دووڕوویی سیاسی، چەواشەکاریی میدیایی

10:02 - 2022-11-06
جەمال ئارێز
657 خوێندراوەتەوە

دیاردەیەک لە کوردستاندا زۆر بەرجەستەیە کە زۆر بە ئاشکرا دەیبینین، دووڕوویی سیاسی و چەواشەکاریی میدیاییە، لە هەردووکیشیاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراوەتە ئامانج، کە ئەم دیاردەیە زادەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو لە مێژووی شۆڕش و خەباتی پڕ قوربانیدانی یەکێتیدا ئەم دیاردەیە چەندین جاری دیکە دووبارە بۆتەوە کە ئێستا پێویست ناکات قەتماغەی برینە کۆنەکان هەڵبدەینەوە، بەڵکو دەشێت بەجێی بهێڵین بۆ نووسینەوەی یاداشت و بیرەوەریی تێکۆشەرانی ئەوێ رۆژێی کوردایەتی.

یەکێتی زۆر دانی بەخۆیدا گرت لەبەرامبەر چەوتییەکانی پارتی و بەرگرتن بە خۆسەپاندن لە ناوچەی بادینان و پەلکێشان بۆ ناوچەکانی دیکە و هەڵلوشینی داهاتی برایم خەلیل

یەکێتی سەرفی نەزەری کردووە
ئەوەی ئێستا و لەم سەردەمە نوێیەدا لەبەرچاوی هەمووانە و جاری دیکەش لە وتار و بابەتی دیکەدا ئاماژەمان پێداوە، ئاشکرایە کە لە قۆناغی بەر لە شەڕی ناوخۆی نەوەدەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا، یەکێتی زۆر دانی بەخۆیدا گرت لەبەرامبەر چەوتییەکانی پارتی و بەرگرتن بە خۆسەپاندن لە ناوچەی بادینان و پەلکێشان بۆ ناوچەکانی دیکە و هەڵلوشینی داهاتی برایم خەلیل کە ئەوسا تاکە سەرچاوەی داهاتی گەورەی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام دوای چەندین کۆبوونەوەی پەنهان لەسەر ئاستی حکومەت و پەرلەمان لەلایەک وەک دوو هاوبەش لە ئیدارەدا و لەسەر ئاستی هەردوو سکرتێری گشتیی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و سەرۆک و مەکتەبی سیاسیی پارتیش وەک دوو حزبی خاوەن زۆرینەی پەرلەمانی و پۆستی وەزاری لە کابینەی حکومەتدا، هەوڵی زۆر درا ئەو ناڕەزاییانەی یەکێتی لە میدیاکانەوە باس نەکرێن، بەڵکو بە دانوستان و دیالۆگی هێمنانە چارەسەر بکرێ، ئەوەش هەر ئەوکات لەلایەن زۆربەی حزبەکان و میدیاکانەوە دەوترا «داهاتی برایم خەلیل لەلایەن کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو بنەماڵەی بارزانی و  پارتییەوە دەبرێت و یەکێتیش شەریکە بۆیە لێی بێدەنگە».
کاتێک یەکێتی بۆ ئەستۆپاکیی خۆی لەو دزینی داهاتە هاتەدەنگ لە میدیاوە و راستییەکانی بۆ خەڵک روونکردەوە، پارتی هەمان قەوانەکانی ئێستای دووبارە دەکردەوە کە گوایە «بۆیە یەکێتی هاواری لێ هەستاوە ترسی لەوە هەیە هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە و دەیەوێت دۆخی هەرێمی کوردستان تێکبدات».  
جگە لەوەش پارتی پەنای بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ برد، تا خۆی لە بابەتی داهاتی برایم خەلیل بدزێتەوە.

میدیاکان دەبێت راستییەکان بڵێن
هەر ئەوکاتیش کە شەڕ روویدا، میدیاکان لەجیاتی گەیاندنی راستییەکان، کەوتنە چەواشەکاری کە گوایە (یەکێتی و پارتی لەسەر گومرگی برایم خەلیل شەڕ دەکەن)، بەڵێ راستە گومرگی برایم خەلیل هۆکارێکی شەڕەکە بوو، بەڵام ئەو میدیایانە و ئەو حزبانەش کە تەرویجیان بۆ ئەو دەستەواژەیە دەکرد، باش دەیانزانی کە رۆژانە «ملیۆنان دیناری سویسری» داهاتی ئەو گومرگەیە، بەڵام ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت و قاسەی وەزارەتی دارایی نیمچە خاڵییە و بەشی مووچەی خەڵک ناکات.
ئەوەی ئێستا دووبارە دەبێتەوە هەمان شتە بە شێوازێکی نوێ، چونکە جگە لەوەی ئیستاش داهاتی برایم خەلیل ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، چەندین سەرچاوەی دیکەی داهات هەن لەو سنورانەی کە پارتی تێیدا باڵادەستە بە داهاتی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکەشەوە، نیوە زیاتریان بۆ گیرفانی کەسە دەستڕۆیشتووەکانیانە لەژێر ناوی کۆمپانیای کوالێتی و سکوێریتی و ناو و نازناوی ترەوە.

یەکێتی چەندین جار بەرپرسانی  پارتی ئاگادارکردۆتەوە
یەکێتی لەدوای ئەوەی چەندین جار لە رێگەی پەیوەندییە حزبی و دیپلۆماسییەکان و رێگەی حکومەتەوە کە بڕیارە شەریکی راستەقینە بێت و چەندین شێوازی دیکەی پەیوەندییەوە پارتی و بەرپرسە باڵاکانیانی لە کێشەی نەبوونی داهات و خزمەتگوزاریی و پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری کۆیەوە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیاندا وریاکردۆتەوە، بەڵام پێدەچێت پارتی لە ئەنقەست بیەوێت ئەم سنوورانە بێبەش بکات، بۆیە کاتێک یەکێتی سەرەڕای دانبەخۆدا گرتنی لەبەرامبەر هێرشی میدیایی لایەنەکان بەناوی میدیای ئازاد و بێلایەن و سەربەخۆوە کە گوایە یەکێتی شەریکە لە داهاتی نەوت و لەگەڵ پارتی بە ئەنقەست دەیانەوێت ئەم ناوچانە بێبەش بکەن، دێت و لە میدیاکانی و لەلایەن وەفدی باڵای مەکتەبی سیاسییەوە راستییەکان رووندەکاتەوە، هەمان قەوانە سواوەکە دووبارە دەبێتەوە و لەو میدیایانەوە کە چەند کاتە سەرکۆنەی یەکێتی و تیمە حکومییەکەی دەکەن لەوەی بێدەنگن، ئێستا لە زاری چەند بەرپرسێکی تازە هەڵتۆقیوی نزیک لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و گوایە جێگری دووەمی سەرۆکی پارتییەوە دەڵێن یەکێتی دەیەوێت سەقامگیریی هەرێم تێکبدات و قەوارەی هەرێم هەڵبووەشێنێتەوە. 

بێدەنگی لای یەکێتی بەسە
یەکێتی چیتر ناتوانێت بێدەنگی هەڵبژێرێت لەبەرامبەر سیاسەتی دووڕووانە و میدیای چەواشەکارانەدا، ژیان و گوزەرانی خەڵک لای یەکێتی ئەولەوییەتە و ئەزموونی زۆریشی لەگەڵ ئەو دەنگە ناڕەزاییە ساختانەدا هەیە، چونکە زۆرێک لەوانەی رۆژگارێک ببوونە کەو سووری بەردەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەم دەڤەرە، کە یەکێتی دەیەوێت دەست بۆ چاکسازیی راستەقینە و گێڕانەوەی داهات و ئیستیحقاقی زەوتکراوی ئەم دەڤەرە ببات و بە پارتی بڵێت ستۆپ، دەزانن سیحرەکەیان بەتاڵ دەبێتەوە، دەبنە مۆتاربۆی دووبارەکردنەوەی بوختانەکانی پارتی، چونکە دەزانن یەکێتی رێگە راستەکەی گرتووە و بازاڕی ئەوان لە کزیی دەدات.

پێگەی یەکێتی بە لەشکری چەواشەکاری و بوختان  لەق نابێت

وتارەکانی نوسەر