کام حکومڕانیی تاکڕەوی لە زۆنی سەوز؟

10:10 - 2022-11-22
هیوا محەمەد
338 خوێندراوەتەوە

پرسیار زۆر دەکرێت لەسەر ئەوەی سلێمانی چۆن پشتگوێخراوە؟ لەچ روویەکەوە؟ لەوەڵامدا دەبێت بڵێین بۆ هەرچی هەنگاوی خزمەتگوزارییە بەڕێوەبەرانی هەر شوێنێک پێویستیان بە پارەیە تا ژیانی رۆژانەی خەڵک مسۆگەر بێت، ئەوەش کە پارە بۆ خزمەتگوزارییەکان تەرخان دەکات حکومەتە، ئەمیش دەبێت دادپەروەر بێت و هەموو ناوچەکانی وڵات وەک یەک ببینێت.
پارتی، دەیەوێت وەک لێپرسراوانی حکومەت لە هەولێر، پڕوپاگەندەی پاراستنی یەکڕیزیی هەرێم بکات، بەڵام دەشیانەوێت داهاتی سلێمانی هەرچی هەیە بڕواتەوە بۆ هەولێر و لەوێوە سزای ئابووریمان بخەنە سەر، بەمەبەستی سیاسی کە خۆیان بە ئاشکرا وتوویانە و دەیڵێن.
لەدوای ئەو هەموو گازندەیە لەلایەن بەرپرسانی ئیداری سلێمانی و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان کە پارێزگارە، باس لەوە دەکرێت کە ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی داخوازییەکانمان نادەنەوە، تەنانەت کاتێک لێدوان بۆ خۆپیشاندەرانی خوێندکاران دەدەن، پێیان دەڵێن کە داواکانی ئێوە لای ئێمە نییە و نێردراوە بۆ وەزارەت.
پارێزگاری سلێمانی لە دیبەیتی ئابووری سلێمانی دەڵێت: 40 کەرتی جیاوازی سلێمانی، داھاتەکەی لە هەولێر وەردەگیرێت. هەروەها دەڵێت: نابێت وەزیرەکان تەنیا ھەوڵی بردنەوەی دەسەڵاتەکانیان بدەن بۆ ھەولێر، چونکە ئەوان ئەو دەسەڵاتانەی بردویانەتە هەولێر داهاتی ئەم شارەشیان لەگەڵیدا بردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: کاتێک تۆ تۆمارکردنی ناوی بازرگانی دەبەیتەوە نەختینە لای من نامێنێت، چونکە رسوماتەکەی لە هەولێر دەدرێت، کاتێک تۆ لە گۆشتەوە تاوەکو فاسۆلیا، گەنم، ھێلکە رەسیدەکەی دەبەیتەوە، رسوماتەکەشی دەبەیتە هەولێر، بەدەستی خۆمان نەختینەمان نەھێشتووە و دواتریش لایەنە سیاسییەکانی ئێرە تۆمەتبار دەکەین.
ئەمانە وتەی سەرۆکی یەکەی ئیداریی سلێمانییە کە لەهەر کەس زیاتر ئاگاداری چۆنێتی حکومڕانییە لەم زۆنە و هەرێم، ئەگەر داهاتی سلێمانی بەم جۆرەی لێبێت، ئیتر لە کوێدا لێرە حکومڕانیی تاکڕەوییە؟.
ئەوەی سەیرە لە یادی دامەزراندنی سلێمانیدا، سەرۆکی حکومەت دەڵێت: ئێمە لەگەڵ تاکڕەویی حکومڕانیدا نین لە سلێمانی.

 

 

لەم زۆنەدا حکومەتێک ئیدارە دەکات کە ناوەندەکەی لە هەولێرە و سەرۆکەکەشی مەسرور بارزانییە، بۆ ناپرسێت لەخۆی ئایا کەسێکی دەرچووی کۆلێج بێ فەرمانی ئەو لێرە دادەمەزرێت؟

 

 

خۆ هەموو‌ شت هەر وتن نییە، نابێت مرۆڤ چاوی داخات و بدوێت، کام حکومڕانی تاکڕەو لە زۆنی سەوز؟
لەم زۆنەدا حکومەتێک ئیدارە دەکات کە ناوەندەکەی لە هەولێرە و سەرۆکەکەشی مەسرور بارزانییە، بۆ ناپرسێت لەخۆی ئایا کەسێکی دەرچووی کۆلێج بێ فەرمانی ئەوان دادەمەزرێت؟
نموونە لەبەردەستدا هەیە، وەزیری خوێندنی باڵا لەسەر داوای جێگری سەرۆکی حکومەت پێداچوونەوەی بۆ کەیسی دەرچوویەک کردووە کە غەدری لێکراوە و دەبێت مافی بۆ بگەڕێندرێتەوە، دوای ئەوەی هەق بە داواکارەکە دراوە، نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و تائێستا بۆیان نەکردووە.
دەیان و سەدان پڕۆژە لەسەر پێنەدانی پارەی تێچوو راگیراون و هێشتا بەکار نەهێندراون خەریکن کۆن دەبن.
ئەمە هەمووی لای ئەو سەرۆکی حکومەتەیە کە لە دەساڵی رابردوودا لای پارتییە، ئەگەر کابینەیەک لە چوار ساڵدا نەتوانێت بەرنامەیەکی باشی کارکردن پیشان بدات، ئیتر دەبێت وەلا بنرێت، بەڵام کابینەکانی پارتی بە هۆکاری ئەوەی نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئیدارەدان دەکەن، ئەوا دەنگی زۆرتر لەو ناوچانە دێنن کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندان، ئەمەش دیارە لەرێگەی ئەو داهاتانەی حکومەتەوەیە کە بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەکاریدێنن.
خوێندکاری پەیمانگا و زانکۆکان، ئەگەر وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بۆچی لە زۆنی زەرد خۆپیشاندان ناکەن؟ وەڵام لە دوو حاڵەتدایە، یەکەم یان رێگەیان پێنادەن، یان خواستەکانیان ژێر بە ژێر بۆ جێبەجێدەکەن تا بێدەنگ بن و ئەم زۆنەش پشتگوێ دەخەن و دەشڵین یەک ئیدارەییمان دەوێت و دژی تاکڕەویین لە سلێمانی.
ئێمە ماوین و بڕیار و بەرنامەی کاری یەکێتی بۆ راستکردنەوەی حکومڕانیی لە هەرێم یان گرتنەبەری رێگەچارەی دیکە.

وتارەکانی نوسەر