خۆزگە لە سەردەمی ئێمەشدا کەسێکی وەک سەرۆک بافڵ دەبوو

10:07 - 2022-11-15
سەرباز تاڵەبانی
495 خوێندراوەتەوە

لە هەموو جیهاندا داینەمۆی گۆڕانکاری و پێشخستنی وڵات وابەستەیە بە سیستمی خوێندنێکی باش و خوێندکارانی ئەو رێگایە، کاتێک خوێندکار مێشک و هۆشی ئاسوودە بوو و کێشەی ئەوەی نەبوو پارەی مەلزەمەکەی چۆن و بەچی پەیدابکات، شوێنێکی مانەوەی شایستە و سیستمێکی خوێندنی دروستی هەبوو، ئیتر داهێنان و فکرەی هەمەلایەنەشی بۆ دروست دەبێت.
ئەوەی پەیوەندیی بە  نۆستالۆژیای هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پەروەردەی سەرەتاییمان پڕبووە لە هەڵە، مەنهەجمان تەنیا دەرخکردن بووە، منداڵانی ئێمە خۆیان کێشیان 15 کیلۆیە کەچی جانتایەکی 20 کیلۆیی دەدەن بەشانیاندا و دەڕۆن بۆ خوێندنگە، کە گەورەش دەبین و دەچینە زانکۆ و پەیمانگە لەبەر زۆریی مەسروفی رۆژانەی خوێندن، بەشێکی زۆرمان لەپاڵ خوێندندا ناچارین کارێک بکەین. 
پسپۆڕانی بواری خوێندن دەڵێن: (بۆ ئەوەی فێربیت دەبێت مێشکت ئاسوودە بێت)، جا لە کوردستانی خۆمان خوێندکاران ئەوەندەیان کێشە هەبووە، هیچکات نەیانتوانیووە مێشکیان بۆ خوێندن یەکلایی بکەنەوە.
لە رابردوودا هیچ کەس ئامادە نەبووە گوێ بۆ داواکارییەکانی خوێندکاران بگرێت، چینی خوێندکاران دواهەمین چین بوون کە بەرپرسان و کاربەدەستان گوێیان لێگرتبن، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەست دەیان کێشەی وەک (شوێنی مانەوە، ساردکەرەوە، گەرمکەرەوە، کەلوپەلی وانەی پراکتیکی، دەرماڵە و...هتد) دەیانناڵاند، بەڵام هیچ کەسێک نەبوو هانای بۆبەرن و گوێیان لێبگرێت.
بۆ یەکەمین جار سەرۆکی حزبێک توانی راستەوخۆ و لەنزیکەوە بانگهێشتی خوێندکاران بکات و چەندین سەعات لەسەریەک گوێ لە داواکاری و رەخنەکانیان بگرێت، هەر دوای ماوەیەکی کورتیش توانی بەشێکی زۆری داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ بکات، ئەگەرچی ئەمە ئیشی حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵابوو.
بۆ ئەمساڵی خوێندنیش دیسان سەرۆک بافڵ پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆی بۆ خوێندکاران دووپاتکردەوە، بەڵێنی پێدان جارێکی تر داواکارییەکانیان بۆ ئەمساڵی خوێندنیش جێبەجێ بکات.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئەگەر ئێمە حکومەتێکی دادپەروەر و دیموکراتمان هەبوایە،بەهاناوەچوونی داواکاریی خوێندکاران ئەرکی  حکومەتە یان سەرۆکی حزبێک؟
ئایا ئەگەر لە رابردوودا سەرۆک حزبێکی تر یان حکومەتێکی شەفاف هەبوایە و گوێی لە خوێندکاران بگرتایە، ئێستا پڕۆسەی خوێندن لە چ ئاستێکدا دەبوو؟
بەداخەوە ئێمە خوێندنمان بە هەموو تاڵی و سوێرییەکەوە تەواوکرد، بەبێ ئەوەی کەسێک هەبێت پشتی پێببەستین، بۆیە دەڵێین خۆزگە لەسەردەمی خوێندنی ئێمەشدا کەسێکی وەک سەرۆک بافڵ دەبوو تا گوێی لە ئێمەش بگرتایە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قەڵای پاراستنی مافەکانی گەنجان و خوێندکارانە

وتارەکانی نوسەر