دایکایەتی زەڕبی سفر نەکرێت

09:55 - 2022-11-23
رۆزا دڵشاد مەریوانی
435 خوێندراوەتەوە

زۆرجار گومان لە دایکایەتی دایکانی ئەم سەردەمە دەکرێت لەبەر هەندێ بابەت کە هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە ئەو ژنە تا چەند دایکێکی باشە و زۆر بێ هەستانە دایکایەتی کەڕەتی سفر دەکرێت، وەکو ئەوەی مانای دایکایەتی و بوون بە دایک تەنیا ئەوە بێت، یەکێک لەوانە مەسەلەی منداڵبوونی سروشتی و منداڵبوونە بە نەشتەرگەری، من لێرەدا وەکو پزیشکێک باس لەو دوو جۆرە منداڵبوونە ناکەم ئایا کامی باش و کامی خراپە یان بۆچی زۆرێک لە ژنی ئەم سەردەمە پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری، چونکە دواجار هەر کەسە و هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە، هەروەها وەکو دایکێک و ژنێک دەزانم ژانی منداڵبوونی سروشتی تا لێواری مەرگت دەبات و ژانی منداڵبوونی سروشتی هیچ ئازارێکی دیکەی جەستە نایگاتێ، بیستووشمە منداڵبوون بە نەشتەرگەری وەکو هەر نەشتەرگەرییەکی دیکە کە تێیدا سک بکرێتەوە دوای هۆشهاتنەوە و بەردانی بەنج چ ئازارێکی دەبێت، جگە لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دوای منداڵبوون جا بە نەشتەرگەری بێت یان سروشتی، بەڵام دایکایەتی تەنیا ئەوە نییە ئەو ژنە چۆن ئەو منداڵەی بووە، بۆیە کاتێک یەکێک دێت و گومان دەخاتە سەر ژنێک بەوەی دایک نییە تەنیا لەبەرئەوەی بە نەشتەرگەری منداڵی بووە و ژنێکی دیکە لەسەدا سەد لەو دایکترە لەبەرئەوەی بە سروشتی منداڵەکەی بووە ئەوە بە رای من ئەوپەڕی نەفامی و بێ رێزییە بەرامبەر هەر دایکێک بکرێت، لەبەرئەوەی بەوە مانای گەورەی دایکایەتی تەنیا لە کردار و پرۆسەی لەدایکبوونی ئەو منداڵەدا بچووک دەکەیتەوە وەکو ئەوە وایە ئیتر دوای بوونی ئەو منداڵە دایک هیچ رۆڵێکی نەبێت، بۆیە ئەگەر بڕوات وابێت تەنیا ئەو ژنانە دایکن کە بە سروشتی منداڵیان بووە ئەوە زۆر هەڵەیەت و هیچ لە دایکایەتی تێنەگەیشتوویت و نازانیت، چونکە ئەوەی منداڵ گەورە دەکات و شەونخونی دەکات دایکە، ئەوەی نان و ئاو و خەو و تەندروستی و حەوانەوەی لێ زەوت دەبێت دایکە، ئەوەی بە گەرمبوونی پەنجەیەکی منداڵەکەی دەکەوێتە خەم و دڵەڕاوکێوە دایکە، ئەوە دایکە لەو رۆژەوەی منداڵەکەی لە جەستەی جیادەبێتەوە جا بە نەشتەرگەری بێت یان بەسروشتی و تا ئەو رۆژەی دەمرێت چاوی لە باڵای رۆڵەکەیەتی و چەندە گەورە بێت و ژیانی خۆی پێکبێنێت و لە دایکی دوورکەوێتەوە تا ئەو ساتەی چاولێکدێنێت ناتوانێت لە هیچ کات و شوێنێکدا لەبیری بکات ئەو دایکە و ئەوانە رۆڵەی ئەون، ئەوە دایکە و گرنگ نییە بە چ شێوەیەک منداڵەکەی بووە و باسکردنی ئەوەی کێ دایک نییە لەم وتارەدا جێی نابێتەوە و ئەو بابەتە زۆر لە مەسەلەی شێوازی لەدایکبوونی منداڵ جیاوازتر و قووڵترە.  

وتارەکانی نوسەر