وردتر

خێرسۆن لە نێوان كریمیا و كیێڤدا

09:53 - 2022-11-15
لەشکر حەمە ساڵح
237 خوێندراوەتەوە

وەك چاوەڕوان دەكرا و لە ئەڵقەكانی پێشووی (وردتر)دا ئاماژەمان پێكردووە، هێزەكانی روسیا بە ناچاری لە شاری خێرسۆن كشانەوە و هێزەكانی ئۆكرانیا ئاسانتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا ئەو شارەیان كۆنترۆڵ كرد؛ بەڵام هێشتا بەشێكی گرنگی وێنەكە روون نەبۆتەوە، ئۆكرانیا ئەركی قورستری لە پێشە بەتایبەتی كە ئێستا نزیكەی نیوەی ئەو كاتە تێپەڕیووە كە سەنتەرێكی توێژینەوە و هەواڵگریی ئەمریكایی بۆ پێشڕەوییەكانی كیێڤی داناوە.
لەوانەیە هەندێك نەیانپرژابێتە سەر ئەڵقەی گۆشەی (وردتر)ی رۆژی 2022/10/25 كە باس لە راپۆرتێكی سەنتەری ستراتفۆری ئەمریكایی كراوە، بۆیە لێرەدا گرنگترین خاڵی دادەنێینەوە:
(ئەگەر ئۆكرانیا لە پێشڕەوییەكانی بەردەوام بێت، ئەوا دەتوانێت لە ماوەی ئەو شەش هەفتەیەدا لە هەرێمی كریمیا نزیك ببێتەوە؛ ئەگەر نەشتوانێت هەرێمەكە یان بەشێكی، تەنانەت رێگەكانی كۆنترۆڵ بكات، خودی نزیكبوونەوەكە بەها و واتایەكی گەورەی هەیە، هەم بۆ بەرزبوونەوەی ورەی ئۆكرانییەكان؛ هەمیش بۆ داڕووخانی ورەی روسەكان كە شێلگیرانە و بەئامراز و رێگەی جۆراوجۆر هەوڵ و كۆشش دەكەن بۆ سەرخستنی پلانەكانیان لە ئۆكرانیا).
دوای كۆنترۆڵكردنەوەی خێرسۆن لەلایەن ئۆكرانیاوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئەو وڵاتە سەردانی شارەكەی كرد كە بووە مایەی نیگەرانیی روسەكان؛ ئەوانەی چەند رۆژێك لەوەوەبەر بەناچاری شار و ناوچەكەیان بەجێهێشت. ئەو نیگەرانییە ئەوەی لە بیر نەبردنەوە كە جەخت بكەنەوە لەسەر ئەوەی كە هەرچەندە ئەو شارە و بەشی زۆری هەرێمەكەی ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی ئۆكرانیادان، بەڵام هێشتا ئەو ناوچانە خاكی روسیان، واتە سووربوونە لەسەر ئەو ریفراندۆمەی لە چەند مانگی رابردوودا بەڕێوەچوو و روسیا چوار هەرێمەكەی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیای پێ كردە كۆمار لە ناو چوارچێوەی یەكێتیی فیدراڵیی روسیادا.
رەنگە ئەركی قورستر و ئاڵۆزتر لە بەردەم ئۆكرانیادا مابێت، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەو جۆر و ریتمەی ئێستا بڕوات؛ لەو سێ هەفتەیەی لە وادەكەی سەنتەری ستراتفۆر ماوەتەوە، پێشهات و بەرەوپێشەوەچوونی زیاتر روودەدات، بەڵام هێشتا بارودۆخەكە بەتەواوەتی بۆ بەرژەوەندیی ئۆكرانیا یەكلایی نەبۆتەوە، بەڵكو هێشتا روسیا هێزێكی گەورەی حساب بۆكراوە، دەتوانێت بە تاكتیك و هەنگاوی شۆكئامێز ئاراستە و پێشهاتەكانی جەنگەکە هەڵبگێڕێتەوە. 
بۆ نموونە روسیا دەتوانێت لانیكەم ئەو هێرشانە بەهێزتر و فراوانتر بكات كە دەیكاتە سەر ژێرخانی ئۆكرانیا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە وزە و بەرهەمهێنانی وزە لە كیێڤی پایتەخت و ناوچەكانی تری ئۆكرانیا، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە ناوچەكە بەرەو دەستپێكردنی وەرزی سەرما و سۆڵەیەکی سەخت دەڕوات. ئەمە جگە لەوەی هێشتا روسیا یاریكەری سەرەكییە لە دەستپێشخەری، نەك لەسەر ئاستی ناوچەكە و شەڕی ئۆكرانیا، بەڵكو لە تەواوی هەرێمەكەدا هەژموون و كاریگەریی ماوە.
رەنگە سێ هەفتەكەی ستراتفۆر وادەیەكی رەسمی و زۆر ئەبستراكت نەبێت بەهێندەی ئەوەی وادەیەكی وەهمی بێت و بەشێك بێت لە خودی پلانی ئەو جەنگە تایبەتەی هاوشانی جەنگی راستەقینەی ئۆكرانیا روودەدات، بەڵام لە راستیدا بارودۆخەكە بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەڕوات، دیارە زۆرجار ئەو قووڵبوونەوەیە نیشانەی كۆتایی هاتنە نەك درێژەكێشان!

وتارەکانی نوسەر