پێشنیازێکی هەڵە لەکاتێکی هەڵەدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

10:29 - 2023-07-24
سەرباز تاڵەبانی
418 خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بە نووسراوێکی رەسمی وەڵامی داواکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دایەوە و پێشنیازی کردووە، کە کۆمسیۆن دەتوانێت لە رۆژی 18/2/2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، بۆ ئەو مەبەستە لە نووسراوەکەدا داوایان لە سەرۆکی هەرێم کردووە کە تاوەکو 1/8/2023مەرسومی هەرێمی دەربکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە شوباتی ساڵی ئایندەدا.
هەروەک دەزانرێت لە 18/12/2023 کۆمسیۆن سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی  پارێزگاکانی عیراقی پێ سپێردراوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چۆن بە (2) دوو مانگ کۆمسیۆن دەتوانێت سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات؟
لە هەموو دونیادا کۆمسیۆن لانیکەم پێویستی بە (6) شەش مانگە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن! 
ئەمە لەلایەک لەلایەکی ترەوە کۆمسیۆنی عیراق لە مانگی 1 ی 2024 وادەکەی کۆتایی دێت، ئایا دەتوانرێت بەو خێراییە پەرلەمانی عیراق وادەیان بۆ درێژبکاتەوە، ئەم کردارە لە کەشوهەوای پەرلەمانی عیراق بەو خێراییە و بەبێ کێشە دەکرێت؟ لەکاتێکدا پەرلەمانی عیراق نەیتوانی وادەیان بۆ درێژبکاتەوە، چی بەسەر چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دێت؟
ئەمە جگە لەوەی ئایا لە دەستووردا رێگەپێدراوە کۆمسیۆنی عیراق داوای دەرکردنی مەرسوم لە دامەزراوەیەکی وەک سەرۆکایەتی هەرێم بکات، کە دادگای باڵای فیدراڵی دەسەڵاتی لێ سەندۆتەوە؟
ئەگەر هەموو ئەمانەی سەرەوەش وەڵامیان هەبێت، ئەی چی سەبارەت بە وەرزی زستان کە کۆمسیۆن پێشنیازیکردووە بۆ وادەی هەڵبژاردن، هەموان دەزانن مانگی شوبات مانگی بەفر و سەرما و سۆڵەیە کە زۆربەی ساڵەکان لەم مانگەدا هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان دەوەستێنرێت لەبەر بەستنی جادە و بەفر و سەرما، ئەمەش گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم دەنگدەران کە نەتوانن دەنگ بدەن، کە یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەشداریکردنی زۆرترین دەنگدەرە لە دەنگداندا.
جگە لەو خاڵانەی سەرەوە چەندین پرسیاری تر دێتە پێشەوە بۆ نموونە:
* ئایا کۆمسیۆنی عیراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات یان چاودێری دەکات؟
* رۆڵی کۆمسیۆنی هەرێم لەم پڕۆسەیەدا لەکوێی هاوکێشەکاندا دەبێت؟
* بە چ سیستمێک هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بە سیستمی 2018ی پەرلەمانی کوردستان، یان بە سیستمی 2021 ی پەرلەمانی عیراق؟
* کورسی پێکهاتەکان چۆن و بە چ میکانیزمێک رێکدەخرێن؟
* سەبارەت بە جیاکردنەوەی دەنگەکان شێوازی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی یان شێوازی جیاکردنەوەی دەستی بەکاردەھێنرێت؟
* کێ بودجەی پێویست بۆ ئەم هەڵبژاردنە دابین دەکات هەرێم یان عیراق.
دواجار کاربەدەستان لە سەرۆکایەتی هەرێم، پێویستە بیروڕای هەموو حزبە کوردییەکان وەربگرن و دیراسەیەکی وردی بابەتەکان بکرێت بەتایبەتی لەسەر مانگی شوبات، ئینجا وەڵامی نووسراوەکەی کۆمسیۆن بدرێتەوە، کە بەڕای شارەزایانی بواری هەڵبژاردن باشترین کات بۆ هەڵبژاردنێکی بێ کەموکووڕی مانگی نیسانی ساڵی ئایندەیە.
*ماستەر لە هەڵبژاردن

وتارەکانی نوسەر