کێ رێگرە لەبەردەم هەڵبژاردندا؟

09:58 - 2022-12-22
سەرباز تاڵەبانی
508 خوێندراوەتەوە

بەپێی مەرسومی هەرێمیی لە ھەرێمی کوردستان، دەبوایە لە بەرواری 01-10-2022 ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرایە، بەڵام نەکرا و وادەیەکی دیکەشی بۆ دیاری نەکراوە.
گرفتی لایەنەکان لەگەڵ یەکتر هەیە سەرەکیترینیان یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی ھەموارکراوە، بەتایبەتیش ئەو مادانەی کە تایبەتن بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ 11کورسی کەمینەکان و پاکردنەوەی لیستی تۆماری دەنگداران و بازنەکانی ھەڵبژاردن.
 لەڕاستیدا ئەگەر نییەتێکی پاک ھەبێت زۆر بەئاسانی لەسەر ئەم کێشانە دەتوانرێت بگەنە سازانێکی نیشتمانی کە ئاوێتەی بەرژەوەندی گشتی بێت.
پارتی کە زۆرینەی کورسیی پەرلەمانیین، لە %30 کۆی دانیشتوانی ھەرێم پێکدێنن، سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بە سیستمی یەک بازنەیی، چونکە لە رابردوودا زۆرترین قازانجیان لەم سیستمە کردووە. 
سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ھەرێم و وەزارەتە سیادییەکانیان بەھۆی ئەم سیستمەوە بەدەستھێناوە ئێستا قورسە بۆیان دەستبەرداری ئەو سینیە ئاڵتوونییە ببن، چونکە دڵنییان ئەگەر بە سیستمی فرەبازنەیی بچنە ناو ھەڵبژاردنەوە، قورساییان بەشی ئەوە ناکات ئەم ھەموو پۆستە وەربگرن، بێخەبەر لەوەی لایەنە سیاسییەکانی تر بەتایبەتیش حزبە رکابەرەکەیان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لێیان قبووڵناکات چییان بوێت ئەوانیش ئەزبەنی بۆ بڵێن.

پارتی کە زۆرینەی کورسیی پەرلەمانیین، لە %30 کۆی دانیشتوانی ھەرێم پێکدێنن، سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن بە سیستمی یەک بازنەیی، چونکە لە رابردوودا زۆرترین قازانجیان لەم سیستمە کردووە

ئێستا سەرۆکایەتی یەکێتی لەلایەن گەنجێکی ھەڵکەوتوو و پێگەیشتوەوە دەکرێت کە ھەموو سنوورەکان تێک دەشکێنێت لەپێناوی بەرژەوەندی خەڵکەکەی، حزبە ئیسلامییەکان و ئۆپۆزسیۆن لەو پەڕی راستڕەوی بۆ ئەو پەڕی میانڕەوی، تێگەیشتون لەوەی کە لە رابردوودا ھەڵەیان کردووە کە ئەوەندە نەرمییان نواندوە بۆ پارتی، ئێستا دەیانەوێت بە پارتی بڵێن ستۆپ، ھەر بۆیەشە ھەموویان کۆکن لەسەر سیستمی فرەبازنەیی، چونکە باش تێگەیشتوون کە ئەگەر ھەڵبژاردن بە سیستمی فرەبازنەیی بەڕێوەبچێت، تەزویر کەمتر دەبێتەوە و ئیتر پارتیش ناتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە.
پێویستە ئەوبەرەیەی کە لە%70ی ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنن، گوشارەکانیان لەسەر زیاتر بکەن ، جا چ بە پچڕانی پەیوەندی بێت لەگەڵیان، یان بایکۆتکردنی حکومەت و پەرلەمان، یان ھێنانە سەرخەتی وڵاتان لە رێگەی کونسوڵگەرییەکانیانەوە لە عیراق.
بە دڵنیاییەوە ئەگەر یەکێک لەم ھەڵوێستانە بەجدی وەربگرن و سووربن لەسەری و یەک دەست و یەکگرتووبن، ئەوا پارتی ناچار دەبێت مل بۆ داواکارییەکانیان بدات، ئەمەش وادەکات لەماوەیەکی دیاریکراودا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

وتارەکانی نوسەر