خوێندنەوەیەک بۆ دوایین پەیامی یەکێتی

09:20 - 2022-11-10
مستەفا محەمەد
381 خوێندراوەتەوە

دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەختکردنەوەی لە چەسپاندنی داخوازییەکانی گەلی کوردستان لە کارنامەی کابینەکەی سودانیدا، هەروا پێکهێنانی حکومەتی عیراق لەسەر بنەمای تەوافوق لەلایەک و هەوڵە ئەرێنییەکانی بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی و لایەنەکان لەناوخۆی هەرێمدا بۆ  راستەڕێکردنەوەی حوکمڕانی لەلایەکی ترەوە، دوو ئاراستەی هاوتەریبن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسی و کارگێڕییەکان هەم لە عیراق و هەمیش لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەم هەڵوێستە نەگۆڕانە، پێمان دەڵێن کە تەنانەت لەبارەی  کێشە و ئاڵنگارییەکانی ئەم دواییەی هەرێمیش ئەمجارە یەکێتی جدییە و بە وردی بە دوای  پرسی هاوبەشی راستەقینە لە کابینەی نۆیەمدا دەڕوا و گەڕانەوەشی بۆ نییە، هۆکارەکەشی وەک رۆژی روناک روونە کە ئەم کابینەیە بەیەک مەودا خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک ناکات و هەڵاوێردیی زەق و بەرچاو هەیە لە ئیدارەدانی پارێزگاکانی هەرێم و بە ئاشکراش دەسەڵاتەکان لە دەستی تەرەفێک و لە نێو ئەو تەرەفەشدا بە میزاجی کەسێک دەڕوا بەڕێوە.
پێموایە لەمەودوا یەکێتی وەک چۆن بۆ عیراق کارنامەی دیاری  خۆی هەبوو لە پێناوی یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم و توانیشی بەشێکی گەورە لە ئیستحقاقی سیاسیی بەدەست بهێنێت، هەرواش لەسەر ئەو هەڵوێستە نەگۆڕە دەمێنێتەوە و سازش لەسەر ئەوەی ماوە ناکات و لەو دوو وەزارەتە خزمەتگوزارییانەش کە پشکی کوردن، یەکێکیان بەرکەوتەیەتی، بۆیە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراودا گەیشتۆتە رێکەوتن و بەم زووانەش ئەم پرسە بە وەرگرتنی وەزارەتی ژینگە یەکلایی دەکاتەوە.
ئەوەی لەمانەش گرنگترە کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵوەستەی بێ خەوشی لەسەر کردووە، بابەتی داڕشتنەوەی رەسمی سیاسەتی هەرێمە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکەی لە حکومڕانیدا، بۆیە چیتر مەبدەئی خۆسەپاندن و نادادیی لە مامەڵەی ئیداریی شارەکان و داتاشینی تۆمەتی ناڕەوا ناتوانێ بیخڵەتێنێت و دەبێت ئەم سیاسەتە لە نزیکترین ماوەدا بپێچرێتەوە.
بەبڕوای من بەشداریی نەکردنی سەرۆکی تیمی یەکێتی لە سێ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پەیامێکە کە پێویستە پارتی تێبگەیەنێت کە چیتر درێژەدان بەم سیاسەتی جیاکارییە لەلایەن یەکێتییەوە قبوڵ ناکرێت و بگرە لە ئەگەری چارەسەرنەکردنیدا هەنگاوی توندتر دیراسە و ئەزبەرکراون و بۆ هەر ئەگەرێکی تر یەکێتی نیشتمانی ئامادە و دەست واڵایە.
ئەوەی هەیە کە یەکێتی وەک حزبێکی باوەڕچەسپاو بە مەبەدەئی پێکهاتن و سازان، هێشتا دەروازەی گفتوگۆ و دانوستانی بەڕووی هیچ لایەنێکدا دانەخستووە و داناخات، بەڵام هەڵوێستی  دواتری، خستۆتە دوای وەڵامی پارتی بە تایبەتی کە تازە کۆنگرەیان بەستووە و چاوڕێی ئەنجامە راگەیاندراوەکانی کۆنگرەی 14ی ئەو حزبە دەکات و دەیەوێت دڵنیایی وەربگرێت لەوەی کە پارتی تا چ ئاستێک ئامادەیە لەگەڵ چارەسەری ئەو قەیرانەدا هەنگاوبنێت و دەست و پەنجە نەرم بکات، دەنا خۆ ئەگەر پێچەوانەکەی هەڵبژێرن و ئەو سیاسەتەی لە چەند ساڵی رابردوودا کابینەی نۆی پێ ئیدارە دراوە، لە بچووکترین پێناسەدا مەحکومە بە هەڵوەشاندنەوە.

وتارەکانی نوسەر