لەناو رووداوەکاندا

كورد و كۆنگرەی نەتەوەیی

10:39 - 2022-11-21
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
330 خوێندراوەتەوە

كورد جووڵانەوەیەكی ناوخۆیی گشتی پێویستە تاكو لەلایەك ورد و درشتی ناكۆكییەكانی نێو ماڵەكەی گسک بدات و لەلایەكی دیكەشەوە تەونی مێژوویەکی جوان و نوێ، هەڵبخات. 
ئەو دۆخەی ئەمڕۆ لە ناوچەكەدا و لە ناوخۆی كورددا دەگوزەرێت، گرنگیی بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بە بەشداری هەموو هێز و لایەنە كوردستانییەكانی هەر چوار بەشەکەی كوردستان دێنێتە گۆڕێ.
دوای چەندین دەیە و دوای خەباتێكی مێژوویی گەورە بۆ رزگاریی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەمڕۆ كورد وەك هەڵگری میراتێكی گەورەی مێژوویی كە بە ناشوكری ئیلاهی بزانێت  و زاتی ئەوەی نەبێت دەستكاری رابردووەكەی خۆی بكات، هێشتا لە ناو گەردەلوولی ناكۆكییەكانیدا خۆڵی چەندین سەرزەمین «چوار بەشەکەی كوردستان» بەسەر خۆیدا دەكات و هەنگاوەكانی رێگا نابڕێت بۆ رزگاربوون لەو دۆخەی تێیكەوتووە.
ئەمڕۆ تەنها لەسەر دەستی دوژمن و نەیارەكانی كورد نییە كە كورد بە هەموو كونجێكی ئەم جیهانەدا پەرتە و دوورخراونەتەوە لەیەكتر، بەڵكو خودی كورد خۆی و تەواوی هێز و بڕیار بە دەستەكانی كوردیش، بەشێكن لەو پاڵنەر و ویستەی كە گەردیلەی هاوبەشی نێوان تاكەكانی كورد تێكدەشكێنن و خاڵی هاوبەشی تاكەكانی كورد لە هەر چوار بەشەکەی كوردستاندا ون دەكەن و كاڵی دەكەنەوە و لە یەكتر دەكرێن بە دوژمن و نەناس.
بەمانایەكی دیكە، ئەو واقیعە پڕ كێشەیەی ئەمڕۆ لەنێو ماڵی كورددا هەیە، بە تەنها دۆخێكی سیاسیی و ئەمنیی نەخوازراو نییە کە وڵاتانی نادۆست بە بەرژەوەندی و ویستی كورد دروستیان كردبێت و چووبێتە خاڵی چەقبەستنەوە، بەڵكو لەناو كوردیشدا ویستێكی باڵا نییە كە لە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندخوازیی و دیدی حزبی و ناوچەگەریی و هێزی باڵاوە بیربكاتەوە و هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو واقیعە ناوخۆییە بدات. 
بۆیە ئێستا وێنەی دۆخە كوردییەكە وەهایە، ئەگەر پەرتەوازەیی كورد بە دەستی نەیارانی كورد بووبێت، ئەوا كۆنەبوونەوە و بەیەكنەبوونەوەی تەواوی تاكەكانی كوردیش بە دەست كورد خۆیەتی، ئەمەش مانای وایە هێشتا كورد رێگای گەڕانەوەی نازانێت بۆ یەكبوون و تێپەڕاندنی كێشەكانی.
بە هەموو كلۆج و لۆژیكێك ئەو واقیعە راستە كە وڵاتانی ناوچەكە و داگیركارەكانی كوردستان بەربەست و كۆسپ بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بۆ كورد دادەنێن و دژی دەوەستنەوە، بەڵام هێز و ویستی كوردیش ئەوەندە بەهێز نییە كە كۆدەنگی بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی دروست بكات و كاری بۆ بكات. 
لە ماوەكانی رابردوودا هەركاتێك قسە لەسەر ئەم كۆنگرە نەتەوەییە كرابێت، ئەوا راستەوخۆ بریكار و دارودەستەكانی ئەو وڵاتانە لەناوخۆی كوردستاندا دژی وەستاونەتەوە و خەونەكە تێكدراوە.
كۆنگرەی نەتەوەیی لەم قۆناغە نەخوازراوەی كورددا، رەنگە باشترین  و تاكە دەرچە بێت كە لانی كەم نەتەوەی كورد لە كەمێك لە كێشە و ناكۆكی ناوخۆیی رزگار بكات و رۆحی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ تاكی كورد بگێڕێتەوە و وێنەیەكی كۆدەنگی و یەك وتاری بۆ كورد بەرهەم بهێنێت.

وتارەکانی نوسەر