راپەڕین، بیرەوەری و مێژوو

10:02 - 2024-03-07
برایم محێدین عارف
89 خوێندراوەتەوە

راپەڕین، ئەو رووداوەی گۆڕانكاریی ریشەیی لە كوردستان هێناوەتە ئاراوە، بێگومان نەك هەر ئازادی، بەڵكو تا رادەیەكی زۆر  دەلاقەیەكی گەورەشی كردەوە بە رووی هاووڵاتیاندا، جگە لە نەمانی ترس و راوەدوونانی سەردەمی رژێمی پێشوو، دروستبوونی ئیدارەیەكی كوردستانیشی هێنایە ئاراوە كە لە مێژوودا وەك گۆڕانكاریی گەورە بۆ كورد تۆمار دەکرێت.
لەسەر ئاستی جیهانیش، ساڵانێكی زۆر دۆستە جیهانیەكانمان پشتگیرییان كرد، تەنانەت وڵاتە ناوچەییەكانی دەوروبەریش دانیان پێدا ناو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرد.
ئێستا دوای 33  تێپەڕبوون، دەکرا بە جۆرێک خۆمان بنیاتبنایە کە مەترسیی لەدەستدانیمان لەسەر نەبوایە، بەڵام داخەکەم دۆخەكە بەو جۆرە نییە، زۆربەی شتەكان كاڵبوونەتەوە و هەستی نەتەوەیی لاوازە، هەرچەندە ئازادیی بەرقەرارە، بەڵام كێشەكان زۆرن، بەڕێوەبردنی چەند ساڵەی هەڕەمی دەسەڵات، چەند دەردێكی كوشندەی لە وێنەی دوو زۆن و كێبركێی حزبی توندی هێناوەتە ئاراوە.
تاكەکانی میللەت دابەشبوون، خراپیی باری ئابووریش هێندەی تر قوڕەكەی خەست كردۆتەوە، بێكاری زۆرە، نەبوونی سەرچاوەی بژێوی، خەڵكی گەیاندۆتە بێزاری و بێ ئۆقرەیی، دۆخەکان لە تەوەری ئاسایی خۆیان ترازاون.
پەرۆشیی بۆ مەسەلە نەتەوەییەكان و پاراستنی بەها پیرۆزەكان روو لەوپەڕی کاڵبوونەوەیە، هەستی نیشتمانپەروەریی لاوازبووە.
ئەوەی بۆ ئێمە ماوەتەوە جیاكاریی نێوان دوو قۆناغی پێش راپەڕین و دوای راپەڕینە، وەك دوو سەردەمی جیاواز.
 بەگشتی قۆناغی پێش راپەرین پڕە لە شانازی و خەبات و چالاكیی كەم وێنەی پێشمەرگە و داستانی خۆڕاگری، مایەی شانازییە کە میللەت بە شێوازی جیاجیا بەشدارییان لەو گۆڕانکارییە ریشەییەدا كردووە كە وەرچەرخانێكی گەورەی لە باشووری كوردستاندا هێنایە ئاراوە، باڵای جوانییەكانی بەرگریی لە  پێش راپەڕین زۆر كێرڤی هەڵكشابوو بەرامبەر بە دەسەڵاتێكی داگیركەر.
قۆناغی دوای  راپەڕین، قۆناغێکی جیاوازە، كێرڤی جوانییەكان هاتنە خوارەوە لە بەرامبەردا دیاردە نەشیاو و نایاساییەكان، باڵایان كرد، بارودۆخەكە جۆرێك كەوتەوە، كۆمەڵێک كەس وەك بازرگانی مشەخۆر، هاتنە مەیدان و هەموو شتێكیان بۆ خۆیان قۆرخكرد.
ناشیرینییەكانی ئێستا ناتوانن جوانییەكانی سەردەمی پێش راپەڕین بسڕنەوە، چونكە مێژوو هەموو شتەكان وەك خۆیی و لەسەردەمی خۆیدا دەنووسێتەوە. پێویستە هەر قۆناغە و بە چاوی سەردەمی خۆی سەیر بكرێت، هەر دیاردەیەكیش كە لە خانەی بیرەوەریدا وەك خۆی جێگیر بوو، دووبارە دەستكاریکردنی مەحاڵە و ناسڕرێتەوە، لەبەرئەوەی شانازیی و جوانییەكانی پێش راپەڕین   هەموو تاكەكانی كۆمەڵ بەپێی هەلومەرج و كار و شوێنی جوگرافی تاك بەشدارییان تێداكردوە، وەك خۆیان دەمێننەوە.
لە قۆناغی دوای راپەڕیندا هێدی هێدی بەشێک لە شانازییەكان خلۆربوونەتەوە بەرەو نشێوێك و لە جێی خۆیاندا نەماون، هەرچەندە راپەڕین یەكڕیزیی خەڵكی كوردستانی بە هەموو چین و توێژەكانەوە چەسپاندبوو. 
ئەو یەکبوونەی کە پێویستە وانەی لێوە فێرببین، خۆشی و ناخۆشییەكانی لە بیرەوەریماندا بمێنێتەوە، ئەو خۆشییانەی مایەی شانازی مێژوویین و لە یادیان نەكەین، گۆڕانكارییە خراپەكانی دوای راپەڕینیش لە جێی خۆیاندا بووەستێنین، تا جارێکی تر دووبارە نەیەنەوە مەیدان.
خەڵكێكی زۆری كوردستان، لەژێر چەتری راپەڕیندا حەسانەوە، چونكە قۆناغی راماڵینی دەسەڵاتێكی سەركوتكەر بوو كە رۆژانە ئازاری تاكەكانی كۆمەڵی دەدا.
بۆ مێژووش، راپەڕین و جوانییەكانی قۆناغێكی پرشنگداری نەتەوەی كوردە و مایەی شانازییە، خراپیەكانی دوای راپەڕینیش كە هاتۆتە ئاراوە، وەك خۆی لە مێژوودا تۆمار دەكرێت، لەم روانگەیەوە پێویستە بە دوو پێودانگی جیا سەیری راپەڕین و قۆناغی دوای راپەڕین بكەین.

وتارەکانی نوسەر