جەنگی روسیا و ئۆکرانیا پێیناوەتە ساڵی سێیەمییەوە و تادێت پڕیشكی ئەو جەنگە زیاتر تەشەنە دەكات.
روسیا پلانی جەنگی لە ئۆكرانیا گۆڕیوە، لەماوەی دوو ھەفتەی رابردوو زۆرترین پێشڕەویی كردووە بەجۆرێك 360 كیلۆمەتری لەو وڵاتە كۆنترۆڵ كردووە لەماوەی ئەو دوو ھەفتەیەدا.
ئێستا روسیا بە بەشداریی زیاتر لە 50 ھەزار سەرباز پلانێكی نوێی لە ھەرێمی خاركێڤەوە بۆ ناوچەكانی تر دەستپێكردووە، بەجۆرێك لەو پلانە نوێیەدا روسیا جیاواز لە رابردوو سەرەتا ھێرش دەكاتە سەر ناوچەی نیشتەجێبوون و دواتر پێگە سەربازییەكانی ئۆکرانیا بۆردومان دەكات.
روسیا دەیەوێت لەرێگەی پلانی ھێرشكردنە سەر ناوچە مەدەنییەكانەوە، ناوچەكان لە خەڵك چۆڵ بكات و دواتر بە ھەر چەكێك بیەوێت ھێرش لە دژی سوپای روسیا دەستپێدەکات. لەو پلانەشدا روسیا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لە ھەرێمی خاركێڤ ئەو ناوچانەی مابوون دانیشتوانەكەی بەپەلە شوێنەكانیان چۆڵكرد، ئەوەش كارئاسانیی گەورەی بۆ سوپای روسیا دروستكرد و توانی پێنج شارۆچكەی ھەرێمی خاركێڤ كۆنتڕۆڵ بكات لەگەڵ چەندین گوندی ھەرێمەكە.
ھاوكارییەکان بۆ روسیا لە جەنگەکەدا
پلانێكی تری روسیا خۆنزیککردنەوەیە لە چین، ئەوەبوو كۆتایی ھەفتەی رابردوو ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا، سەردانی چینی كرد و ماوەی دوو رۆژ لەو وڵاتە مایەوە، ئامانجی سەرەكیی سەردانەکەش ھاوكاریی سەربازی و ئابووریی نێوان ھەردوو وڵات بوو بەتایبەتی لە جەنگی ئۆکرانیادا، كە ئەوروپا و ئەمریکا پێیانوایە هەڵوێستی چین روون نییە و ئەوەش وا لێکدەدەنەوە کە ناڕاستەوخۆ پشتگیریی بێت لە هەڵوێستەکانی روسیا.
سەردانەكە لەكاتێكدایە کە فەرەنسا و بریتانیا لە نوێترین بڕیاریانداوە چەند جۆرێک مووشەكی پێشكەوتوو بۆ ئوكرانیا بنێرن، ئەوەش كاردانەوەی گەورەی روسیای لێكەوتۆتەوە بەجۆرێك سەرۆكی روسیا بەرلە سەردانەکەی بۆ چین، ھۆشداریی دایە ئەو دوو وڵاتە و فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كرد کە ئامادەكاریی بۆ ھەموو ئەگەرێكی نەخوازراو بکەن بەجۆرێک ئەگەر دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزتریش بچێت.
یادهێنانەوەی سەرکەوتن بەسەر نازییەکاندا
جگەلەوەش ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا لە یادی ساڵڕۆژی سەركەوتنی وڵاتەکەی بەسەر نازییەكانی ئەڵمانیادا لە جەنگی دووەمی جیهاندا، ئاماژەی بەوە كرد كە ھیچ وڵاتێك توانای ھەڕەشەكردنی نییە لە گەورەترین وڵاتی خاوەن چەكی ئەتۆم!. روسیا لەو لێدوانەوە دەیەوێت پەیامێک بدات بەگوێی نەیارەکانیدا و دەشیەوێت بەرەی ھاوپەیمانەكانی فراوانتر بكات بەرامبەر بە ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی، بۆیە بۆ روسیا گرنگە كە بەرەی دژی ئەمریكا بەهێز و فراوانتر بێت، بەتایبەتی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست كە پێگەیەكی گەورە و ستراتیژیی جیھانە.
مۆسکۆ بە بێ راگەیاندن و بە ناڕاستەوخۆ پشتگیریی حەماس دەكات لە دژی ئیسرائیل، لێدوانەکانی بەرپرسانی روسیا و هەڵوێستەکانی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، ئاماژەن بۆ ئەو پشتگیرییە ناڕاستەوخۆیە، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانە نوێیەکەی روسیادایە لە هاوکێشەی جەنگی ئۆکرانیادا، تا جەنگ لە غەززە درێژە بكێشێت، ئەمریكا كەمتر دەیپەرژێتە سەر دۆسێی ئۆکرانیا، ئەوەش وردە وردە دوای جەنگی غەززە بە روونی ھەستی پێدەكرێت، بۆیە تائێستا هاوکێشەی هەردوو جەنگەکە ھیچ جۆرە ئاسۆیەکی ئاشتییان لێ بەدیناکرێت و واپێدەچێت وەک یەک پاکێج بخرێتە سەر مێزی دانوستان و ئاساییکردنەوە، یان هەردوو جەنگەکە بەم شێوەیەی ئێستا لەسەر حسابی مەینەتیی گەلانی هەرچوارلا (روسیا، ئۆکرانیا، فەلەستین و ئیسرائیل) بەردەوام بێت.
«مۆسکۆ ناڕاستەوخۆ پشتگیریی حەماس دەكات لە دژی ئیسرائیل و هەڵوێستەکانی روسیاش لە ئەنجومەنی ئاسایش لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، ئاماژەن بۆ ئەو پشتگیرییە ناڕاستەوخۆیە
وێرانبوونی ژێرخانی ئابووریی ئۆکرانیا
بەشێكی تر لە پلانی روسیا لەو جەنگەیدا لەگەڵ ئۆکرانیا، لێدانە لە تەواوی پێگە سترایژییەكانی و ژێرخانی ئابووریی ئۆکرانیا، لە ماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا روسیا چەندین وێستگەی سووتەمەنی و كارەبای ئۆکرانیای لە ھەرێمی خاركێڤ و دۆبلاست و كیێڤی پایتەختیش كردۆتە ئامانج، بەوەش دەیەوێت ھاووڵاتیانی ئۆکرانیا ناچار بکات بە تەواوەتی خاكی ئۆکرانیا چۆڵ بکەن، ھەربۆیە ژمارەی پەنابەرانی ئۆکرانیا لە وڵاتانی ئەوروپا زۆر زیادی كردووە، بەھۆی پێشڕەوییەكانی سوپای روسیاوە.
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چەند رۆژەی رابردوودا گەیشتە پایتەختی ئۆکرانیا و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبۆوە، بە مەبەستی تاوتوێكردنی ئەو پێشهاتە نوێیانەی ھاتوونەتە ئاراوە لە ئەنجامی گۆڕانی تەکتیک و تەکنیکی هێرشەکانی روسیا. بلینکن سەرکۆنەی ئەو جۆرە ھێرشانەی روسیای كرد كە دەست لە ھیچ ناپارێزن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان و وتی: «ئەوەش وامان لێدەكات بیر لە رێگەچارەی نوێ بكەینەوە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا»، ئێستا بەشێكی بەرچاو لە ھاووڵاتیانی ئۆکرانیا بەھۆی ھێرشەكانی روسیاوە بێ كارەبان، لە زۆر جێگەدا ھاووڵاتیان رووبەڕووی كەمیی خۆراكیش بوونەتەوە و چاویان لە ھاوكارییە نێودەوڵەتییەكانە. روسیاش بەردەوامە لە پێشڕەوییەكانی و ڤلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆكی ئۆکرانیاش هۆشداری دەداتە ئەوروپییەکان و دەڵێت: «روسیا بە كەوتنی وڵاتەكەی ئێمە راناوەستێت، بۆیە پێویستە ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانمان چیدیكە خەمساردی نەكەن بۆ یارمەتیدانمان.
دەست لە هیچ مەپارێزن
دوای سەردانە دوو رۆژییەكەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا بۆ چین، لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە چەندین ھێرش كرایە سەر پاڵاوگەکانی سوتەمەنیی روسیا و ھێرشەكە فڕۆكەخانەشی گرتەوە، دوابەدوای ھێرشەكان، سەرۆكی روسیا فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كرد كە دەست لە ھیچ شتێك مەپارێزن، دوای فەرمانەكەی سەرۆكی روسیاش، سوپای ئەو وڵاتە ھێرشێكی گەورە و بەرفراوانی لە ھەرێمی ئودیسیای ئۆکرانیا دەستپێكرد، لەو ھێرشەدا دەیان كەس كوژراون و دەیان بینای گەورەی نیشتەجێبوونیش خاپوور كراون لە رێگەی مووشەكی بالیستییەوە کە ھەزاران كەس بەپەلە ناوچەكانیان بەجێ دەھێڵن، ئەوەش پێدەچێت پلانە سەرەكییەكەی روسیا بێت بۆ كارئاسانی بۆ سوپای وڵاتەكەی.
بەرای شرۆڤەکارانی سەربازی و سیاسیش ئاماژەکان تا ئەم چرکەساتە پێمان دەڵێن: «رۆژانی داھاتوو ئۆکرانیا خاكی زۆر لەدەست دەدات و سوپای ئۆکرانیا بەھۆی كەمیی كەلوپەلی سەربازییەوە لە زۆر ناوچە پاشەكشەی گەورەیان کردووە و ئۆکرانیاش پێیوایە ئەگەر زلهێزەکانی خۆرئاوا و ناتۆ بەتایبەتی ئەمریکا بەو شێوەیەی ئێستا خەمساردانە هەنگاو بنێن ئەوا پێدەچێت زیاتریش لەوە پاشەکشە بکەن.
دووبارە جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لە ناوچە دوورە دەستەکانەوە گەڕایەوە ناو شارەکان