پەشمەک

گرفتی نایەکسانی

10:42 - 2022-11-20
ڤینۆس فایەق
425 خوێندراوەتەوە

76

ئاهەنگی زەماوەندی کچی نووسەر و لێکۆڵەری تونسی ئولفە یوسف لە پێگەکانی سۆشیال میدیا لە نێوان دژ وتەبا مشتومڕێکی زۆرری دروستکرد، کاتێک بە ئامادەبوونی دادوەرێکی ژن کە گرێبەستی کرد، دوو ژن « دایکی بووک و دایکی زاوا» وەکو شایەت لەسەر گرێبەستەکە ئیمزایانکرد. ئەم هەواڵە بۆ زۆر کەس مایەی شۆک بوو، بۆ زۆر کەسی تریش مایەی دڵخۆشی و ئاماژەیەک بۆ ئەو یەکسانییەی ژن سەدەیەک زیاترە بانگەشەی بۆ دەکات. 
منیش دەزانم ئەم هەڵوێستە شتێکی تاڕادەیەک شکڵییە وشتێکی ئەوتۆ لە ناوەڕۆک و رۆحی قانوونەکانی باری کەسی لەو وڵاتانەدا ناگۆڕێت کە بنەماکەی شەریعەتە وبەپێی دەقەکانی قورئان هەموو بەش وماف وئەرکەکانی بۆ ژن بڕیوەتەوە، بەڵام بەدیوێکی تریدا هەڵوێستێکە تەعبیر لە داواکارییەکی ریشەیی سەدان هەزاران ژن دەکات، تەرجەمە دەبێت بۆ ئەو یەکسانییەی کە زیاتر لە سەدەیەکە ژنان خەباتی بۆ دەکەن.  
ئاخر پێناسەی ئەو یەکسانییە چیە ئەگەر وەکو ژن بۆم نەبێت ئیمزایەکی سادە لەسەر گرێبەستێک بکەم کە ژنێک بەشێکی زیندووی ئەو گرێبەستەیە پێکدەهێنێت؟ یان پێناسەی یەکسانی چییە کاتێک گرێبەستی هیچ هاوسەرییەک شەرعی نەبێت ئەگەر دوو پیاو ئیمزایان لەسەر نەکردبێت وبەتاڵ دەبێتەوە ئەگەر ژنێک ئیمزای لەسەرکردبێت؟ 
دەشزانم ئەوەی شەرعییەتی بەو قانوونەی کە ژنی لە خوار پیاوەوە داناوە، کەمتەرخەمیی ژن و بێدەنگییەتی لە ئاست ئەو بەکەمزانینەدا. تۆ بڵێی نەوەکانی دوای ئێمە چیمان پێ بڵێن؟ هێندەی کات دەبەخشینە بازاڕکردن بەدوای تازەترین مۆدێلەکانی جلوبەرگ و پارە وپوول بە بۆتۆکس و فیلەر وبابەتەکانی جوانکاری ونەشتەرگەرییەکانی گۆڕینی روخسار دەدەین، گەر نیو هێندە کات ببەخشینە پرسی یەکسانی و بیربکەینەوە ئەو بابەتی جوانکارییانە بۆ خەولێخستنی ژنان و بێدەنگکردنیان پیاوان پەییان پێبردووە و ژنیان پێوە سەرقاڵکردووە و لە پرسی ئینسانییەتی خۆیان دوورخستۆتەوە. 
ئەگەر بەوە بوایە کە کانسەکانی خوێندن بۆ کچ وکوڕ یەکسان بێت و بەیەکسانی دابەزنە بازاڕی کارەوە، ئەوا ژن توانای دەبێت بە هێزەوە پێداگری لەسەر مافی یەکسانی بکات، دەبوایە ئێستا پرسی ژن بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە ببینیایە، بەڵام لە راستیدا نیوەی ئەو قسەیە راستە، چونکە زۆربەی هەرە زۆری  پزیشکە ژنەکان تایبەتمەندی نەخۆشییەکانی ژنانن، ژنە پارێزەرەکان زیاترین ئیش لەسەر کەیسەکانی ژنان دەکەن، زۆربەی زۆری ژنە نووسەرەکانیش رەنگە بە خۆشمەوە زیاترین وتار لەبارەی ژنەوە دەنووسن وچالاکی لەسەر پرسی ژن دەکەن، زۆربەی زۆری کچانی دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکان دەگەڕێن بۆ هەلی کار وەکو مامۆستا، ئیتر کامانەن ئەو بوارانەی تر کە دەبێت شانبەشانی پیاو تیایاندا چالاکبین بەیەکسانی؟ 
لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەنگاوێکی بوێر لەو بوارەدا دەبێت بەرز بنرخێنرێت و وەکو هەنگاوێک بەرەو هوشیاری زیاتر و گۆڕانکاریی زیاتر لەبەرژەوەندی ژنان خوێندنەوەی بۆ بکرێت. ئێمە پێویستمان بەوەیە بەڕووی ئەوانەدا بوەستینەوە کە کەمترین چاوەڕوانیان لەم کۆمەڵگەیە هەیە، چونکە ئەگەر ئێمە نەیگۆڕین، کۆمەڵگە لەخۆڕا ناگۆڕێ، پێویستمان بەوەیە چاومان زۆر بەگەورەیی بکەینەوە بۆ ئەوەی ببینین چەند نایەکسانین. مەبەست لە یەکسانی ئەو شتانە نییە کە تیایدا جیاوازین لەگەڵ رەگەزەکەی تر، بەڵکو تێڕوانینێکی ترە بۆ ئەو شتانەی بەسەرماندا سەپێنراوە و وای لێکردووین جیاواز ونایەکسان بین. 

وتارەکانی نوسەر