‎ وتارەکەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، وەک پەیامێکی بەرپرسیارانە

12:07 - 2023-12-14
سەروەر کەمال رەسوڵ
473 خوێندراوەتەوە

سەروەر کەمال رەسوڵ
 
‎لە شاری سلێمانی، لە مەراسیمێکی شایستەدا ساڵیادی شەهیدی فەرماندە ئاکام عومەر بەرز راگیرا، ئاکام یەکێک بوو لە فەرماندە تازە پێگەیشتووەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە رۆڵێکی گەورەی گێڕا لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش، فەرماندە ئاکام دوایین رۆژەکانی تەمەنی لە پارێزگاریکردن لە کوردستان بەڕێکرد و هەر لەو پێناوەشدا گیانی خۆی بەختکرد.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد، رۆڵ و پێگەی شەهید ئاکامی بۆ هەموان روونکردەوە.
‎ئەوەی جێگای سەرنجبوو لە وتەکەیدا، بەدەنگی بەرز و بە راشکاوی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بۆئەوەی دەرگای ئاشتی بەڕووی یەکتریدا بکەنەوە، ناکۆکییەکان وەلانێن، هەموو بەیەکەوە پێویستە بەرەنگاریی ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی تەواو بەرپرسیارانە بوو وەک سەرۆکی هێزێکی گەورەی عیراق و هەرێم، داوای ئەوە دەکات ئەو دۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە لە نێوان عیراق و هەرێمدا، پێویستی بە گیانی ئاشتەوایی و لێبووردنە و پێویستە  پێکەوە هەموو هێزەکان ئەو دۆخە تێپەڕێنن.
‎لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانەی دەستی ئاشتی و پێکەوەژیان رەتدەکەنەوە، دەبێت بەرپرسیارێتی دۆخە ناهەموارەکان و بارگرانییەکانی سەر شانی خەڵک لە ئەستۆ بگرن.
هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتی هیچ دەستپێشخەرییەکی ئاشتی رەتناکاتەوە، بۆ پێکەوە کارکردن و لە پێناوی تەبایی ریزەکانی کورددا ئامادەی قوربانیدانە، هەروەک چۆن لە سەردەمی سەرۆک مام جەلال-دا یەکێتی زۆر قوربانی دا لەپێناوی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورددا، هەر بەو جۆرە ئێستاش یەکێتی بۆئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بگەنە کەناری ئارامی و  خۆشگوزەرانی و تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، ئەوا یەکێتی ئامادەیە جارێکی تریش لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا قوربانی بدات.
‎دوورکەوتنەوە لە مێزی ئاشتی و پێکەوە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کۆمەڵانی خەڵکی  کوردستان، وا دەکات زۆربەی ئەو دەستکەوتانەی کە ماون بکەونە مەترسییەوە تا رادەی لەدەستچوون.
‎ئەوەی لەو وتارەدا ئاماژەی پێکرد، پەیامێکی تەواو خەمخۆرانە و بەرپرسیارانە بوو، ئەگەرنا یەکێتی وەک چۆن لە سەردەمی رژێمی رووخاودا توانی بەرامبەر یەکێک لە گەورە دیکتاتۆرەکانی مێژوو بجەنگێت، ئێستاش هەمان هێز و توانای هەیە بۆئەوەی بەرەنگاریی سەرجەم دوژمنانی کوردستان و یەکێتی ببێتەوە، چۆن لە رابردوودا خاوەنی سەدان فەرماندەی قارەمان بووە، ئێستاش خاوەنی سەدان فەرماندە و هەزاران پێشمەرگەی قارەمانە کە هەمیشە ئامادەی گیانفیدایین بۆ بەرگریی لە یەکێتی و کوردستان.

 

وتارەکانی نوسەر