کورد و یەکێتی نەتەوەیی

10:10 - 2022-11-23
ئازاد جۆڵا
273 خوێندراوەتەوە

ئەم بارودۆخەی ئێستای عیراق و تورکیا و سوریا و ئێران، ئەوە لە کورد دەخوازێ بە دیدێکی جیا و فۆڕم و شێوازێکی تازە و هەستێکی قووڵی نەتەوەیی و نیشتمانی و داڕشتنی پلان و ستراتیژێکی تۆکمە و وردبین و دووربین خۆی ئامادە بکات بۆ هەموو ئەگەرەکان کە روودەدەن و بۆ هەر پارچەیەک پلانی تایبەت و لەسەر ئاستی نەتەوەییش کۆدەنگی و بڕیاری پێکەوەیی و هاوکاری و هەماهەنگی بەهێزی هەبێت.
دەمێکە کورد پێویستی بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و کۆکردنەوەی هێز و تواناکانی نێوخۆی هەیە، بەڵام بە نەکردنی، دیارە بێ هۆکار نییە و کۆمەڵێک هۆکار هەن.
لەسەرووی هەمووشیانەوە کاریگەریی داگیرکەرانی کوردستان و بەرژەوەندخوازی هەندێک لایەنی سیاسی و حەز و خولیای کەسێتی بۆ دەسەڵات و خۆسەپێنی ئەم خەونە لەمێژینەی لەبار بردووە. 
ئێستا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە کوڵانێکی گەرم دایە و خەریکە یادی سەد ساڵەی رابردووی مێژووی پڕ لە خوێن و خۆسەپێنی خۆی بە تەفروتونا بوون و هەڵگەڕانەوەی نەخشەکان و گۆڕانکاری ریشەیی دەکاتەوە. بەتایبەتی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، سەیری دۆخی هەرچوار وڵاتەکە بکە، چەندە ئاڵۆز و شڵەژاوە، کەچی لەپێناوی مانەوەی خۆیان پەنا دەبەنە بەر ئاگر و ئاسن.
کورد لە رابردوو تاوەکو ئێستاش نەیتوانیوە بابەتە رەواکەی خۆی لە چوارچێوەیەکی نەتەوەیی و ئەکادیمی و مێژوویی بە ئۆرگانی بکات و فۆڕمولەیەکی زانستییانەی بۆ بکات، لە کاتێکدا بۆ ئێستای کورد و دۆخی ناوچەکە پێویست بوو.
ئەگەر لە رابردوو کورد بەگشتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نەیانتوانیبێ یەکێتی کورد چێبکەن، ئەوا ئەمڕۆ باردۆخی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر کورد، دووڕوویی و درۆزنی و بەرژەواندخوازیی وڵاتانی زلهێز، ئەوەمان لێدەخوازێ بێ بیرکرنەوە لە بەرژەوەندی کەسی و حزبی و تەنانەت ئایدیاییش، بەزووترین کات هێز و تواناکان و یەکبخرێن و پلانی نەتەوەیی ئەمڕۆ داهاتوو دابڕێژرێ.
 ئەگەر درەنگیش بێ هەر دەبێ یەکێتی نەتەوەیی بێتەدی، چونکە هەموو گۆڕانکاریی و رووداوەکانی ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر پارچەکانی تر هەیە و دەبێتە مەترسییەکی جدی بۆ کورد و ئامانجە نەتەوەییەکەی. 
بۆ ئەمەش پلانی سڕینەوەی کورد و لەباربردنی دەسکەوتەکان و هێزە کوردییەکان لە ئارادایە و لەسەر پرسی کورد هاوکار و هەماهەنگن، دیاریشە بەپێی پلانەکانیان زۆر بە وردی و بە ئاگایی کاری لەسەردەکەن.
ئێمە لە رابردوودا دۆخی رۆژئاوای کوردستانمان بینی چ پیلانێکی دوژمنکارانەی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەبووە و هەیە لەسەر ئەم پارچەیەی کوردستان بەمەبەستی لەباربردنی رێڤەبەری خۆسەری. 
لە باکووری کوردستان، تورکیا و هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر کورد و گرتن و زیندانی و نکۆڵیکردن لە بوونی کورد و مافە سەرەتاییەکانی، هەموو یاسا و رێساکانی تۆتالیتاری و فاشیزم و دڕندانەی تێپەڕاندووە.
لە باشووری کوردستان جیا لە چەقبەسوویی سیاسی و حکومڕانیی رۆژانە لەژێر هەڕەشە و بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران، گوشاری بەغداد و کەمکردنەوەی دەسەڵات و هەوڵی سڕینەوەی فیدڕاڵی و لاوازکردنی کورد لە عیراق لەچەند لایەنەوە هەیە.
 جیا لە هاتنەناوەوە و داگیرکردنی دەیان کیلۆمەتر لە خاکی هەرێم لەلایەن تورکیاوە، رۆژانە بۆردوومانی فڕۆکە و تۆپباران و درۆن و تیرۆر بەردەوامیی هەیە، تائێستا بەدەیان خەڵکی سیڤیل شەهیدبوون و سەدان گوند و باخ سووتاون و چۆڵکراون. 
تۆپبارانکردنی بەردەوام لەسەر هەرێمی کوردستان هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە و مەترسییەکان تادێن زیاتر و جدی تر دەبن، هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێت، پێویستە کورد لە ئێستادا بە جۆری بیرکردنەوە و شێوازی خەباتی سەربازی و سیاسی و پەیوەندی و دیبلۆماسی و تەنانەت ئابووری و کۆمەڵایەتیشیدا بچێتەوە و بە جۆرێک رێکیبخاتەوە وەڵامدەرەوەی ئەم قۆناغە بێ و هەستکردن بێت بە مەترسییە راستەقینەکان و پێچەوانەی رابردوو بێت.

وتارەکانی نوسەر