شەرعییەتی دامەزراوەکان

09:43 - 2022-11-14
ئازاد جۆڵا
259 خوێندراوەتەوە

کەمن ئەو گەلانەی لەپێناوی ئازادی خۆیان و رزگاریی نیشتمانەکەیاندا  هێندەی گەلی کوردستان قوربانیان دابێ و هیچ دەستکەوتێکیشی ئەوتۆشیان بەدەست نەهێنابێت،
لە چوار پارچەی کوردستان ئەگەر بە شێوەی رەسمی و دێکیۆمێنتی و دەستووری سەیری  بکەین، تەنها ئەم بەشەی باشوورە کە خاوەنی قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆیە، بەڵام ئەم قەوارەیەش پڕە لە مەترسی لەناوچوون، بۆچی؟

کاتێک قەوارەیەکی سیاسی پارێزراو و سەقامگیر دەبێت، کە گەلەکەی شانازی پێوە بکات و بەجۆشەوە بەرگری لێبکات و دەنگ و رەنگی خۆی تێدا بەدی بکات

لە شێوازی خراپی حکومڕانی و چەقبەستوویی سیاسی و بێ متمانیەیی خەڵک بە حکومەت و نەمانی ئینتیمای خەڵکێکی زۆر و خراپی پەیوەندیی دیپلۆماسی و زۆریی گەندەڵی و کەمی شەفافییەت و نەبوونی سەروەریی یاسا و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ...هتد.

کاتێک قەوارەیەکی سیاسی پارێزراو و پێشکەوتوو و سەقامگیر دەبێت، کە گەلەکەی شانازیی پێوە بکات و بە جۆشەوە بەرگریی لێبکات و خۆی بە خاوەنی بزانێت و دەنگ و رەنگی خۆیی تێدا ببینێتەوە. 
قەوارەی سیاسی  بە مانای دامەزراوە سیاسی و یاساییەکان دێت، هەرێمی کوردستان بە رواڵەت خاوەنی چەندین دامەزراوەی یاسایی و سیاسی و دیپلۆماسییە، بەڵام لێرەدا قسە لەسەر شەرعییەت و هەیبەت و رۆڵ و کاریگەریی و یاسایی ئەم  دامەزراوانەیە.
شەرعییەت وەرگرتنی هەر دامەزراوەیەک لە گەلەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش دیارە ئەم شەرعییەت پێدانەش بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە، واتە ئەگەر لەو ماوەیە ترازا «ئەگەر پاساوێکی شەرعی نەبێت» ئەوا شەرعییەتی نەک دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو هەر نایمێنێت.
با بێین سەیری دامەزراوەکانی هەرێم و شەرعییەتیان بکەین، ئەو شەرعییەتەی تەنها دەنگ و ئیرادەی گەل پێی دەبەخشێ و هەر ئەویش نرخ و بەهای بۆ دیاری دەکات.
*ئەنجومەنی پارێزگاکان شەرعییەتیان نەماوە، چونکە هەڵبژاردنیان لە وادەی خۆیدا بۆ نەکراوەتەوە، لەدۆخێکی لەو جۆرەشدا بێگومان هیچ کام لە پارێزگارەکانیش شەرعییەتیان نامێنێت.
*کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی شەرعییەتی نەماوە.
*دەستەی نەزاهەی هەرێم شەرعییەتی نەماوە.
*دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم  شەرعییەتی نەماوە.

ئەمانە  لەڕووی یاساییەوە ساڵانێکە  شەرعییەتیان لەدەستداوە،رەنگە هەندێکی تریش هەبن و من لە خەیاڵم نەبێ .
ئەوەی سەیر و  گرفتێکی گەورەیە و تەنانەت  بۆتە دیاردە و وەک نەخۆشییەکی کوشندەی نەتەوەیی لێهاتووە ئەوەیە،  لەم هەرێمەی ئێمەدا کێشەی بەسەرچوون و ناشەرعی بوون تەنها دامەزراوەکانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو زۆربەی هەرە زۆری رێکخراو و سەندیکاکانیشی گرتۆتەوە، چونکە هەریەک لەمانە ئەگەر سەیری مێژووی دامەزراندن و تەمەنیان بکەی، بۆت دەردەکەوێت چەندین خول و ساڵ و چەندین کۆنگرە و کۆنفرانس، متمانەی خەڵک و ئەندامان و دەنگدەرانیان قەرزارن.

وتارەکانی نوسەر