پەشمەک

تاکگەرایی لە دیدی منەوە

10:21 - 2022-11-13
ڤینۆس فایەق
469 خوێندراوەتەوە

75
«هەموو جیهان بڕوات بۆ دۆزەخ، من دەبێت کوپە چاکەم بخۆمەوە». فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی. 

باوەڕناکەم لە کۆمەڵگەیەکی خۆرهەڵاتیدا وا بە ئاسانی بتوانرێ چەمکی تاکگەرایی زەق بکرێتەوە وبانگەشەی بۆ بکرێ، بەتایبەت ئەو کۆمەڵگەیانەی هێشتا پرەنسیپ وبنەماکانی رادیکاڵیەت تیایاندا سەریهەڵنەداوە، یان ئەوانەی دین دەستی خستۆتە ناو زۆربەی جومگەکانی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەوە. سەختە لەناو سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی وا داخراو و ناتێگەیشتوودا بەها بە تاکێتیی خۆت بدەیت وچاوەڕێ بیت رێز بۆ تاک دوور لە بیرکردنەوە و دنیابینیی بەکۆمەڵ و ژیان و دەستێوەردانی بەکۆمەڵ لە وردەکارییەکانی ژیانی ئەوانی تردا لە ژێر بیانووی دابونەریت و دیندا ئەزموون بکەیت. چونکە تاکگەرایی لەناو کەشوهەوای لیبراڵی ورادیکاڵیدا نەشونما دەکات کە مەبەستی چاکسازیی بێت لە هەموو بوارەکاندا لەبەرژەوەندیی تاک. 
ئەگەر وەکو لە پێناسەکەیدا هاتووە کە هەڵوێستێکی ئەخلاقی و فەلسەفەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی، یان تێڕوانینێکی کۆمەڵایەتی لە بەهای مەعنەوی تاک لە تاکگەرایی بڕوانین، ئەوا دەبێت بڵێین ئێمە لەناو سیستەمێکداین هەڵگری ئەخلاقێکە جێگەی متمانە نییە لەسەر بنەمای فەلسەفەیەکی سیاسی وئایدیۆلۆژی کە هێشتا تاکی لە جێگەی شایستەی خۆی دانەناوە، و دواجار کۆمەڵگە بە بەهەند وەرگرتنی فاکتەری دین وعورف ونەریت هێشتا هوشیارییەکی کرچ وکاڵی لەمەڕ چەمکی تاکگەرایی هەیە. 
چونکە قسەکردن لە تاکگەرایی لە قسەکردن لە ئازادیی تاک دابڕاو نییە، بەڵام لەوجۆرە کۆمەڵگەیاندا ئەو ئازادییە هەمیشە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی سەرووی کۆمەڵگەیە کە دەوڵەت و دین وعورفی کۆمەڵایەتین، تاک لەو هاوکێشەیەدا دەکەوێتە دەرەوەی بازنەکەوە و قانوونەکانی هیچ جۆرە ئازادییەک نایگرێتەوە. بەمجۆرەش هەموو قسەکردنێک لە چەمکی تاکگەرایی بەتاڵ دەبێت. 
هەڵگرانی بیری دینیی توندڕەو تاکیان کردۆتە ئامانج لە هەموو روویەکەوە بە بیانووی چاکە و خراپە و پاداشت وسزا و دنیا ودۆزەخ، لە کاتێکدا کە تاکێک هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ئەوانی تر نەبێت، دەبێت باوەڕ بەوە بهێنین هەرکەس ئازادە رێگەی خۆی دەستنیشان بکات و ئارەزوومەندانە پیایدا بڕوات و بەشیوازی خۆی بچێتە دۆزەخ یان بەهەشتەوە. ئەگەر لە چونکە دواجار ئەوە تاکە کەسی سوودمەند و زیانلێکەوتوو هەر خودی تاکەکە خۆی دەبێت، ئیترشتێکی بێمانایە کەسێکی تر خۆی بەوەوە سەرقاڵ بکات کەسانی تر چۆ بیردەکەنەوە و جۆن ژیان بەسەردەبەن، هەروەک شتێکی بێمانایە دەسەڵاتێکی حوکمدار تاکی لە دەرەوەی هەموو هاوکێشەکان دانابێت. 
لە کۆمەڵگە لیبراڵیەکاندا تاک لەناو سیستەمێکی حوکمراندا دەژی کە هەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ دەستەبەرکراوە، هەر شتێکی پێویست بێت، پیویست ناکات بۆ گەورەتر لە خۆی یان دەسەلاتی دینی یان کۆمەڵایەتی بگەڕێتەوە، بەشێوەیەکی سیستەماتیک کێشەکانی لەناو تۆڕێکی بەیەکەوە گرێدراو لە قانوون و خزمەتگوزاری لەسەر بنەمای ماف و ئەرکەکان چارەسەر دەبن یان ئەگەر هەڵەیەکیش بکات ئەوە تەنها قانوونە دەسەڵاتی سزادانی هەبێت ولەناو کۆمەڵگەدا بەچەشنی کۆمەڵگەی ئێمە نەفرەتی لێناکرێ. لەم کۆمەڵگەیانەدا تاک دەنگی بیستراوە و توانای گۆڕین چاکسازی هەیە.  
بە کورتی لەوجۆرە کۆمەڵگەیانەدا تاک لە دەستی قانوندایە، بەڵام لە کۆمەڵکەکانی خۆرهەڵاتدا تاک لەدەستی پیاوانی دین، کۆمەڵگە وسیستەمێکی کۆمەڵایەتی حوکمڕانیدایە کە باوەڕی بە تاکگەرایی وهیچ ماف وئازادییەکی تاک نییە دوور لە چاوی دەسەڵاتی دین و دەوڵەت وداب ونەریت.

وتارەکانی نوسەر