گه‌یشتن به لوتكه شتێكه و مانه‌وه و پاراستنی ئه‌م ئاسته باڵایه‌ش شتێكی تر، هه‌ڵبه‌ت بۆ مانه‌وه له سەری سەرەوە، گره‌وی هه‌موو سیاسییه‌ك له‌ناو سیستمێكی دیموكراسیدا به‌دیهێنانی ره‌زامه‌ندیی رای گشتییه به پابه‌ندبوون به به‌ڵێن و گوفتاره‌كانه‌وه، جۆرج واشنتۆن ئەمە به گره‌وی مان و نه‌مانی هێز و رەوتی سیاسیی ناودەبات، وای ده‌بینێت كه مانه‌وه له ترۆپكدا، ته‌نها به‌و پارتانه ده‌كرێت، كە مكوڕن لەسەر به جێگه‌یاندنی كارنامه‌ی حكومه‌ت و كەمتەرخەم نین لە جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی ده‌وڵه‌تداری، له‌كاتێكدا له ده‌وڵه‌تی داخراوی په‌كخراودا، كارنامه‌كان دروشم و هیوا تێناپه‌ڕێنن و ته‌نها بۆ هێوركردنه‌وه‌ی رای گشتی و دروستكردنی سه‌قامگیرییه‌كی ساخته‌ی ده‌روونییە.
کارنامەکان تەنها دروشم بوون
پرۆسه سیاسیی عیراق، له ماوه‌ی زیاتر له 100 ساڵ و له كۆی نزیكه‌ی 70 سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و مێژووه، پاشتریش و له ئازادكردنی عیراق له (ئه‌یاد عه‌لاوی)یه‌وه بۆ (ئیبراهیم جه‌عفه‌ری) و (نوری مالیكی) و (حه‌یده‌ر عه‌بادی) و (عادل عه‌بدولمه‌هدی) تا ده‌گاته (مسته‌فا كازمی)، فۆرمه‌له‌كردنی ستراتیژی حكومه‌ت و كارنامه‌ی به‌ڕێوه‌بردن، ته‌نها له زۆنی دروشم و ئامانجی ئه‌سته‌مدا خۆی نواندووه، ئه‌وه‌نده‌ی دروشم و خه‌ونی گۆڕانكاریی و ریفۆرمی سیاسیی و كارگێڕی بۆ راهێنانی خه‌ڵك بووه له‌سه‌ر بێده‌نگكردن و رازیبوون به قه‌ده‌ر، ئه‌وه‌نده ستراتیژێكی دروست نه‌بووه به ئامانجی خزمه‌ت و مانه‌وه‌ی پارتی براوه و فه‌رمانڕه‌وا له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی، ئه‌مه‌شه دواجار له‌ناو سیناریۆی پڕۆسه‌ی حوكمڕانیی عیراقدا هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێك جگە لە نوری مالیکی بەختی مانه‌وه‌ی دووباره‌ی نەبووە، ئه‌و فیگه‌رانه له پیشه‌سازیی به‌رهه‌مهێنانی دروشم و ئامانجی گه‌وره به‌كار و زیره‌ك بوون و له كردار و خزمەتكردنیش ده‌ست و پێ سپی بوون، لەبەر ئەمە گۆڕینی ئه‌و كاره‌كته‌رانه ده‌بێته داواكارییەكی نیشتمانیی و رای گشتی هیچی ناوێت دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌وان نه‌بێت، بەڵگەش ئه‌م هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌ختهی رابردوو، دروشمی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی تشرینییه‌كان و شه‌قامی عیراقی هه‌مان شت بوو، كە «تاقیكراوە تاقی ناكرێتەوە».
كێشمه‌كێشی سیاسی و دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ریه‌ككه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر كه‌سی راسپێردراو بۆ سه‌ركردایه‌تی قۆناغی داهاتووی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، ئاسته‌نگی زۆر و ناكۆكی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا
كێشمه‌كێشی سیاسی و دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ریه‌ككه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر كه‌سی راسپێردراو بۆ سه‌ركردایه‌تی قۆناغی داهاتووی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، ئاسته‌نگی زۆر و ناكۆكی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، وه‌ك نه‌ریتی هه‌میشه‌ییش بژاردەی كاندید كه‌سێكه و كۆده‌نگیی هێزه‌كانیش له‌سه‌ر كه‌سێكی دیكه ساغ ده‌بێته‌وه، ئه‌مجاره‌ش گۆڕانی هاوكێشه نوێكانی پاش پاشه‌كشێی (رەوتی سه‌در)ی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی (محه‌مه‌د شیاع سودانی) یەكلایی بۆوە، كەسایەتییەك كه دیسان له رێگه‌ی مانیفێستێكی دوور و درێژەوە به‌ڵێنی گه‌وره‌ی بۆ رزگاركردنی عیراق له ئاریشه و سه‌رئێشه سیاسیی و ئابووریی و ئه‌منییه‌كان خستۆته‌ڕوو، له‌وانه‌یه له وردكردنه‌وه‌ی پرسه‌كان و ده‌ستبردن بۆ كه‌یسه‌كان كارنامه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی پێش خۆی جیاواز بێت، به‌ڵام ئه‌م جیاوازییه مانای ئه‌وه نادات به‌ده‌سته‌وه كه هێزی جێبه‌جێكردنی به‌ند و بڕگه‌كانی هه‌بێت، چونكه ئیدی له مێژووی هاوچه‌رخی عیراقدا هیچ كاتێك به ئه‌ندازه‌ی ئێستا دابه‌شبوون زەق نه‌بووه و حكومه‌ته به ئه‌سته‌م له‌دایكبووه‌كه‌ی سودانی خۆیشی قەرارە ته‌مه‌نی ته‌نها ساڵێك بێت.
كارنامه، كار و كاتی پێویسته
رۆژنامه‌ی (شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت) له راپۆرتێكدا شرۆڤه‌ی ناواخنی كارنامه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی ده‌كات و له‌و باوه‌ڕه‌دایه، دوالیزمی كات و ناكۆكییه‌كان پێكه‌وه ئەركی سەرۆك وەزیران قورس‌تر دەكەن، ئه‌ركێك ره‌نگه هه‌موو به‌شدارانی ناو پرۆسه‌ی سیاسیی بەڵێنی پشتیوانیان پێدابێت، به‌ڵام شه‌قامێكی شه‌قار و دابه‌شبوونی زۆری هێزه‌كان و ناكۆكی فره‌ی پێكهاته‌كان، له‌وه ناچێت كاروانی پراكتیزه‌كردنی به‌ند و بڕگه‌كانی كارنامه‌كه ئاسان بكات، له دۆخێك‌دا شیعه‌كان به‌سه‌ر چه‌ند جه‌مسه‌رێكی جیاوازدا دابه‌شبوون و سوننه‌كان هه‌ر كه‌سه و له ئاراسته‌یه‌كەوە رەوایی بۆ ئەجێنداكەی دەدۆزێتەوە، كوردیش ئاشكرایە كه هه‌ژموونخوازیی پارتی چۆن سەری لە شه‌قامی كوردی شێواندووە، له‌ناو ئه‌م دۆخە سیاسییه ئاڵۆزەدا، بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردن له ماوه‌ی ساڵێك و ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌ی ستراتیژیی په‌ره‌پێدانی ئابووری نانه‌وتی و كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ سه‌رۆك وه‌زیران و تیمه‌كه‌ی ئەستەم دەبێت.
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌شوێن گەره‌نتییه‌وه‌یه
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی جیاواز له هێزه‌كانی دیكه‌ی شیعه، ترسی له‌ده‌ستدانی پێگه و كاریگه‌ریی، به‌تایبه‌تی كه له هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته‌كه‌ی ساڵی رابردوودا به‌ده‌ست ركابه‌ره‌كانییه‌وه رووبەڕووی ئاڵنگاری و شكست كرایەوە، به‌شوێن متمانه‌ی هاوبه‌ش و گەره‌نتی به‌شدارانی كابینه‌كه‌ی سودانییەوه‌یه، چونكه سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تێكی یه‌ك ساڵه، ریسكێكه ئه‌گه‌ر ناوبراو تێیدا سەركەوتوو نەبێت، ئه‌گه‌ری دۆڕانی هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتوو ده‌بێت بە دیفاكتۆ، هه‌ر ئه‌مه‌شه (عائد هیلال)ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به (سكای نیوز)ی راگه‌یاندووه، حكومه‌ت به‌بێ پاڵپشتیی به‌شداران و كۆمه‌كی شه‌ریكەكانی ته‌نها به ئامانجگرتنی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه، چونكه به‌بێ پشتیوانی هاوبه‌شه‌كان سه‌ركه‌وتنی حكومه‌ت له‌و كارنامه قورسه ئه‌سته‌م ده‌بێت.
کابینەکەی سودانی چەندین ئەرک و کاری قورسی لە پێشە
ئاڵنگارییه‌كانی سودانی بۆ جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ی قورسن، له‌هه‌ر پنتێكه‌وه ده‌یگریت، كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگی دێته‌پێش، له دۆسێی ئابووریدا ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی نانه‌وتی، بایه‌خدان به كه‌رتی كشتوكاڵ و ده‌ربازكردنی عیراق له ئابووریی پاشكۆیی، به‌كارخستنی ته‌كنۆلۆژیای په‌یوه‌ندییه‌كان له به‌رهه‌مهێنان، ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و بیانی له‌و به‌ڵێنه زه‌حمه‌تانه‌ی كابینه‌كه‌ن، كه به‌دیهێنان و به‌جێگه‌یاندنیان ئه‌سته‌مه. ئه‌مه‌ش له گرنگترین پرسه‌كانه، چونكه ئه‌سڵی كێشه‌ی عیراقییه‌كان و چاوه‌ڕوانییان له حكومه‌ت، ته‌نها ره‌هه‌نده ئابوورییه‌كه‌یه و خه‌ڵك حكومه‌تێكیان ده‌وێت بۆ ژیان نه‌ك شتێكی دیكه.
كورد و چاوه‌ڕوانیی و به‌ڵێنه‌كان
مانیفێستە حكومییەكە له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵواسراوی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، زۆر كه‌یسی گرنگی له‌خۆگرتووه، له دۆسێی نه‌وت و لێكه‌وته‌كانی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیه‌وه بۆ پرسی سنووره‌كان و باج و گومرگ، تا ده‌گاته قۆناغه ته‌واوكارییه‌كانی ماده‌ی (140) و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك، كۆی ئه‌م خاڵانه بۆ هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و شه‌قامی كوردی جۆرێكە له ئومێد، به‌ڵام لە راستییدا ته‌رحكردنی ئه‌م پرس و گرێكوێرانه دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و به‌ڵێنانه‌یه، كه دۆستی له سودانی نزیكتر داویه‌تی و پێی جێبه‌جێ نه‌كراوه، چونكه هه‌م ئاستی ناكۆكییه‌كان له دۆخی بنبه‌ستدایه و هه‌م شه‌قامی عیراقیش هه‌موو ده‌رچه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر ره‌تده‌كاته‌وه، ره‌نگه له‌مه‌شدا گوتاری تووڕەی پارتی و میدیا ئاراسته‌كراوه‌كه‌ی بۆ شه‌قامی عه‌ره‌بی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ره‌تكردنه‌وه‌یه بێت، چونكه ئه‌م هێزه لەمێژە بڕیاری داوه له‌گه‌ڵ نوخبەی سیاسیی عیراق مامه‌ڵه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی و پله و پۆست بكات و له‌گه‌ڵ شه‌قامی عه‌ره‌بیش به‌وپه‌ڕی له‌خۆباییبوونی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه قسه‌ی قەڵەو بكات.
مانیفێستە حكومییەكە له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵواسراوی نێوان هه‌رێم و به‌غداد، كه‌یسی گرنگی له خۆی گرتووه، له دۆسیه‌ی نه‌وت و لێكه‌وته‌كانی بڕیاره‌كانی دادگای فیدرالی و پرسی سنووره‌كان، تا ده‌گاته مادده‌ی (140)