یەکێتى بۆچی پێداگریی دەکات؟

10:15 - 2022-11-16
پێشڕەو مەلا وەیسی
357 خوێندراوەتەوە

لە دواى راپەڕین و بە تایبەتی لە ساڵى 1998ەوە، یەکێتى لەپێناوى یەکڕیزیى ناوماڵى کورد لە باشوور، قوربانى زۆرى بەخۆی داوە لە سەرجەم بوارەکاندا، وەک سیاسى و دارایى و جەماوەری و نێودەوڵەتیش، هەموو ئەمانە لە پێناوى یەک ئامانجدا بووە، ئەویش بەرژوەندییە باڵاکانى خەڵک و خاک و نیشتمان و نەتەوە بووە.
یەکێتى نەیویستووە کێشە ناوخۆییەکان تەشەنە بسێنێت و وێنەیەکى ناشرینى حکومڕانى نیشانى دنیا بدات. 
یەکێتی دەیەوێت مافە زەوتکراوەکانى زۆنێک وەربگرێتەوە و ئەو نایەکسانییەى لە سایەى حکومڕانیى تاکڕەوی و گوێنەدان بە سیاسەت و ئیدارەى یەکسان رێک بکاتەوە، بۆیە هێمای ستۆپی بەرزکردۆتەوە و گڵۆپى سوورى هەڵکردووە بەرامبەر نادادى لە حکومڕانیدا.
لە ساڵانى رابردوو لە پێکهێنانى حکومەت و پۆستە شایستەکانى خۆشى سازشى کردووە، تا ژیان و گوزەران و خزمەتگوزارییەکى یەکسان لە هەموو هەرێم جێبەجێ بکرێت. 
ویستی ئەم کابینە بۆ ئەو کابینە ئومێدى حکومدارییەک بێت کە تاکەکانى هەرێم وێنەى خۆیانى تێدا ببیننەوە، بەڵام نەک نەبینرا، بگرە کابینە لە دواى کابینەى حکومەت نایەکسانى و حکومى تاکڕەوى رووە و لووتکە باڵایکردووە، بۆیە یەکێتى سیاسەتى راستکردنەوەى ئەو جۆرە حکومڕانییەی گرتۆتەبەر و ئیتر قبوڵى ناکات و بەگژ هەموو چەوتییەکانى حکومڕانیدا دەچێتەوە لە هەرێمدا.
ئەمجۆرە سیاسەت و بڕیارەشى وەک رابردوو، لەپێناوى ژیان و گوزەرانى خەڵکدایە و دەیەوێت ئەو کۆت و بەندەى خراوەتە سەر سنوورى سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و کۆیە، کۆتایی پێبهنریت و داهاتەکان وەک یەک بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمى کوردستاندا دابەش بکرێت. 
یەکێتى ئیتر قبووڵى ناکات لەسەر حیساب و ماف و شایستەکانى ئەم زۆنە، زۆنێک تەلارەکانیان بە ئاسماندا بچێت و لە بەرامبەریشدا لاف و گەزافى حکومدارى و پێشکەوتنى سنوورەکەى خۆیان بەسەر خەڵکى بەشمەینەتى سلێمانیدا لێبدەن.
بۆیە یەکێتى ئیتر ژیان و گوزەران و یەکسانى داهاتى خەڵک و حکومدارى لە هەرێم لەپێش هەموو بەرژەوەندییەکەوە دەبینێت و هیچ کات نەیویستووە کورد ناوماڵێکى پەرتەوازەى هەبێت، رابردووشى ئەو راستییە دەسەلمێنێت و خەڵکیش گەواهى ئەوەی بۆ دەدەن.
یەکێتى لەپێناوى لەدەستنەدان و تێکنەچوونى شیرازەى حوکمڕانیی هەرێم، لە رووى پێگەى جەماوەرییەوە زیانى گەورەى بەرکەوت و قبووڵیشى کرد، چونکە دەیزانى بۆ باج بەخۆى دەدات، بەڵام ئێستا چیتر خەڵک لێى قبوڵ ناکەن، ئەگەر یەکێتییەکەى خۆیان شەڕى مافە داراییەکانیان بۆ نەکات.
یەکێتى لەپێناوى مافە رەواکانى خەڵک و ئیدارەدانێکى تەندروستى یەکسان، سیاسەت دەکات و سەریش دەکەوێت، چونکە خەڵک و کادر و لایەنگرانى لەپشتە و بەڵێ یەکێتى شەڕى ئیرادەى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان دەکات و سەریش دەکەوێ.

وتارەکانی نوسەر