یەکێتی‌ و بەگژاچوونەوەی‌ تاکڕەوی‌

09:42 - 2022-11-09
پێشڕەو مەلا وەیسی
463 خوێندراوەتەوە

لەدایک بوونی‌ یەکێتی‌ بۆ نەهێشتنی‌ تاکڕەوی و سەپاندنی‌ یەک ئیرادەیی‌ بەسەر میللەتەوە  خوڵقاوە، دەتوانین بڵێین هەرخۆی‌ بۆ ئەو ئامانجە تەمەنی‌ باڵایکردووە، ئیتر سەیرە ئێستا و دوای‌ چل و حەوت ساڵ تەمەن، حزبێکی‌ کوردی‌ تێنەگەیشتبێت یاخود  تێنەفکرێت کە یەکێتی‌ حزبی‌ بە گژداچوونەوەی‌ تاکڕەوییە و پەسەندی ناکات، مەگەر لە کاتێکدا کە بەرژەوەندی‌ میللەت و نیشتمانی‌ بە دوای‌  خۆیدا هێنابێت، بۆ نموونە لە دوای ساڵی‌ 1997وە قوربانی‌ بەخۆیداوە و پەسەندی هەندێک بڕیار و ئیدارەدانی‌ هەرێمی‌ کوردستانی‌ کردووە، ئەویش وەک سیاسەت و فکری‌ حزبی‌ و پەروەردە حزبییەکەی‌ پەسەندی نەکردووە، نەخێر بەڵکو لەپێناوی‌ یەکڕیزی‌ و یەکگرتوویی‌ ناوماڵی‌ کورد بووە، لەپێناوی‌ نیشاندانی‌ وێنەیەکی‌ جوانی‌ حکومڕانیی‌ بووە لە هەرێم، تا لەو رێگەیەوە وێنەیەکی‌ جوانی‌ بەڕێوەبردنی قەوارەی هەرێم نیشانی‌ رای‌ گشتی‌ و جیهان بدات، دواتر لە بەر پاراستن و سەرکەوتنی‌ پارچەکانی‌ تری‌ کوردستان بەو شێوە حکومدارییە رازی‌ بووە تا پارچەکانی‌ تر پشتیوانی‌ زیاتر بەدەستبهێنن و ئەوانیش بگەنە ئاواتی‌ سەربەستی‌ و رزگاری‌، بۆیە یەکێتی‌ لە و کاتانەدا لە ئاست تاکڕەوی و قۆرخکاری‌ و جیاکاری‌ بەڕێوەبردن بێدەنگ بووە، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کە یەکێتی‌ حزبێکی‌ نیشتمانی‌ و نەتەوەییە .
یەکێتی‌ لە سەرەتای‌ خەباتی‌ سیاسی و چەکدارییەوە تێکۆشاوە تا هەموو ئەو مرۆڤانەی‌ لەسەر خاکی‌ کوردستان دەژین ئازاد بن و لە داهات و بڕیارداندا بەشداربێت و هیچ کەس نەتوانێت مافەکانی‌ زەوت بکات، ئەگەر سەیری‌ رابردووەکەشی‌ بکەین دەبینین کادرەکانی‌ لە سەرجەم بوارەکاندا وا فێرکراون کە رەخنە لە خودی‌ حزبەکەی‌ خۆیان بگرن، ئەگەر زانییان بە ئاڕاستەی‌ دەستکەوتەکانی‌ گەلەکەی‌ رێگە راستەکەی‌ بەرداوە، کەواتە یەکێتی‌ حزبی‌ بەگژداچوونەوەی‌ تاکڕەوی و تاک بڕیارییە، بۆیە ئەو هەڵوێستەی‌ سەرۆکی‌ تیمی‌ یەکێتی‌ لە حکومەت هەیەتی رێگە تەندروستەکەیە، لەو روانگەیەشەوە کادرانی‌ یەکێتی‌ پشتیوانی‌ تەواوی‌ بڕیارەکانی‌ حزبەکەیان دەبن.
یەکێتی‌ ئەو حزبەیە کە لەوپەڕی‌ تاریکی‌ و شەوەزەنگی‌ هێنراو بەسەر کوردستاندا، کە شۆڕش ئاش بەتاڵی‌ پێکرا و میللەت و نیشتمانیان تووشی‌ ئەوپەڕی‌ بێ ئومێدی‌ کرد، مەشخەڵی‌ بەگژداچوونەوەی‌ هەڵبژارد و هەزاران شەهیدی‌ لە و پێناوەدا بەخشی‌ 
لەوکاتەدا زۆرێک لە کۆشکە شاهانەکاندا خەریکی‌ بەڕێکردنی‌ شەوە زێڕینەکانیان بوون.
 ئەگەر ئێستا بیانەوێ یەکێتی‌ راگرن هەڵەن, چونکە قەت نەبووە و ناشبێت بەری‌ خۆر بە بیژەنگ بگیرێ، بۆیە واباشترە لە دواییەکانی‌ تەمەنی‌ سیاسییاندا نەوەکانیان گۆش کەنەوە بە بیری‌ سیاسی‌ دەستە جەمعی‌ و خزمەتی‌ وەک یەک لە سەر ئاستی‌ تاک و کۆمەڵگە، چونکە مێژوو لە رابردوودا رەحمی‌ بە هیچ کەسێک نەکردووە، رەنگە بتوانن بۆ کاتێکی‌ کەم پەردەپۆشی‌ سیاسەتی‌ چەوتیان بکەن بەڵام دواتر رووی‌ راستەقینەیان دەردەكەوێ.

وتارەکانی نوسەر