دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم سودانی

10:10 - 2022-11-16
برایم محێدین عارف
301 خوێندراوەتەوە

هەرچەند دەبێت ماوەی تەمەنی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی ساڵێک بێت، بەپێی رێکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەو کابینەیە، بەڵام هەندێک ئاماژە هەن کە پێمان دەڵێن تەمەنی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق لە ساڵێک زیاتر دەبێت، بەهۆی ناجێگیریی دۆخی سیاسی لە وڵاتەکەدا، هەروەها لەبەرئەوەی زۆر کەم هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت. 

پاڵپشتی گەورەی لێدەکرێت
سودانی و کابینەکەشی پاڵپشتییەکی گەورەی ناوخۆیی هێزە سیاسییەکانی عیراقی لە پشتە بە کورد و شیعە و سوننەوە، جگەلەوەش پاڵپشتیی لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دەستەبەرکردووە، بەڵام چەندین دۆسێی قورس و کاری تەواونەکراو چاوەڕانێتی، لە دەرفەتی چاکسازی، دەرچوونی یاسای نەوت و غاز، پەسەندکردنی بودجەی ساڵ لە پەرلەمان، باشبوونی پەیوەندیی نێوان عیراق و هەرێم، لە کارە پێویستییەکانی مێژووی لە باری ئەم قۆناغەی کابینەی حکومەتن، هەلی جێبەجێکردنیان لە بارە لەم کابینەدا.
سودانی دەتوانێت لە ماوەی ساڵەکەیدا بە جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییانە پلە و پایەی خۆی مکۆمتر بکات و سیمایەکی مێژوویی قۆناغێکی گرنگ بە کابینەکەی ببەخشێت، بەڵام پێویستە ئەو راستییە فەرامۆش نەکرێت، رەوتی سەدر کە جووڵاندنی شەقامی بەدەستە، لە دوورەوە چاودێرێک و نەیارێکی توندە، کە کاتی خۆی پێداگریی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە کردەوە، بەو مەرجەش کشایەوە لە جووڵاندنی شەقام کە لە ماوەی ساڵێکدا هەڵبژاردن بکرێت.

کێشە دروست دەبێت؟
سەدر ئەوکاتە پەیامی کشانەوەی بۆ لایەنگرانی نارد تا ئابڵوقەی سەر پەرلەمان و ناوچەی سەوز بشکێنن، بۆیە درێژکردنەوەی تەمەنی کابینەکە لە ساڵێک زیاتر، کێشە دێنێتە ئاراوە، لەسەرەتای دروستبوونی کابینەکەشەوە بە کابینەی وەزاری بۆ یەک ساڵ ناوی هاتووە، بەرنامەی کابینەکەش جەخت لە حکومەتی هاووڵاتیبوون، نەمانی گەندەڵی، هێنانەوەی پارەکانی عیراق کە بە نایاسایی چونەتە دەرەوە، باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکاتەوە، بەڵام لەمپەڕ و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم کابینەیە زۆرن، ساڵێکیش ئەو تەمەنە درێژە نییە بۆ حکومەت کە بتوانێت چاکسازیی و دروشمەکانی بەرنامەی کابینەکەی جێبەجێ بکات، لەگەڵ بوونی رێگریی زۆردا، چونکە کەشوهەوای دروستبوونی حکومەتەکە هەمان پێودانگی کەشوهەوای کاتی دروستبوونی کابینەکانی پێشووە، بوونی هێزی میلیشیایی، کەمی خزمەتگوزاری، بوونی گەندەڵی شاراوە هەرماون.

عەسای سیحریی پێ نییە
 دانانی بەردی بناغەی  کابینەکەش هاوشێوەی دروستبوونی کابینەکانی پێش خۆیەتی، بە هەندێک گۆڕانکارییەوە، ئەم کابینەیەش عەسای سیحریی پێ نییە کە بتوانێت هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە لە عیراقدا هەن لەماوەی ساڵێکدا، کێشەی سەرەکی بەردەم ئەم کابینەیەش کەمیی تەمەنێتی کە بۆی دیاریکراوە، چونکە هەمیشە کات رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەدا، بەرنامەدانان و نەخشە و کات و سەقفی زەمەنی جێبەجێکردنی دەوێت، لەیەکەم هەنگاوی دەستبەکاربوونەوە، دەستبردن بۆ چاکسازی، بنەمای بنبڕی گەندەڵی، دروشم و کاری پێویستی ئەم حکومەتەیە کە جێبەجێکردنی لە ماوەی ساڵێکدا مەحاڵە، چونکە ژینگەی سیاسی نەمانی گەندەڵی، هەمان ژینگەی سیاسی پێشووە و نەگۆڕاوە، رێگرییەکانی نەمانی گەندەڵی ماون، کەشوهەوای گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، ئەمەش کەمتر هیوای چاکسازیی لێدەکرێت، چونکە هەندێک لایەن کە پێشتر ژینگەی گەندەڵییان هێناوەتە ئاراوە، ئێستاش رۆڵیان هەیە لە حکومەتدا و رەنگە بواریش نەدەن چاکسازی وەک پێویست بکرێت.

لەمپەر و دەرفەتەکانی بەردەم کابینەکەی سودانی

پرسی گەندەڵی
هەرچەندە کەسایەتی سودانی بەهێزەو کابینەکەشی بەهێزە بەو حوکمەی لەلایەن هێزە سەرەکییەکانی عیراقەوە پێکهاتووە، بەڵام گومانی تیدا نییە هیوای تەواو بۆ بنەبڕکردنی یەکجاری گەندەڵی نییە، چونکە میلیشیا هەن رێگریی لەوە دەکەن، گوێ لە حزبەکانیشیان دەگرن و بە ئاماژەی ئەوان دەجووڵێنەوە، نەک وەک سوپایەکی رێکخراو کە بڕیار و رێنماییەکانی حکومەت بن.
 رەوتی سەدریش کە هێشتا پێدەچێت جڵەوی شەقامی بەدەستەوەبێت، لە دەرەوەی ئەم حکومەت و پەرلەمانە، رەنگە  لە ئایندەدا بێدەنگ دانەنیشێت، چونکە بێدەنگبوونی ئێستاشی پەیوەستە بە کاتەوە و چاوەڕوانی ئەدای حکومەتی نوێن، ئەگەر هەنگاوی چاکسازی نەنرێت، ئەوا دوورنییە بەر لە وادەی دیاریکراو لایەنگرانی سەدر بڕژێنەوە سەر شەقام و نەهێڵن حکومەت درێژە بەو تەمەنە کورتەش بدات کە بۆی دیاریکراوە.

وتارەکانی نوسەر