نیگەرانیی دواکەوتنی بەقەزابوونی حاجیاوا

10:24 - 2024-12-29
سەروەر کەمال رەسوڵ
235 خوێندراوەتەوە

حاجیاوا یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی ئیدارەی راپەڕین و هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتوانەکەی 68 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لە 21ی تەمووزی ساڵی 1999 بە ئیمزای سەرۆکی حکومەت، ئیدارەی سلێمانی، کۆسرەت رەسوڵ علی کرایە ناحیە.
شارەکە کەوتۆتە سەر رێڕەوێکی گرنگی بازرگانی، کە هێڵی حاجی ئۆمەران- سۆران -خۆشناوەتی بۆ سلێمانییە، دەکرێت سوودی گەورە لەو هێڵه بازرگانییە وەرگیرێت لە داهاتوودا، لە ئێستادا ژمارەیەک  مۆڵ و بینای بازرگانی لە شارەکە لە بواری جێ بەجێکردندان و لە داهاتوودا سەدان هەلی کار بۆ خەڵکی شارەکە دەڕەخسێنن و وادەکەن خەڵکی خۆشناوەتی و ئەو جێگایانەی نزیکن لە شارەکە، لە جیاتی ناوچەکانی تر رووبکەنە حاجیاوا، بۆ راییکردنی کار و پێداویستیەکانیان.
شارەکە ساڵ بە ساڵ رووی لە فراوانی کردووە، بە جۆرێک فراوانبوونەکەی لە ئاستێکی زۆر خێرادا بوو، ئەوەش وایکردووە شارەکە پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاتر بێت، بەراورد بە ناحییەکانی سنووری دەڤەری راپەرین ئاستی خزمەتگوزاری شارەکە باشترە، ئاستی گوزەرانی خەڵکەکەشی بەرزترە لە چاو بەشەکانی تری ئیدارەی راپەڕین، دوای فراوانبوونی شارەکەش خەڵک داوایکرد حاجیاوا لە ناحیەوە بکرێتە قەزا و بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک لە چین و توێژەکانی حاجیاوا، بەنوێنەرایەتی کۆی دانیشتوانی شارەکە دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی ئیمزاو کەمپین و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پاش هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر، خۆشبەختانە هەوڵەکان گەیشتنە ئەنجام، لە بەرواری (22/2/2022)، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی رەسمی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد، کە هیچ لارییەکیان نییە لەوەی حاجیاوا بکرێتە قەزاو هەموو مەرجەکانی بە قەزابوونی هەیە، لە بەراری (21/4/2022)  بە ژمارە (113) سەرۆکی حکومەتیش بڕیاری بە قەزابوونی حاجیاوای دەرکرد.
پاش زیاتر لە دوو ساڵ لەو بڕیارە، تا ئێستا حاجیاوا تەنها لەسەر کاغەز قەزایە و هەر مودیر ناحیەی هەیە و نوسراوی هەموو فەرمانگەکانی شارەکە هەر بە ناحیەی حاجیاوا ئاراستەی دامودەزگاکانی حکومەت دەکرێت، ئەوەش نیگەرانی زۆری درووست کردووە لای خەڵکی شارەکەو بۆتە مەتەڵ و بە تەنزەوە دەڵێن،  ناحیەی قەزای حاجیاوا.
 هۆکاری دانەنانی قایمقامیش بۆ شارەکە، پەیوەندی بەوەوە هەیە، پۆستی ناحیەکە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە و ئەو بزووتنەوەیە داوا دەکات، پۆستەکە بۆ ئەوان بێت، بەڵام یەکێتی بەوە رازی نییە و پێیوایە، ناکرێت پۆستێکی گرنگی ئاوا بدرێتە ئەوان. 
تا دێت نیگەرانیش زیاتر دەبێت لەناو خەڵکی شارەکە، چونکە لە ئەگەری دانانی کەسێک بۆ شارەکە وەک قایمقام بوودجەی شارەکە لەناحیەوە دەگۆڕێت و ئەوەش وا دەکات ئاستی خزمەتگوزاری بۆ شارەکە زیاتر و بەرزتر بێتەوە، شارەکەش بەرەو پێشتر بەرێت، بۆیە هەموو چین و توێژەکانی حاجیاوا، خوازیارن بڕیاری بە قەزابوونی شارەکەیان بەکرداری جێ بەجێ بکرێت و داوا لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەن فشارەکانی زیاتر بکات بۆ ئەوەی کەسێک بۆ شارەکە وەک قایمقام دابنرێت.

وتارەکانی نوسەر