یەکێتی لەگەڵ پارتی دادەنیشێت، بەڵام چۆن؟

10:33 - 2022-11-21
هیوا محەمەد
360 خوێندراوەتەوە

لە خراپی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتیدا و تێپەڕینی بە چەند ئاستێکی خراپ و مەترسیداردا، دوای ئەوەی کە سەرۆک بافڵ لە دیمانەکەیدا لەگەڵ رووداو وتی کە  پارتی نایانەوێت لەگەڵمان بێنە پێش بۆ چارەسەری کێشەکان، سەرۆکی هەرێم نێچیروان بارزانی لە سەردانی بۆ نەخۆشخانەی شار و بەسەرکردنەوەی بریندارەکانی کارەساتی دڵتەزێنی تەقینەوەی ماڵێک بە غاز، وتی کە سەردانی یەکێتی دەکەن.
رەنگە ئەم دەستەواژەیە لەدوای راپەڕینەوە چەند جارێک دڵی خەڵکی خۆش کردبێت و وترا بێت ئیتر ئەوە ئاوێک بە ئاگردا دەکات و دادەنیشن، بەڵام پێناچێت بۆ ئێستا گرنگییەکی ئەوتۆی هەبێت، چونکە دانیشتن گرنگ نییە، بەڵکو نیەت پاکی و ویست بۆ چارەسەری جدی و بنبڕ گرنگە کە تائێستا پارتی ئەوەی پیشان نەداوە، ئەگەر پیشانیشی دابێت ئەوا کاتی بووە و لە بەرژەوەندی خۆی و بۆ تێپەڕاندنی دۆخێکی قورس بووە کە تێیدا بووە.

خەڵک دەیەوێت حزبەکان ململانێ لەسەر خزمەتگوزاریی بکەن، نەک بە سیاسەتی چەوت و خۆگرێدانی بەرژەوەندیی تەسک، ئەمنییەتی هەرێم بخەنە ژێر مەترسییەوە 

یەکدەنگی سەرکردایەتی
یەکێتی وەک سەرکردایەتی، ئێستا هاوهەڵوێستن، واتا یەکەیەکی فیکری لەناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا هەیە بایی ئەوەندەی کە بوێرانە بڕیار بدەن. 
دەکرێت پێشتر ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی بۆچوونیان بەرامبەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی چوونیەک نەبوبێت و دابەشی دوو یان سێ بۆپچوون بووبن، بەڵام ئێستا نەک هەر بۆ ئەو پرسە بەڵکو بۆ هەموو پرس و پێشهاتەکان، کۆبوونەوەی خێرا دەبەسترێت و هەڵوێستی پێویستی یەکێتی بەیان دەکرێت.
هەڵوێستی یەکێتی هەروەک لە دامەزراندنییەوە ئاشکرایە، پاراستنی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بووە، دانوستان و نەرمی نواندن بووە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، هەمیشە دەستی ئاشتەوایی و لێکتێگەیشتنی درێژ کردووە.
کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، هەروەک هەڤاڵ ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن دەڵێت: ئێمە دەمانەویت لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بکەین، بەڵام نامانەوێت دانیشین و هەر قسە بکەین، بەڵکو دانیشتنێکمان دەوێت کێشەکانی تیادا چارەسەر بکرێت، ئێمە لەگەڵیان دانیشتووین و لەسەر زۆر شت قسەمان کردووە و رێکەوتووین بەڵام جێبەجێی ناکەن.
کەوابوو دەکرێت بڵێین، ئەگەر پارتی وتەی مێشکی خۆیان باش جووەتەوە و هەڵسەنگاندنی باشیان بۆ کردووە و چەپ و راستیان پێکردووە و مەودای پەشیمان بوونەوە یان بردنەسەریان بۆ دیاریکردووە، ئەوا بە دڵنیاییەوە دێنە کۆبوونەوەیەکی پڕ بەرهەمەوە لەگەڵ یەکێتی، دەنا ئەگەر هاتنیان بۆ ئەوە بێت بڵێن ئێمە دۆستی کۆنین و جارێکی تر لەسەر حسابی یەکێتی و گەڕانەوە بۆ رێکەوتن، خۆڵ بکەنەوە چاوی خەڵک و ئەوەی روویداوە لە رابردوودا بە هەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ نابێت.

تۆمەتەکان یەکلایی بکرێنەوە
دەبێت ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ حکومەتی هەرێم لە نادادیی حکومڕانی و سزادانی سلێمانی و زۆنی سەوز بەگشتی لێپێچینەوەیان بۆ بکرێت و روونبکرێتەوە، دەبێت لەسەر ئەو دانپیادانانەی تۆمەتبارانی تیرۆر کردنی هاوکار جاف روونکردنەوە بدەن و بڵێن بۆچی و بە چ مەبەستێک بووە.
پێدەچێت یەکێتی چیتر رازی نەبێت بە کات کوشتن، چاوەڕوانی هیچ ئیمتیازاتێک لە پارتی ناکات، بەڵکو چاوەڕوانی بەیەک پاکێجکردنی کێشەکانی هەرێمە و دانانی میکانیزمی جدییە بۆ چارەسەر و دووبارە نەبوونەوە.
یەکێتی دەیەوێت گۆڕانکاریی نەبینراو لە هەڵوێستەکانی پارتیدا ببینێت نەک دووبارە و سەدبارە بوونەوەی ئەوانەی لە رابردوودا لە هەڵکێش و داکێشی پەیوەندییەکانیاندا تێیانپەڕاندووە.
خەڵکی هەرێمیش بە گشتی، ئاشتی و ئارامی و خزمەتگوزاریی و بازاڕی گەرمیان دەوێت. 
خەڵک دەیەوێت حزبەکان ململانێ لەسەر خزمەتکردنی خەڵک بکەن، نەک بە سیاسەتی چەوت و خۆگرێدانی بەرژەوەندیی تەسک، ئەمنییەتی هەرێم بخەنە ژێر مەترسییەوە یان ئەوەی هەیە بەرەو هەڵدێری بەرن.

یەکێتی گەرەنتی دەوێت
یەکێتی دەیەوێت، گەرەنتی لە پارتییەوە بەدەست بێنێت لە دادپەروەریی لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا، لەمێژە کات دەسووتێندرێت و هێشتا لەجێی خۆمانین، ئەو هەڵوێستانەی پارتی کە ئێستا لێیان دەبیسترێت، دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سەرەتای دوای راپەڕین و شەڕی یەکترکوژی، کوشتنی کەسێک و خستنەپاڵی تاوانەکە بەلای یەکێتیدا، لەو رووداوانەی زەمانی شاخ دەچێت کە روویانداوە.
پارتی دەبێت خۆی هەڵتەکێنێت، نەک بەرگی رواڵەتی بگۆڕێت، بەڵکو نییەتەکانی بکاتە جدی و پابەندبوونیان بکاتە پێوەری دانوستان، بەتایبەتی کە دەبینین دەستەی نوێی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسییان، هەمان ئەو کەسایەتییانەی پێشوون کە دەیان ساڵە بەشداریی کۆبوونەوە و دانوستانەکان دەکەن لەگەڵ یەکێتی، ئەگەر ئەوان بەهەمان تاکتیکی کۆن مامەڵە بکەن، ئەوا هیچ گرەنتییەک بۆ رێکەوتنێکی نوێ نییە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی هەرێم و هەرێم لەگەڵ بەغدا.یەکێتی پشکی شێری بەردەکەوێت لە قوربانیدان لەماوەی نزیک بە 50 ساڵی رابردوودا، هەروا لە دامەزراندنی حکومەت و قەوارەی هەرێم، هەژموونی پێگەی یەکێتی لە ناوچەکە دیارە، دەبێت پارتی درک بەم راستیانە بکات و دانی پیادا بنێت، ئەوکات دەزانێت لەگەڵ کێ دانیشتووە و گفتوگۆ دەکات، دەبێت سەنگی یەکێتی بزانێت.
یەکێتی تینووە بۆ خزمەتی خەڵکی هەرێم، نەک هەڵپەی دەسەڵات و پۆست پچڕاندن بکات، مانەوەی لەناو ریزەکانی خەڵکدا وەک حزبێکی میللی دەبیندرێت نەک خۆسەپێنەر، لەناو جەرگەی دەسەڵاتی خۆیدا دەیان تۆمەت و هێرشی دەکرێتە سەر، بەڵام تادێت پێگەی لەناو خەڵکە دڵسۆزەکەیدا جێگیر تر دەبێت.

وتارەکانی نوسەر