لە رۆژئاڤاوە

سیناریۆی گۆڕینی گروپە چەكدارەكان لە عەفرین

10:09 - 2022-11-07
فەتحوڵڵا حوسێنی
335 خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی هەیئەی تەحریری شام كە پێشتر ناوی نوسرە بوو، دەستی بەسەر شاری ئیعزازی نزیك عەفریندا گرت، شاری كفر جەنە و چەند گوندێكی دەوروبەری عەفرینیشی كۆنترۆڵ كرد، دەركەوت سیناریۆكانی توركیا تایبەت بە هەرێمی عەفرین دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە، توركیا بە جێگیركردنی چەكدارانی هەیئەی نزیك لە خۆی، لە جێگەی گروپە چەكدارەكانی دیكە، كە پێش هەیئە لەوێ بوون، دەیەوێ هەنگاوێکی پێشوەختە بنێت بۆ نزیكبوونەوە لە حكومەتی دیمەشق، چونكە پێشتر شەڕ لە نێوان هێزەكانی حكومەتی دیمەشق و هەیئەی تەحریری شامدا هەبوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئیدلب، بەڵام دواتر هێزەكانی سوپای دیمەشق دەستیان بەسەرداگرت، ئەوەش وەك ئەوە وابوو هەردوو سەرۆكی روسیا و توركیا لە كۆبوونەوەی سوچی لەسەری رێكەوتبن.
پشتیوانیكردن لە جێگیركردنی هێزەكانی هەیئەی شام لە عەفرین، جۆرێكە لە ئاڵوگۆڕ لە نێوان روسیا و توركیادا كە هەردوولایان بەشێكی زۆری خاكی سوریایان لەژێر دەستدایە، ئاڵوگۆڕ بەو واتایەی دەیانەوێت گروپی چەكداری بگۆڕن بە گروپی چەكداریی تر، ئەمەش دوای شكستی داعش دێت لە بەهێزكردنی خەلافەتەكەی لە رەقە، كە لەسەر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیماناندا ئەو شارە لە تیرۆریستان پاككرایەوە، ئێستاش سیناریۆ هەیە ئەمارەتێكی بچووك بۆ هەیئەی تەحریری شام لە عەفرین دروست بكرێت.
یەكەم ئامانجی توركیا لە سوریا، نەهێشتنی هەژموونی كورد و لەناوبردنی پڕۆژە سیاسییەكەیەتی، هەر كاتێكیش ناوچە كوردییەكان ئاڵۆزییان تێكەوتبێت، توركیا هەستی بە سەركەوتن كردووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو دوژمنكاریانەشی كە لەگەل كورددا كردوێتی، رەنگە هیوای توركیا نەیەتەدی كە رێگرتنە لە گەڕانەوەی ئاوارە كوردەكان كە لە ئۆردوگای شەهباوە چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ زێدی خۆیان.
روونتر بڵێین، ئەوەی لە عەفرین روو دەدات، لە نێوان گروپە خاوەن ئایدیۆلۆژییە جیاجیاكانی سەر بە توركیا، خۆی ئاژاوەیەكە لە كێبڕكێی نێوان دەیان گروپی چەكدارەوە سەرچاوەی گرتووە، بە هەمان شێوەی ناوچەكانی دیكەی وەك ئەلباب و جەرابلس و سەرێ كانی، كە لە ژێر دەستی توركیادان، لێرەدا بە روونی دیارە كە توركیا دەیەوێت گروپە چەكدارەكان بە گوێرەی مەترسی ئاڵوگۆڕ پێ بكات و هەموو قورساییەكەشی لەسەر عەفرینە.
هەرچەندە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چەندین جار گروپە چەكدارەكانی بەوە تۆمەتبار كردووە كە تاوانی جەنگیان کردووە لە چەند ناوچەیەكی سوریا، وەك كوشتن و پێشێلكاری كە رۆژانە و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە لە ناوچە كوردییەكان یان عەرەبییەكان دەكرێت، ئەمە قەیرانەكە هێندەی دیكە ئاڵۆز دەكات و لە چارەسەری سیاسی دووری دەخاتەوە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە بەرژەوەندییەكانی مۆسكۆ و ئەنقەرە هەمیشە لە ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكەدایە، بەتایبەتی كە هەژموونی ئەمریكا لە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا و لە پاڵ ئەویشدا هەژموونی كوردی لە هەڵكشاندایە، ئەویش دوای ئەو هەموو هێرشە نهێنی و ئاشكرایەی توركیا دەیانكاتە سەر ناوچە كوردییەكان.

و: لاپەڕەی سیاسەت

وتارەکانی نوسەر