یادی 238 ساڵەی بنیاتنانی پایتەختی ئیمارەتی بابان و پیلانی تێكدان

09:42 - 2022-11-16
شوان کەریم کابان
269 خوێندراوەتەوە

رۆژی 14/11/2022 یادی 238 ساڵەی دانانی بەردی بناغەی شاری سلێمانی بوو، شارێك لە بنەڕەتدا بۆ پایتەخت دروستكراوە، لە دروستبوونییەوە، مەڵبەندێكی گرنگی خەباتی نەتەوەیی، نیشتمانی، كوردایەتی بووە، سەنتەرێكی گەورەی ئەدەب و هونەر و رووناكبیریی بووە، جگەلەوەی پایتەختی بابانییەكان بووە، پایتەختی مەملەكەتەكەی شێخ مەحمودی حەفیدیش بوو. شارێكە بەئێستاشەوە شوێنی حەوانەوە و داڵدەدانی هەزاران ژن و پیاو و كچ و كوڕ و تێكۆشەری هەموو بەشەكانی كوردستانە. بەدرێژایی مێژووی خۆی، چەندین حزب و بزووتنەوەی سیاسی و ئەدەبی و هونەری لەم شارەدا دروستبوون.
هەموو شار و شارۆچكە و ناوچەكانی كوردستان، رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە خەبات و تێكۆشان و قوربانیداندا بەدرێژایی ساڵانی روبەڕوبوونەوە لەگەڵ رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق، بەڵام سلێمانی پشكی شێری هەبووە و تەنانەت ئەم شارە بەر هێرش و پەلاماری سوپای دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی بەریتانیای عوزماش كەوتووە. ئەم شارە هەمیشە دڵی زیندووی شۆڕشەكانی كوردستان بووە، لانكەی تێكۆشەرانی كوردایەتییە، سەرچاوەی شنەبای ئازادی و دیموكراسی لەم شارەوەیە. ئەم شارە لە درێژەی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی رۆڵەكانی، نازناوی شاری هەڵمەت و قوربانی بەباڵایدا بڕاوە، بە هەوڵ و كۆششی ئەدیب و نووسەر و شاعیرەكانی، یونسكۆ نازناوی شاری ئەدەبی پێبەخشی، پەرلەمانی كوردستان ناوی لێنا پایتەختی رۆشنبیری و هەموو نازناوێكی شكۆداری تری قابیلە و ئەم سلێمانییە، لەپاڵ شارەكانی تری كوردستاندا نەخشەی ئازادی و سەرفرازیی پێكدێنن.
بەڵام مخابن ئێستا وێڕای ئەو هەمووە لە مێژووی سەروەریی و ئەو هەموو نازناوە، لە خانەی گوێ پێنەداندایە، سەدان پڕۆژەی چەندین ساڵە وەستاون و حكومەت هیچ بودجەیەكیان بۆ تەرخان ناكات، بۆ پایتەخت و دهۆك دەیان پڕۆژە لە جێبەجێكردندان و هەقی خۆشیانە، بەڵام بۆ سلێمانی؛ نییە، جیاوازییەكی زۆری لەگەڵدا دەكرێت لەلایەن حكومەتەوە لە بودجە و پارە خەرجكردندا. تەنانەت هەرچی چالاكیی ناڕەزاییە، كە لەلایەن حزب و بزووتنەوە و رێكخراوەكانەوە رێكدەخرێت بۆ مووچە، ئاو، كارەبا، دەرماڵەی خوێندكاران، وەرگرتن لە زانكۆ، مەسەلە سیاسییەكان و هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر دەرودراوسێ، هەر لەسلێمانی دەكرێت، ئەمەش بۆتەهۆی دروستبوونی كەشێكی نائارام و ناسەقامگیر بۆ شارەكە و دڵەڕاوكێ لای دانیشتوانەكەی و بۆتە جێگەی پرسیاریش؟!.
بۆ ئەم ناڕەزاییەتیانە، كە بەرامبەر حكومەتن و هەمووشی حكومەت لێی بەرپرسە، لە هەولێر ناكرێن؟ بۆ ئۆپۆزسیۆن بۆ جارێكیش بێت خۆپیشاندان و گردبوونەوە و كەمپینەكانیان نابەنە پایتەخت؟ بۆ كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەندێك رێكخراوی بەناو داكۆكیكار لە هەندێك چینوتوێژ نابرێنە پایتەخت؟ بۆ هەمیشە خۆپیشاندانەكانی سلێمانی، كە هەمووشیان بێمۆڵەتن دەگاتە بەردەفڕكێ و پەلاماردانی دامودەزگا و داخستنی شەقامە سەرەكییەكان و تەنانەت پەلاماری هاووڵاتیانیش لەلایەن هەندێك خۆپیشاندەرەوە؟ بۆ دەبێت پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن بۆ بەشداری لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر كەموكورتییەكانی حكومەت لە هەولێرەوە بگەڕێتەوە سلێمانی، لەكاتێكدا بینای پەرلەمان و حكومەت لە هەولێر 15 مەتریان بەینە؟ بۆ دەبێت لە یادی دروستبوونی شارەكەدا، لەبری بەرقەراركردنی ئارامی و سەقامگیری، هەندێك لایەن لایەنگر و ئەندامەكانیان لە زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكانی سلێمانی بخەنەسەر شەقامەكان بۆ خۆپیشاندان و بەردەفڕكێ و رێگاگرتن؟ لەكاتێكدا كە رۆژی 14/11 لە رۆژی سلێمانیدا، لە هەندێك شەقامی؛ راكە راكە و فڕكان فڕكانی خۆپیشاندانی پیلان بۆ داڕێژراو بوو، لە هەولێری پایتەخت؛ حكومەت خەریكی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی دامەزراندنی ئینستتیوتی داهێنان بوو لە هەرێم، كە كارێكی باش و جێی دەستخۆشییە و پیرۆزبێت لە پایتەخت، ئەی باشە حكومەت بۆ هیچی پێنەبوو بۆ ئەم یادە پیرۆز و گرنگە، لەكاتێكدا چەندین رۆژبوو باس لە یادەكە و چالاكییەكانی دەكرا؟.

وتارەکانی نوسەر