دەر و دراوسێ

هاوبەشی و هەماهەنگی یان لێكترازا

09:55 - 2022-11-13
بورهان شێخ رەئوف
270 خوێندراوەتەوە

ئەگەر بە خێرایی ئاوڕێك لە سی ساڵی رابردووی دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی 1991 بدەینەوە، زۆر راستی و بەڵگەی حاشا هەڵنەگرمان دێتە بەرچاو شایانی هەڵوەستە لەسەركردن و تێڕامانە، بەیەكگرتوویی و لێبووردەیی و بەرەی كوردستانی تەخت و تاراجی یەكێك لە دڕندەترین ررژێمەكانی دنیا لە كوردستان تارومار كرا .
هەر بە یەكدەنگی و یەكدەستی هەڵبژاردن  كراو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنراو سیستمی فیدراڵی یەكلایەنە لەلایەن كوردەوە چەسپێنراو دواتر لە دەستووری عیراقدا دانی پێدانرا، سەدان یاساو پڕۆژەی گرنگ خرایە بواری جێەجێكردنەوە و بەشی زۆری دێهاتە وێرانكراوەكانی كوردستان بە یارمەتی رێكخراوە خێرخوازەكان  و هەوڵی ناوخۆیی ئاوەدانكرانەوە .
بەڵام شەڕی ناوخۆیی و براكوژی ئارەزوو و مەیلی  خۆسەپاندن، رێسەكەی لێ‌ كردینەوە بە خوری بۆ چەندین ساڵ دۆزەكەی بردینە دواوە، من ناخوازم لێرەدا ئەو برینانە بكولێنمەوە و باسی ئەوە بكەم كێ‌ هۆكاربوو ؟ كێ‌ دەستپێشخەر بوو ؟ چونكە بە هەوڵی خێرخوازان و لێبووردەیی و گەورەیی بیری مام جەلال ئەو لاپەڕانە پێچرانەوە .
ئەوەی زۆر گرنگە هەموولایەك بیزانێت و لە پێش هەموویانەوە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ،  كەس ناتوانێت لایەنی بەرامبەری بسڕێتەوە بەزۆری هێز، چونكە ئەزموونەكانی پەنجا ساڵی پێشوو ئەوەی بۆ دەرخستین .
ئەگەرچی عیراق لە ئێستادا دوای ساڵێك لە بنبەستی سیاسی و ململانێی سەختی ناو ماڵی شیعە، حكومەت پێكهات بە سەرۆكایەتی محەمەد شەیاع سودانی كە تێگەیشتنی باشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق و هەرێمی كوردستانیش هەیە و جوانترین كارنامەی حكومەتی پێشكەش كردووە، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەوە  قۆناغێكی نوێی ململانێ دەستی پێكردووە كە موژدەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان پێ‌ نییە .
سەرەڕای ئەوەی وەفدی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی  كوردستان لە ئاستی هەست كردن بە بەر پرسیارێتی مێژوویی و نیشتمانی و نەتەوەییەوە سەردانی هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانی كردووەو دواتریش سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و وەفدی یاوەری كۆبوونەوەیان لەگەڵ هەموو كونسڵخانە و نێردە دیبلۆماسیەكان لە هەولێر كرد بۆ گەیاندنی دیدو بۆچوونەكانی یەكێتیی لە مەڕ هەوڵەكانی پارتی بۆ پەراوێزخستنی یەكێتی لە حكومەت و جیاوازی لە نێوان ناوچەكاندا لە خزمەتگوزاریدا .
لێرەدا دەپرسین دڵسۆزی بۆ خاك و وڵات و خوێنی شەهیدان و قوربانییەكانی جینۆساید  بەم باڵشكاندنە دەكرێت؟ تێوەگلانی دەزگا ئەمنییەكان لە ململانێ سیاسییەكان و دروستكردنی دۆسییەی كەیدی و سەنگەر گواستنەوە و پەنادانی خەڵكانی ئاژاوەگێڕ و تۆوی دووبەرەكی نانەوە دەبێت لە بەرژەوەندی كێدا بێت؟ جگە لە دوژمنانی كورد و كوردستان.

وتارەکانی نوسەر