دەسەڵاتی گرتە دەست و تا ئەم کاتە بەردەوامە، بە هەمان شێوەی تونسییەکان، میسرییەکانیش هیچ بەرهەمێکی ناڕەزاییەکانیان نەچنییەوە و گۆڕانکارییەکی جەوهەریی لە وڵاتەکەیان رووی نەدا.
لیبیا و بەهاری عەرەبی
یەکێکی تر لەو وڵاتانەی پڕیشکی ئاگرەکەی تونسی بەرکەوت لیبیا بوو، لیبیا وڵاتێکی عەرەبییە لە کیشوەری ئەفریقا، ئەوکاتەی ناڕەزاییەکان لە لیبیا بەرپابوون، قەزافی سەرۆکایەتی لیبیای دەکرد، تەنانەت خۆی وەک پاشای هەموو ئەفریقا دەناساند، دوای سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان لە لیبیا وڵات بەرەو شەڕێکی سەختی ناوخۆیی رۆیشت و ئەوانەی ناویان لەخۆیان نابوو دەستەی شۆڕشگێڕان، توانیان لە روبەڕوبوونەوەیەکدا قەزافی بە برینداری بگرن و دواتر بیکوژن، هەرچەندە ئاماژە بەوە کراوە کە قەزافی لە رێگەی فڕۆکەکانی ناتۆوە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی کراوەتە ئامانج، سەرەنجام دوای 40 ساڵ بەردەوامی لە هەڕەمی دەسەڵاتی لیبیا، کۆتایی بە فەرمانڕەواییەکەی قەزافی هات، بەڵام گەلی لیبیاش نەک هەر بەرهەمی ئەوەیان نەچنیەوە کە بۆی هاتنە سەر شەقام، بەڵکو ئێستا لیبیا بۆتە وڵاتێکی نائارام و ناسەقامگیر و دابەشبوونی کانتۆن و چەند شەڕێکی ناوخۆییشی بەخۆوە بینیوە کە تائێستا بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە، ئەوە جگە لە دۆخە ئابوورییەکەی کە چەند قات خراپتر بووە.
یەمەن و بەهاری عەرەبی
یەمەنیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە پڕیشکی بەهاری عەرەبی گەیشتێ، دوای رژانە سەر شەقامی دانیشتوانی یەمەن، گرژییەکان رۆژ بە رۆژ زیاتربوون، تا کار گەیشتە ئەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لەلایەن یەمەنییەکانەوە کوژرا، کە بۆ ماوەی 33 ساڵ فەڕمانڕەوایی یەمەنییەکان بوو، دۆخی یەمەن لە دوای کوژرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، هیچ ئارامییەکی بەخۆوە نەبینیوە، ئێستا یەمەن بۆتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان خودی یەمەنییەکان و جەمسەرە ئیقلیمییەکان، لە نێوان حوسییە شیعەکان و سوننەکانی کە وەک حکومەتی یەمەن کە لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە شەرعییەتی پێدراوە.
دۆخی ئێستای یەمەنیش زۆر ئاڵۆزتربووە، بەراورد بە سەردەمی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، ژیانی یەمەنییەکان لەوپەڕی ترس و نائارامیدایە و وڵات بەرەو دابەشبوونی تەواوەتی چووە.
سوریا و بەهاری عەرەبی
سوریاش یەکێکی ترە لەو وڵاتانەی لە رووداوەکانی بەهاری عەرەبی بێبەش نەبوو، ئەگەرچی کەمێک خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە دواکەوت بۆ 15 ئازاری ساڵی 2011، بەڵام کە لە شاری دەرعاوە بەشیر ئەبا زەید، لەگەڵ چەند هاوەڵێکیدا لەسەر دیوار نووسیان کاتی ئەوە هاتووە تۆش بڕۆێت، وەک ئاماژەیەک بۆ بەشار ئەسەد، ئیتر لەوێوە هێزە ئەمنییەکان دەیان بینن و دەیانگرن و نینۆکەکانی بەشیر دەردەهێنن و هاوەڵەکانیشی زۆر بەتوندی ئازاردران، پاش ماوەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوە دروست بوو، گرژی و ئاڵۆزی سەرانسەری سوریاشی گرتەوە، لەوکاتەوە تائێستا سوریا ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەجۆرێک سوریا بەتەواوەتی دابەشبووە، هێزەکانی ئەسەد پایتەخت و چەند ناوچەیەکیان بەدەستەوە ماوە، هێزە کوردییەکان ناوچەکانی خۆیان بەدەستەوەیە، گروپەکانی سەربە تورکیا چەند ناوچەیەکیان بەدەستەوەیە، ئێستا سوریا بۆتە ناوچەیەکی تەواو نائارام و مۆڵگەیەکی گەورەی پاشماوەکانی داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە، هەندێک لە وڵاتانی وەک ئێران و روسیا پشتگیریی لە بەشار ئەسەد دەکەن دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە. گەلی سوریاش نەک رزگاریان نەبوو لەو دەسەڵاتە، بگرە زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوت، وڵاتەکەیان لەزۆر رووەوە وێران بووە و هیچ سەروەرییەکی نەماوە و بۆتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان و جەمسەربەندییە جیاجیاکان.
دەرەنجام
ئەوەی لەو پێنج وڵاتە روویدا بە ناوی بەهاری عەرەبی-یەوە، نەک بەهاری بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتانە نەهێنا، بگرە بوو بە پایزێکی پێشبینی نەکراو بۆیان، کە زۆربەیان لەو هەوڵەیان پەشیمانن کە ویستیان دۆخی وڵاتەکانیان بگۆڕن، ئەوەش وایکرد زۆرێک لە دانیشتوانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش کە ئاواتەخوازبوون هەمان بزووتنەوەی ناڕەزایی بەرپابکەن لە وڵاتەکانیان و ئامادەکارییان بۆ دەکرد، بەڵام کە دەرەنجامی ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتانەیان بینی، ساردبوونەوە و ژیانیان بەو جۆرە لەو پاشاگەردانییە پێ باشتربوو لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکانیان، لەوەی دۆخی ئەوانیش بەرەو ئەو ئاقارە نادیارەی ئەو وڵاتانە بڕوات.
راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و چاودێرانی سیاسی ئاماژەیان بەوە کردووە زیانەکانی بەهاری عەرەبی لە ناوچەکە، کوژرانی 600 هەزار کەس و زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلاربووە لەو وڵاتانە، زیاتر لەو بڕەشی پێویستە بۆ بنیاتنانەوە، بەهاری عەرەبیش جگە لە درووخستنەوەی چەند دەموچاوێک بە دەموچاوی تر، هیچی تری لێ سەوز نەبوو، ئەمە چ جای ئەوەی بووە مایەی بێ هیواکردنی گەلانی تری ناوچەکەش، لەوەی هەمان رێچکە بگرن، ئەو راستیەشی سەلماند کە شۆڕش لە وڵاتە عەرەبییەکان و بەشێکی تری ناوچەکەش، هیچ کاتێک دەرەنجامی باشی نابێت، بۆ گەلانی ئەو وڵاتانە، چەندین نموونەش هەن کە پاش ئەوەی سیستمی چەند وڵاتێک گۆڕاوە، ئەو دروشمانەی بەر لە شۆڕش بەرزکراونەتەوە دواتر تەنها وەک دروشم مانەوە و ئەوانەی هاتنە سەر دەسەڵاتیش پاش ماوەیەک بوونە کۆپیی هەمان دەسەڵاتی پێش خۆیان، بەکەمێک جیاوازیی بچووکەوە.