وردتر

گەڕانەوەی هەرێم بۆ بەغدا

09:58 - 2022-11-08
لەشکر حەمە ساڵح
278 خوێندراوەتەوە

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدێكی هەرێمی كوردستان بگاتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی نوێی عیراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی و بەرپرسانی تری حكومەت و وەزارەتەكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی عیراق و بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان.
سەردانی وەفدی ئەمجارەی هەرێم، بە یەكەم سەردانی رەسمی دادەنرێت لەوەتەی سودانی و وەزیرەكانی كابینە وەزارییەكەی لە پۆسەكانیاندا دەستبەكاربوون. هەروەك یەكەمجاریشە خانمێكی پیشەیی و شارەزا بۆتە وەزیری دارایی، بە پێچەوانەی كابینەكانی تری حكومەتی بەغداوە، كە پۆستە وەزارییەكان زیاتر سیاسی بوون وەك لەوەی پیشەیی و ئەكادیمی بن.
زانیاری لەبارەی سەردانەكەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا لە زاری وەزیری دارایی هەرێمەوە و لە كاتی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ تیمێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێم دركێنراوە، هەرچەندە كاتی سەردانەكە و ناوی سەرۆك و ئەندامان و ئەجێندا و وردەكاریی وەفدەكە نەخراوەتەڕوو بەڵام ئەوەی تێدا روونكراوەتەوە كە بۆ گفتوگۆكردن و رێكەوتنە لە بارەی بودجەی ساڵی 2023ی عیراق و بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان.
لە راستیدا، ساڵانێكە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەبواری ئابووری و دارایی و بودجەوە، درێژەی كێشاوە. گفتوگۆ و تەنانەت رێكەوتنی زۆریش كراوە؛ بەرپرسانی هەردوولا كەم تا زۆر ئاگاداری ناكۆكی و بیروڕا جیاوازەكان و تێڕوانینەكانن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لەوانەیە هۆكاری جێبەجێ نەكردنی رێكەوتنەكانیش روون و ئاشكرا بن، بەڵام لەم كاتەدا لە هەموو شتێك گرنگتر دەركەوتنی سیاسەت و بۆچوونی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانییە دەربارەی چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەو رێكەوتنەی بۆ پێكهێنانی حكومەت لە نێوان لایەنەكاندا ئیمزا كراوە.
ئەوەشی مایەی سەرنجە لە هەواڵەكەی وەزارەتی داراییدا، هەڵوێستی لایەنی ئەمریكییە لەو بارەیەوە، واتە لە بارەی سەردانەكەی وەفدی هەرێم و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا، لە هەر ئاست و بابەتێكدا بێت. تیمە ئەمریكییەكە رایانگەیاندووە كە ئەمریكا بەهەموو شێوەیەك هاوكاری رێكەوتن و لێكتێگەیشتنە لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرس و بابەتە جیاوازەكان.
ئەم جەختكردنەوەیەی هەڵوێستی ئەمریكا لەم كاتەدا و چەند رۆژێك بەرلەوەی وەفدی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێبكەوێت، نیشانەی جددیەتی زیاتری ئەمریكایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو كێشانەی ساڵانێكە بەردەوامە و زیانی لە هەردوو لایەنی كێشەكان داوە، جا زیانی سیاسی و سیادی بێت، یان زیانی ئابووری و دارایی.
بێگومان پێشهاتی تازە هەن و هەر ئەوەندە نییە كە ئەمریكییەكان جددی تربن، بەڵكو هەڵوێستی نوێی یەكێتی لە بارەی تاكڕەوی و قۆرخكاریی پارتی بە بڕیاری هەرێم و دەستبەسەرداگرتنی بابەت و دۆسێ جیاوازەكان، مایەی سەرنجە. یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی تێڕوانینی پڕ لە وردەكاریی خۆی لە بارەی بارودۆخی ناوخۆیی هەرێم و پرسی كێشەكانی هەرێم و بەغدا و چۆنێتی چارەسەركردنیان بخاتەڕوو، تەنانەت كاتی ئەوەشە گوێبیستی تێڕوانینێكی جیاواز بین بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی دۆسێی نەوت و غاز، هەرنا لەبەرئەوەی غازیش بەدەردی نەوت نەچێت!

وتارەکانی نوسەر