رێککەوتن لە نێوان دوو کەس یان دوو کۆمەڵ یان دوو وڵات یان دوو بەرە دەکرێت، کە سوودی هەردوو بەرەکەی تێدایە، رەنگە لە بەراوردی وردی نێوان بەندەکانی رێککەوتندا یەکێکیان لەویتر سوودمەندتر بێت، بەڵام لایەنی دووەمیش ئەگەر رێککەوتن نەکات زیانی بەر دەکەوێت، بۆیە لە بەرژەوەندیی گشتیدا هەردوو لا سوودی لێ دەبینن.
جەنگ زیانی گەورەی گیانی و ماڵی لێدەکەوێتەوە، تیایدا خەڵکی بێتاوان دەبنە قوربانی، بۆیە باشترە هەمیشە زمانی دانوستان و رێککەوتن بکرێتە رێگەچارەی یەکەمی چارەسەری کێشەکان
هەر بۆیە جار هەیە لایەنێک مل نادات بۆ رێککەوتن لەسەرەتاوە، تا گوشاری زۆری بۆ نەیەت، ئەم ملنەدانە هۆکارەکەی بۆ سوودی زۆری پێش رێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە کە رێککەوتن بکات دەبێ دانوستانی تیابێت، له دانوستاندا دەبێت دەسبەرداری بەشێک لە سوودەکانی بێت، بەتایبەتی رێککەوتن بۆ وەستانی شەڕ، کاتێک ئەم هێرشبەر بێت و سوودی زۆری بەدەستهێنابێت لە داگیرکردنی خاکی وڵاتی نەیاریدا، یاخود لە شکستێکی بەردەوامدایە دەیەوێت کێرڤی سەرکەوتنی کەمێک هەڵبکشێت، ئینجا رێککەوتن بکات، لەسەرەتاوە مل بۆ رێککەوتنەکە نادات تا بە زیانی زیاتری نەشکێتەوە، لە ژێر گوشاردا ملی پێ دەدەن.
لەمەیاندا رێککەوتن بە زیانی لایەک و سەرکەوتنی لاکەی تر پێوانەی بۆ دەکرێت. بەتایبەتی رێککەوتنەکانی نێوان دوو وڵات کە لە شەڕدان، لەژێر گوشاری وڵاتاندا مل بۆ رێککەوتن دەدەن، لە کاتێکدا رەنگە یەکێکیان لە هێرشی بەردەوامدا بێت، سوودی زۆری بکەوێتە دەست، بەدرێژەدانی شەڕەکە لە سوودە بەردەوامەکەی بێ بەش دەبێت، لەبەرامبەردا ئەوی تر زیانی بەرکەوتبێ خاکی لەدەستدابێ کوژراوێ زۆری دابێ بە ملنان بۆ رێککەوتنەکە شەڕی لێ دوور دەکەوێتەوە، بەڵام زیانەکانی هەر دەمێنێت، ئەمە سەرکەوتنی لایەک و زیانی لایەنی دووەمە، بەڵام ئەگەر رێککەوتنیش نەکات زیانەکانی زۆرترن. بۆیە لە روانگەی بەردەوامیی زیانەوە مل بۆ رێککەوتن دەدات هەروەک کورد دەڵێت: زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە باشترە.
لە رێککەوتنی دوو لایەنیشدا سەرکەوتن بەهاوتایی سوودی بۆ هەردوو لا تێدایە، بۆیە پەرۆشانە ئیمزای دەکەن، جگە لەوەی لە سەرەتاوە گفتوگۆ لە نێوان دوو کەسەکەدا کراوە، هەر یەکە بەپێی بەرژەوەندیی خۆی چۆتە پێشەوە، تا لە کۆتاییدا هاوسەنگیەکە هاتۆتە ئاراوە، هەردوولا قبووڵی رێککەوتنەکەیان کردووە، ئەگەر لایەک سوودی رێککەوتنەکە زیاتر بەلایدا بشکێتەوە، بەدڵنیایەوە لایەنەکەی تر رادەی زیانەکانی زۆرترە لەلایەنی یەکەم، چونکە هەمیشە شەڕ زیانی هەردوولای تێدایە، بەڵام بڕی زیانەکان وەک یەک نین، دەبێت هەردوولا بچنە ژێر باری، ئەگەر لایەک بە گوشاریش مل بنێت، سوود و زیانەکانی شیکردۆتەوە و ملنەدانی لە سوودی خۆی زانیوە، دواتر سوود و زیانەکانی بەراورد کردووە و هەستی کردووە رێککەوتن زیاتر بەرژەوەندییەکانی دەپارێزێت، بۆیە لەگەڵ گوشاردا بە رەزامەندیی خۆی باوەشی بۆ گرتۆتەوە.
رێککەوتنی سیاسیش هەروایە
رێککەوتنی سیاسیش بە هەمان پێودانگی رێککەوتنەکانی تر دەکرێت، بە ئامادەبوونی لایەنی ناوبژیکەری سێیەم یان تەنها هەردووکیان، زۆربەیان دوای ئاڵۆزبوونی کایەی سیاسی یان شەڕی نێو وڵاتەکان هاتوونەتە ئاراوە.
لە زۆربەی رێککەوتنە سیاسییەکانی وڵاتاندا ناوبژیکەر هەیە، رەنگە زیاتر دۆستی لایەنێکیان بێت، جاریش هەیە لە رێککەوتنەکەدا وەک چاودێر ئامادە دەبێت، ئەم رێککەوتنەش راسته رەزامەندیی هەردوولاکەی لەسەرە، بەڵام لە بنەڕەتدا لایەنێک سوودی زیاتری لەلاکەی تر بەردەکەوێ، رەنگە وڵاتی بەهێز یا هێرشکەر سوودی زیاتری لە رێککەوتنەکە بینیبێت، ئەگەر بەداننان بە بەهێزیی ناو خاکی داگیرکراو لە لایەن وڵاتی داگیرکەرەوە هاتبێتە ئاراوە، بەڵام وڵاتی هێرشکەریش زیانی بەردەکەوێت، کاتێک بە رێککەوتن دەکشێتەوە.
جەنگەکان زیانی گەورەی گیانی و ماڵی لێدەکەوێتەوە، لە پێش دەستە سەربازییەکان و کەسایەتییە سیاسییەکان، خەڵکی بێتاوان دەبنە قوربانی، بۆیە باشترە هەمیشە زمانی دانوستان و رێککەوتن بکرێتە رێگەچارەی یەکەمی چارەسەری کێشەکان.