یەکڕیزی پێویستییەکی بێ ئەندازەی سەردەم

09:51 - 2024-01-24
برایم محێدین عارف
143 خوێندراوەتەوە

یەکڕیزی، وشەیەکی لێکدراوە، لەگەڵ وتنی خودی زاراوەکەوەشدا ماناکە دەدات بەدەستەوە، کە واتای یەک هەڵوێستی رەنگ و را جیاوازەکانە، لەسەریەک تەوەر، بۆ دابینکردنی ئاشتی ناوخۆیی، دژی نەیاران یان هەر مەترسییەک کەبێتە پێش، چ دەرەکی بێت یاخود ناوخۆیی.
ناوەڕۆکی مەترسییەکە له هەربوارێکی ژیاندا بێت یەکڕیزی پێویستە، گرنگ ئەوەیە ئاراستەی فرەلایەنەکان یەک راستەڕێ ببڕن بۆ مەبەستێکی هاوبەش کە بەرژەوەندی گشتییە. یەکڕیزی، بەدیوێکی تردا یەک هەڵوێستی و تەباییە، بێ بوونی تەگەرە لە ئاست دیاردەیەکی مەترسیدار یان نامۆدا، مەرج نییە هەرلەکاتی بوونی مەترسیدا یەکڕیزی پێویست بێت، بەڵکو پێویستییەکی هەمیشەیی مانەوەیە مەترسی هەبێت یان نا.
یەکڕیزی ناوخۆیی
 هەرگیز بوونی یەکڕیزی کەلێن دروست ناکات تا مەترسی بێتەئاراوە، پێچەوانەی پەرتەوازەییە، کە بوونی کەلێن رێخۆشکەرە بۆ سەردەرهێنانی مەترسی، نەیارانیش لە دوورەوە هەست بە بوونی یەکڕیزی دەکەن، پێوانەی بۆدەکەن و لێی دەسڵەمێنەوە، زۆرترناتەباییە کەلێن دروست دەکات، لەنێو چین و توێژ و حزبەکاندا، شاڵاوی هاتنی مەترسی، لەدەروازەی ناتەباییەوە دێتە ژوورێ و هەڕەشە دێنێتە ئاراوە، یەکڕیزی ناوخۆییش دژ بەکەلێن و کەلەبەری ناوخۆیی پێویستە، جاریش هەیە پێویستبوونی هەڵوێستێکی ناوخۆیی بەهێز دژی هەڕەشەیەکی دەرەکی، دەبێتە هۆکاری رەوینەوەی مەترسییەکە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، یەکڕیزی حزبەکانی کوردستانە، دژی هەڕەشە دەرەکییەکان، کە لەمێژەوە وێردی سەر زمانی سەرۆکی حزبەکانی کوردستان وخەڵکیشە، کە جارجار دوای گەورەبوونی کێشەکان و بوونی کۆبوونەوە و رێکەوتن، یەکڕیزیەکی روخسار ئامێزی کاتی ماوەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەری کێشەکە، بەڵام هەر ماوەیەک درێژەی کێشاوه، بەڵام بەهۆی بابەتی سۆشیال میدیا و لێدوانی نابەرپرس، جارێکی تر یەکریزیەکە تێکچووەتەوە.
یەکڕیزی هەندێجار لەرێگەی رێکەوتن بووە کاتێک کەش لەبار بووە، بۆ چارەسەری کێشەیەک، بەڵام بە پێی قوناغەکە نەبۆتە هەوێنی مەیینی یەک ریزیەکی پتەوی هەمیشەیی، کە رووداوە کاتییەکان هەرەسی پێ نەهێنن، چونکە پایەکانی دروست بوونی یەکریزیەکە هەمیشەیی نەبووە، بەڵام لە کاتی دانانی بەردی یەکڕیزی هەمیشەیی، ئەگەرهۆکارێکیش یەکڕیزیەکە تێکبدات، ئەوا یەکڕیزیەکە خۆی دەگرێتەوە و دێتەوە بوون، چونکە لەسەرەتاوە لەسەر رەگی هەمیشەیی دروستبووە.
نەبوونی یەکڕیزی زیانی بە کورد گەیاندووە
نەبوونی یەکڕیزی هەمیشەییش، دەردی لە مێژینەی کوردە و لەدێر زەمانەوە ناتەبایی و نایەکڕیزی زیانی گەورەی لە کورد و رەوایی کێشەکەی داوە، کاریگەری نەبوونی یەکڕیزی بەپێی قۆناغ جیاواز بووە، تا یەکڕیزی درەنگ بێتەکایەوە ئاستی زیانەکانی پەرتەوازەیی گەورەتر دەبێت و مەترسییەکەش لە توانای چارەسەرکردندا نامێنێت، چونکە لەسەرەتاوە هیچ رێگرییەگ پێشی ناگرێت.
نەبوونی یەکڕیزی واتا پەرتەوازەیی لە رێڕەوی ئاراستەکان، چونکە کێشەکان لە مینبەرێکی هاوبەشەوە نیگایان بۆ ناکرێت، ئاراستەی بەرەنگاری دژ بە کێشەکان هەریەکە بەلایەکدا شەپۆل دەنێرێ، ئەگەر شەپۆلەکان بۆ رەوینەوەی مەترسییەکانیش بن، ناتوانن بەرپەرچیان بدەنەوە، چونکە بەهۆی پەرتەوازەییەوە تاک تاک و بێهێزن لەبەرامبەر بەهێزی مەترسیەکەدا، بەتەنهاش گوڕی هێزی پەرچدانەوەیان نابێت.
مەترسییەکان زیاتر دەبن
لەبوونی پەرتەوازەیی لە ئاراستەکانی بەرەنگاربوونەوەی مەترسیدا، هێندەی تر مەترسییەکە زیاد دەبێت، لێرەوە بەڕوونی دەردەکەوێ ئەگەر هەمو ئاراستەکان تەبا نەبن ناتوانن مەترسی و ترس لەسەر قەوارەکەمان بڕەوێننەوە، مەترسیش کە رێگری لێنەکرێت، تا دێت زیاد دەکات وگوشاری زیاتر دێنێت. دیارە هۆکاری دەرەکیش رۆڵێکی کاریگەری هەیە، چونکە دەستدەخەنە ناو ئاراستە ناوخۆیەکانەوەو هێندەی تر پەرتەوازەیی دروست دەکەن، پەرتەوازەیش کە زۆر و فرە  ئاراستەبوو یەکڕیزی بە ئاسانی دروست نابێت، زامنی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی کارێکی سەخت دەبێت، هەمان شێوەی یەکڕیزی، پەرتەوازەیش کە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژەی کێشا، رەگی خۆی دادەکوتێ و تا دێ کێرڤی ئاراستە دژەکان هەڵدەکشێ بەڕادەیەک بە ئاسانی ناگەڕێتەوە بەرەو یەکگرتنەوە.
هەمیشەش یەکڕیزی لە بارودۆخێکی شیاودا دروست دەبێت، کە پەرتەوازەیی بوونی نەبێت و هەلومەرجەکە هەڵبەز و دابەز بەخۆیەوە نەبینێت، ئێستاش کاتێکی زۆر هەستیارە و یەکڕیزی پێویستە، بۆ مانەوەی هەڕەمی ئیداریی کورد لەم هەرێمەدا، یەکڕیزیش ماوەیەکە غائیبە لەهەرێم، ئەوەش وایکردووە مەترسی گەورە بۆ سەر ئەم قەوارەیە درووست بێت، نەتوانرێت بەرپەرچی مەترسییەکان بدرێتەوە، بەهۆی نەبوونی هێزێکی سەربازی پر چەک کە راستەوخۆ مەترسیەکان دوور بخاتەوە.
پێویستی یەکڕیزی لە هەرێمی کوردستان
لەبەر هەموو ئەمانە دەبێت کار بۆ یەکڕیزی بکرێت لە هەرێمی کوردستان،  ئاراستە دژەکانیش بگەڕێنەوە خاڵی سەرەتا، تا به گوڕێ تازەوە یەکڕیزی دروست بکرێتەوە، یەکڕیزیەک کە بتوانێت لە ئاست هەڕەشەکان خۆی راگرێت، ئاسایشی تاکی کورد دابین بکات.

یەکڕیزیی هێزە کوردییەکان زامنی مانەوەی قەوارەی هەرێمە

وتارەکانی نوسەر