راگرتنی تاکڕەوی بەردەوام دەبێت

09:56 - 2022-11-20
حەسەن ئیبراهیم
309 خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمین جارە لە مێژووی کورددا سەرۆکێک ئاوا بە راشکاوی خەمی گەورە و خەمی قووڵی تەنیا و تەنها پاراستنی  ئەمنی نەتەوەیی کۆمەڵگە و ستراتیژی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کەرامەت و شکۆی هاونیشتمانییەکانی بێت. دیدارەکەی سەرۆک بافڵ لەگەڵ کەناڵی رووداو، ئەو راستییەی سەلماند کە خەمی ئەو سەرکردەیە و ئامانجی پاراستنی یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی و دەستکەوتەکانی هەرێمە، بۆ بەرجەستەکردنی ژیانێکی مۆدێرن و خۆشتر بێ جیاوازی بیروڕا  بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.
لە رابردوودا تا هەنووکە گلەیی کادر و  ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی، لە سەرکردایەتی حزبەکەیان، ئەوە بووە کە یەکێتی نەرمییەکی زۆری نواندووە لە پرسی حکومڕانیی لەگەڵ پارتی و پاشاگەردانی لە حکومڕانی و بڕیارە تاکڕەوەکانی سەرۆکی حکومەت و کەمتەرخەمی لە بەرامبەر زۆنی سەوز لە پشتگوێ خستنی بە بەرنامە و پلان.
سەرۆک بافڵ، یەکەم بژاردەی بۆ چاکسازی و رێکسازی و لێپرسینەوە لەناو یەکێتی دەستپێکرد، ئەولەویەتی یەکەم گۆڕانکاریشی لە ریزەکانی  رێکخستن و رێکخستنەوەی  هێزەکانی حەفتا لە سەرجەم جومگە و سێکتەرەکان بوو.
یەکێتی هەنگاوێکی ئەرێنی و گۆڕانکاری ریشەیی ناوە، رۆژبەرۆژ گۆڕانکارییەکان رەنگدانەوەیەکی پۆزەتیڤیان لەناو جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان  دروستکردووە.
ئەو گۆڕانکاریانە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکان، بۆ پێشکەوتن و نوێ بوونەوەیە لەناو حزب و حکومەتدا.
 چاودێریکردنی دام و دەزگاکانی حکومەت یەکێکی ترە لە کۆڵەکە گرنگەکانی سەرکەوتنی گۆڕانکاری،  ئەو هەنگاوانەش بۆ کەمبوونەوە و رێگرتنە لە کاری رۆتیناتی ئیداری و ناعەدالەتی و پاشاگەردانی.
یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، جووڵە و هەنگاوی نوێی دەسپێکردووە، ئەو هەنگاوەش لە بەرژەوەندی گشتیی خەڵکە، ئەمەش هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی و پاراستنی ئەمنی نەتەوەیی کۆمەڵگە. 
بە خۆشحاڵییەوە یەکێتی و سەرکردایەتی یەکێتی بە عەقڵییەتێکی تر و بینینێکی تر و ئایدلۆژیایەکی تر و ستراتیژێکی تر بیردەکاتەوە و خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات.
یەکێتی هەنگاو  بۆ چارەسەرکردن و بنبڕکردنی ئاڵەنگارییە  دروستکراوەکان  دەهاوێژێت،  بۆ ئەوەی تاک و هاونیشتمانییان چیتر بەدەست دواکەوتنی بێ مووچەیی و کەمی خزمەتگوزاریی و تاکڕەوییەوە نەناڵێنن.
یەکێتی، چیتر نە ئەو دۆخە دروستکراوە قبووڵ دەکات، نە سازشیش لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی میللەت دەکات، کە لەلایەن پارتێک و بەرژەوەندییە خودییەکانی ئەو پارتە، بەداخەوە تادێت بە ئەنقەست بۆ زۆنی سەوز قەیرانەکان  قووڵتر و ئاڵۆزتر دەکەن.

وتارەکانی نوسەر