قوباد تاڵەبانی پشتیوانی مامۆستایان بووە

10:17 - 2023-11-28
سەروەر کەمال رەسوڵ
251 خوێندراوەتەوە

‎‎سەروەر بەرزنجی

لەمیانەی رێوڕەسمی کردنەوەی پیشانگای ساڵانەی کتێب لە پارێزگای سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوایکرد مامۆستایان رووبکەنەوە هۆڵەکانی خوێندن بۆئەوەی پڕۆسەکە لە پارێزگای سلێمانی لەوەی هەیە زیاتر دوانەکەوێت.
‎بەداخەوە بەشێک لە میدیاکان بۆ مەرامی خۆیان دەیانەوێت لێدوانەکەی جێگری سەرۆکی حکومەت بشێوێنن و رای گشتی و مامۆستایانی پێ چەواشە بکەن.

پێداگری لەسەر مافی مووچەخۆران
‎یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆکی حزب و تەواوی کەناڵەکانی خۆی پێداگریی کردووە لەوەی مافی هەموو مووچەخۆران بەگشتی وەک خۆی دابین بکرێت، لەسەرووی هەمویانەوە شایستە و مافەکانی مامۆستایان بە شێوەیەکی تایبەتی.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە بەوپەڕی ئازادییەوە لەسەر شەقامن، تائێستا هیچ کەسێک گوشاری نەخستوونەتەسەر و بە هیچ جۆرێک ئاستەنگیان بۆ دروست نەکراوە، نەک رێگرییان لێنەکراوە، تەواوی ئەمنییەتی خۆپێشاندانەکانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی دابینکراوە، بەتەواوی رێز لە راو سەرنجی خۆپیشاندەران گیراوە، رووماڵی میدیاکان بە ئازادیی گواستراوەتەوە و ئامادەبوانی خۆپیشاندانەکان بەوپەڕی دیموکراتیی رەها گوزارشتیان لە دروشم و قسەکانیان کردووە.

 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆکی حزب و تەواوی کەناڵەکانی خۆی پێداگری کردووە لەوەی مافی هەموو موچەخۆران وەک خۆی دابین بکرێت، لەسەرووی هەمویان شایستە و مافەکانی مامۆستایان

‎لای مامۆستایان روونە کە لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانی لەماوەی زیاتر لە دوو مانگدا، بەهیچ جۆرێک رێگە بە خۆپێشاندانی هیچ فەرمانبەر و مووچەخۆرێکی حکومەت نەدراوە، بۆیە جێی خۆیەتی مووچەخۆران و بەتایبەتی مامۆستایان ئەوەیان لێ تێکەڵ نەکرێت کە لە سنووری نفوزی یەکێتیدا هەموو مافێکی خۆپیشاندانیان پارێزراوبووە، بۆیە ناکرێت دیمەنەکەیان لێ تێکەڵ بکرێت و بە یەک چاو سەیری دۆخە بکەن، هەروەک پێویستە مامۆستایان نەکەونە ژێر کاریگەریی بەشێک لە میدیاکانی دژبە سلێمانی و یەکێتییەوە، تەنانەت بەشێک لە هاوپیشەکانی خۆشیان کە دەیانەوێت لێدوانەکەی قوباد تاڵەبانی بشێوێنن، ئەوانەی گوێبیستی لێدوانەکە بوون، دەزانن کە زۆر پشتگیریی مامۆستایانی کرد و داکۆکی لە مافەکانیان کرد، تەنانەت بەڵێنی دا لە داهاتووشدا پشتگیریی مامۆستایان بکات.

خەمخۆری بۆ پڕۆسەی پەروەردە
‎لێدوانەکەی قوباد تاڵەبانی تەنها لە روانگەی خەمخۆرییەوەیە بۆ پڕۆسەی پەروەردە لە سنوورەکەدا، نابێت ئەو خەمخۆرییە نادیدە بگیرێت و پێویستە مامۆستایان رەچاوی ئەوە بکەن کە یەکێتی بەدرێژایی ئەو دوو مانگە داکۆکیکاریان بووە لە هەموو هەوڵەکانیاندا و لە تەواوی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا، هەروەها لەگەڵ وەفدەکانی حکومەتی عیراقیش یەکێتی هەوڵی جدی داوە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم  بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی.

 

یەکێتی هەردەم لەگەڵ مافی مامۆستایان و فەرمانبەراندا بووە

وتارەکانی نوسەر