له درێژه‌ی قه‌یرانی سوریا و ده‌رنه‌كه‌وتنی هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی، شه‌ڕ له شه‌قامه‌كان به‌رده‌وامه، كوشتن له‌سه‌ر ناسنامه به‌رده‌وامه، مه‌زهه‌بگه‌رایی و تایه‌فه‌گه‌ری به‌رده‌وامه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش هاتنه ناوه‌وه‌ی سه‌دان چه‌كداری گروپه چه‌كداره‌كان و ده‌ستێوه‌ردانی ئیقلیمی بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وامه، خه‌ڵكی سوریا پێویسته به جددی بیر له رێگه‌چاره‌یه‌ك بكه‌نه‌وه كه دوور بێت له ئه‌جێندای ده‌ره‌كی، یه‌كه‌م هه‌نگاویش نه‌هێشتنی په‌یوه‌ندیی گروپه ناوخۆییه‌كانه له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا، ئێستا زه‌نگی مه‌ترسی لێی داوه و پێویسته حکومەتی دیمەشق زه‌نگی مه‌ترسی لایه‌نی ده‌ره‌كی به‌هه‌ند وه‌ربگرێت.
ته‌نها رێگه‌چاره
تاكه رێگه‌چاره‌یه‌ك كه مابێت، رێگه‌چاره‌ی ناوخۆییه، ئه‌ویش دوای شكستی رێگه‌چاره ده‌ره‌كییه‌كان، دیمەشق پڕۆژه‌ی پێشكه‌ش كردووه، به‌ڵام زۆر لاوازه، كوردیش رێگه‌چاره‌ی پێشكه‌ش كردووه، كه بۆ ئه‌م ساته‌وه‌خته گونجاوه، ئه‌ویش فراوانكردنی ئیداره خۆجێییه‌كانه له‌گه‌ڵ به‌شكردنی سامان، به‌ڵام حکومەتی سوریا كه پێشتر ئه‌مه‌ی قبووڵ بوو، ئێستا به‌هۆی پشتبه‌ستنی به لایه‌نی ده‌ره‌كی، نزیكبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا ئه‌سته‌م كردووه، به‌تایبه‌تیش كه دیمه‌شق به ته‌واوی پشتی به مۆسكۆ به‌ستووه و ئه‌ویش كێشه‌كانی سوریای پێ چاره‌سه‌ر ناكرێت، ئه‌مریكاش رێگریی له نزیكبوونه‌وه‌ی كورد و رژێمی ئه‌سه‌د ناكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی باش ده‌زانێت كه چاره‌سه‌ره‌كه له نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو لایه‌نه‌دایه، كه‌واته چه‌ره‌سه‌ری ناوخۆیی گونجاوە له‌گه‌ڵ خواستی ئه‌مریكا و مانه‌وه‌ی درێژخایه‌نی له سوریا، سوریاش ناتوانێت ئەوە ره‌ت بكاته‌وه.
قه‌یرانی سوریا گه‌یشتۆته دۆخێك كه چاره‌سه‌ری ئه‌سته‌مه، حكومه‌تی دیمه‌شقیش نازانێت چی بكات، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌وڵه‌ته و له‌سه‌ر پێی خۆی ماوه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی واقیع هێنده‌ی نه‌ماوه بڕووخێت، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م كه‌لله‌ڕه‌قییه‌ی خۆی بمێنێته‌وه، چونكه گوشارێكی زۆری له‌سه‌رە لە ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش، به تایبه‌تیتریش له بواری ئابووریدا كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی هاووڵاتیانی سوریا له ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی حکومەتدا بژێوی رۆژانه‌یان پێ په‌یدا نابێت، هه‌ژموونی دەسەڵاتە سیاسییەکەشی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی رۆژ به‌رۆژ كه‌م دەبێتەوە.
وێرانەی سوریا دوای ساڵانێک لە شەڕی گروپە چەکدارەکان
رای جیاواز قبووڵ ناكات
سه‌رباری ئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره‌ش، هێشتا دەسەڵاتدارانی رژێمی سوریا تا مه‌یلی قبووڵكردنی بیروڕای جیاوازیان نییه، له كاتێكدا كورد كه بیروڕای جیاوازی هه‌یه، پڕۆژه‌ی سیاسی و ئابووری و سه‌ریازی زۆر باشی پێشكه‌ش كردووه، به‌ڵام مانه‌وه‌ی دیمه‌شق به‌م شێوه‌یه و به‌بێ هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك، هێنده‌ی دیکە لاوازی ده‌كات، خۆشی باش ده‌زانێت، ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتان وایكردووه قه‌یرانی سوریا به‌رده‌وام بێت و بێچاره‌سه‌ر بمێنێته‌وه.
سوریا ناگه‌ڕێته‌وه بۆ رۆژانی رابردوو، ره‌نگه خه‌ون به‌وه‌وه ببینێت كه رۆژێك له رۆژان وه‌ك جاران ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا هه‌بێت و به ئاره‌زووی خۆی جیاكاری ره‌گه‌زی بكات و حوكمی تاكڕوانه‌ی خۆی پیاده بكات، ئه‌وه روونادات، راسته رژێم ده‌رفه‌تی هه‌یه بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك ناوچه، ئه‌ویش به‌هۆی رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ روسیا و توركیادا، به‌ڵام ئه‌وه مانای سه‌ركه‌وتنی گه‌لی سوریا نییه، ئه‌و گه‌له‌ی كه باجێكی زۆری داوه، له رشتنی خوێنێكی زۆر و ئاواره‌بوون و وێرانی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كانی.
و: لاپه‌ڕه‌ی سیاسه‌ت