هەڵبژاردنی تورکیا و مەسەلەی کورد لە نێوان کڵچدار ئۆغڵو و ئەردۆغاندا

09:48 - 2023-03-13
سەرباز تاڵەبانی
517 خوێندراوەتەوە

وابڕیارە لە 14/5/2023 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەبچێت، لەم هەلبژاردنەدا لایەنەکان کێبڕکێ دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی (600) کورسی پەرلەمان و پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا.

سێ بەرەی سیاسی
ئێستا حزبە رکابەرەکان بۆ ئەو دوو هەڵبژاردنە، بوون بە سێ بەرەوە:
بەرەی یەکەم- (ئاکپارتی و مەهەپە) وەک حزبی دەسەڵات.
بەرەی دووەم- هاوپەیمانی (گەل)ە كە لە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بە سەرۆكایەتی كەمال كلیچدار ئۆغلو، ئیی پارتی (پارتی باش) بە سەرۆكایەتی مەراڵ ئاكشەنەر، پارتی سەعادەت بە سەرۆكایەتی تەمەل كارامۆللا ئۆغلو، پارتی پێشكەوتن و دیموكراسی (دەڤا) بە سەرۆكایەتی عەلی باباجان، پارتی ئایندە بە سەرۆكایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ و پارتی دیموكرات بە سەرۆكایەتی گولتەكین ئۆیسال پێكدێت.
بەرەی سێیەم- حزبی (هەدەپە)ی کوردە کە لەم نێوەندەدا هێشتا بەتەنهایە لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی دیموکراتخواز، بەڵام ئەویش وەک ئۆپۆزسێونێکی تر خۆی نمایش دەکات.
کاندیدی هاوبەشی بەرەی دەسەڵات (رەجەب تەیب ئۆردۆغان)ە کە لە ساڵی 2014 ەوە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەکات. كاندیدی هاوبەشی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا (كەمال كلیچدار ئۆغلو)ە، هەرچەند کورد تائێستا کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەستنیشان نەکردووە.

تورکیا لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدا

  کورد لە نێوان ئەردۆغان و کلیچدار ئۆغڵودا
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە لە نێوان ئەردۆغان و کلیچدار ئۆغڵو مەسەلەی کورد لە تورکیا چی بەسەر دێت؟
لەنێوان ئەم دوو بەرداشەدا کورد کامیان هەڵبژێرێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە و چەندین پرسیاری تر پێویستە تیشک بخەینە سەر مێژووی بیرکردنەوەی ئەم دوو کارەکتەرە سەبارەت بە مەسەلەی کورد، ئەگەرچی کەمال کلیچدار ئۆغڵو بە بنەچە کوردی عەلەویە و لە شاری (دەرسیم)ی باکووری کوردستان لەدایکبووە، بەڵام بە سەرسەختترین نە یاری کوردیش ئەژمار دەکرێت لەو وڵاتەدا، چونکە هەستیارییان بە ناوی کوردیش هەیە، نەک ناوهێنانی دۆزی کورد و قسە لەسەرکردنی وەکو گەلێکی خاوەن کێشەی سیاسی و تەنانەت کولتوری و فەرهەنگیش لە تورکیا، کلیچدار ئۆغڵو لەوانەیە کە داوا لە پەرلەمان دەکەن بۆ رێگەدان بە سوپا و بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەڕاسیۆن بۆ سەر پەکەکە. ئەمە جگە لەوەی بەهۆی گوێڕایەڵی بۆ سیاسەتە شۆڤێنییەکانی پارتەکەی دژی کورد، بەخێرایی پلەکانی حزبایەتی بڕیوە و بۆتە جێگری (دەنیز بایکاڵ)ی سەرۆکی پێشووی (جەهەپە)، ئەیش پاش ئاشکرابوونی ئابڕووچوونەکەی (بایکڵ) و ناچارکردنی بە دەست لەکارکێشانەوە، ئەوکاتە کلیچدار ئۆغڵو شیاوترین کەس بوو بۆ جێگرتنەوەی لەناو حزبەکەدا و توانی لەکۆنگرەی ئەو پارتەدا لە 22-23/5/2010 ببێتە سەرۆکی (جەهەپە).
سەبارەت بە رەجەب تەیب ئەردۆغانیش هەرچەندە ئەم کارەکتەرە نەیتوانیوە لە ئاست چاوەڕوانی کورددا بێت لەو وڵاتەدا و بەتایبەتیش دوای کودەتاکەی شەوی 15 لەسەر 16ی تەمموزی 2016، ئەردۆغان دەستیکرد بەڕەشبگیریی چالاکوانە سیاسییە کوردەکانی باکوور و چەندین پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی کوردی دەستگیرکرد، پاشان بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا سەلاحەدین دەمیرتاش)ی هاوسەرۆکی هەدەپەی دەستگیرکرد و تائێستاش لە بەندینخانەیە.

مامەڵەی کورد لەگەڵ ئەردۆغان
هەرچەندە کورد خۆشی نەیتوانیوە مامەڵەیەکی ژیرانە لەگەڵ ئەردۆغاندا بکات، ساڵی 2015 ئەوکاتەی کورد توانی 81 کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، بەڵام نەیتوانی سوود لە ناکۆکی نێوان ئاکپارتی و جەهەپە ببینێت، ئەوکات حزبەکەی ئەردۆغان سەردانی هەدەپەی کرد و دەستی هاوکاری بۆ درێژکردن بۆ ئەوەی رێکبکەون تا بتوانن حکومەت پێکبهێنن، بەڵام کورد رەتیکردەوە لەگەڵ ئەردۆغان رێک بکەوێت، هەر ئەمەش وایکرد هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە و کوردیش بەشێک لە کورسییەکانی لەدەست داو دابەزی بۆ 59 کورسی، کورد لەو ساڵەدا زێڕینترین دەرفەتی لەدەستدا، چونکە ئەوکات ئەردۆغان ئامادەبوو کورد هەر پۆستێک لە حکومەت داوابکات پێیانی بدات، ئەگەر ئەو رێکەوتنە بکرایە رەنگ بوو مەسەلەی کورد لەو وڵاتە چەند هەنگاوێکی تری ببڕیایە.
بۆیە لەنێوان بەرداشی کلیچدار ئۆغڵو و ئەردۆغاندا پێویستە کورد مامەڵەیەکی عەقڵانی و پراگماتیانە بکات بەتایبەتیش ئێستا کە دۆسێی یاسایی بەرامبەر بە سەرکردەکانی هەدەپە کراوەتەوە، کوردیش ئەمڕۆ ژمارەیەکی قورسە لە پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی تورکیادا، بەو مەرجەی هەژموونی  (پەکەکە) لەسەر خۆی کاڵ بکاتەوەو مەسەلەی کورد و خەباتی مەدەنی بنەمای کار و ستراتیژیان بێت، هەروەکو لە هەڵبژاردنەکانی 2014 و 2018دا دەرکەوت، دواتریش لە هەڵبژاردنی 2019ی شارەوانییەکاندا، دەنگدەرانی کورد لە ئیستانبوڵ توانیان (ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو)ی کاندیدی جەهەپە سەربخەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانیی گەورەی تورکیا لەبەرامبەر (بینالی یڵدرم)ی کاندیدی دیاری ئاکپارتی. لەبەرامبەردا و لە هەمانکاتدا جەهەپە بەدەنگی دەنگدەرانی هاوکاربوو بۆ لە دەربازکردنی (هەدەپە) لە 
بەربەستی رێژەی 10 ٪ .

وتارەکانی نوسەر