خوێندنەوەیەکی تر بۆ دیدارەكەی سەرۆك بافڵ

10:11 - 2022-11-23
نێرگز قادر
509 خوێندراوەتەوە

سەرۆكی یەكێتی لە گفتوگۆیەكی راشكاوانەدا، زنجیرەیەك پەیامی بۆ پارتی نارد، پێشتر بە پەیوەندیی حزبیی پەیامەكان لە كۆبوونەوە لووتكەیەكاندا بە بەرپرسانی پارتی درابوو، بەڵام كە نیازپاكی  سەرۆک بافڵ پاش 16 كۆبوونەوە لەبەرچاو نەگیرێت، ئەوا پەیامی نوێی بۆ ئاگاداركردنەوەی كۆمەڵانی خەڵك لە رێگای میدیاوە نارد. 

پەیامی ئاشکرا لە رێگەی میدیاوە
پەیامی جۆراوجۆر لەیەك كاتدا بۆ پارتی بێت و بۆ خەڵكیش روونكردنەوەی تەواو بێت لەسەر ئامانجی پارتی لە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكەی بۆ باڵادەستی و خۆسەپاندن. 
ناكرێت لەوە زیاتر حزبەكان و خەڵك وردەكاری نییەتەكانی ئەو پارتە نەزانن لە قۆستنەوەی بارودۆخی كوردستان بۆ بەرژەوەندی و خۆسەپاندن و بەكارهێنانی نیازپاكی حزبەكان بۆ قازانج و گرتنی شادەماری ئابووری و نەتەوەیی.
پەیامەكەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ پارتی جۆراوجۆر بوو، ئابووری و سیاسی و راگەیاندن و تەندروستی و ناشەفافی و ناوچە دابڕێنراوەكان و زۆر شتی لە خۆی گرتبوو. 
پێشتر بەڵێنی پارتی بۆ چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانە وابووە كە بە شەراكەتی یەكێتی چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە و لە قازانجی ئەزموونی كوردستان بگەنە خاڵی چارەسەر، بەڵام هەموو خاڵەكان بەهۆی بێمتمانەیی و بە بنبەست گەیشتن، سەرۆكی یەكێتیش بە روونی نیشانەی خستە سەر دڵی سیاسەتی هەڵەی پارتی لە گەیشتنی دۆخە ئاڵنگارییەكەی كوردستان و تێكدانی شیرازەی دەستكەوتە هاوبەشەكان.
خۆدزینەوەی پارتی لە رێكەوتنی پێكهێنانی كابینەی حكومەت، زیانە گەورەكە بوو لە كوردستانیبوونی كەركوك، پێشتر هەردوو حزب بە جۆرێک رێكەوتبوون كە پارێزگاری كەركوك بدرێتەوە بە كورد و یەكێتی، بەڵام بۆ ئەوەی نەبێتەوە نسیبی یەكێتی، پارتی ئەوەندە خۆی لە جێبەجێكردنی شەراكەتەكە دزییەوە، پارێزگاری كەركوك هەر بە عەرەب مایەوە، خۆشیان نەك هیچیان لێ دەستنەكەوت، بەڵكو كوردیش بەدەستی بەتاڵ لێی هاتەدەر. 
ئەمجارە سەرۆك بافڵ بە پارتی راگەیاند یان بڕگەكانی رێكەوتنەكە هەمووی جێبەجێ دەكەن و خەم بۆ كەركوك دەخۆن یان یەكێتیش لە حكومەت شەریكێكی تاسەر نابێت. 
بۆچی یەكێتی بۆ گەیشتنی پارتی بە پۆستەكان حكومەتی لەگەڵ دروست دەكات، بەڵام پارتی لە بەدیهێنانی ستراتیژی یەكێتی بۆ كەركوكی قودس لایەنگری هەموو پێكهاتەكانی تر دەبێت یەكێتی نەبێت، ماوەی پێشووش وەفدی یەكێتی بە حزبە كوردستانییەكانی راگەیاندووە پارتی بەس بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك زانكۆ نەدرێت بە یەكێتی، گوشار و پەیوەندییان بە حكومەتی ناوەندییەوە كردووە و تكایان كردووە با عەرەب زانكۆكە بەڕێوە ببات و پسپۆڕە كوردەكە دووربخرێتەوە.

باڵانسی داهات و ئابووری
سەرۆك بافڵ پارتی پەیامی باڵانسی داهات و ئابووری دا بە پارتی، باجی كۆمپانیا و دابەشبوونی كێڵگەی نەوت و غازی سروشتی و سنوورە گومرگییەكان كە سەرچاوەی شەڕی راگەیاندنی پارتییە لەبەرامبەر یەكێتی روونكرایەوە، خەزێنەی پڕی پارتی بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە حوكمڕانییەكی باش بۆ كوردستان بكەن، تەنها بە سزادانی سلێمانی و دەستگرتنی نامەشروع بەسەر سەرچاوەكانی داهاتدا ئامانجی پڕكردنی خەزنەی خۆیان بەدیهاتووە و یەكێتی هەرگیز بۆ داهاتوو بە سیاسەتێكی ئابووری لەوجۆرە رازی نابێت و بە ستۆپ پێكردنی پارتی زیادەڕەوییە ئابووریەكانی كوردستان راست دەكاتەوە، كوردستان پێویستە یەك گیرفانی هەبێت و ئەم گیرفانەش لە خزمەتی هەموو كوردستان بێت بێ جیاوازی، نەك پڕۆژەكانی زۆنی سەوز رابگیرێن و لەناوچەی زەردیش رۆژبەرۆژ نیشانەی ئاوەدانی و بیناسازی لەسەر حسابی باجی سلێمانی زیاتر پێشبكەوێت.

داڵدەدانی داواکراوان 
پەیامێکی دیکەی سەرۆك، دەستبردنی پارتیە بۆ پێكهێنانی میلیشیا لە كەسانی لە یاسابەدەر لە زۆنی سەوز، ئەگەر یەكێتی مەبەستی دووبارەكردنەوەی هەڵەی ئاوا بێت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لە ناوچەی پارتیدا بەشی زۆر بنەماڵە و عەشیرەتە ناڕازییەكان پڕ چەك بكات، بەڵام كە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بە یاساییكردنی هێزی پێشمەرگە بێت هەرگیز دەست بۆ دروستكردنی میلیشیا نابات، دەبێت پارتی تێبگات دەستبەردارنەبوون لە پشتیوانی میلیشیا ئەگەر بەردەوام بێت یەكێتیش ناچار دەبێت لەناو ماڵی پارتیدا هەمان میكانیزم جێبەجێ بكات و ئەوكات مەترسییەكان بەباشی تێدەگەن.
بەشێک لە وتەکانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەستبردنی پارتی و تیمەكەیەتی لە حكومەت بۆ بڕینی نانی پێشمەرگە و بودجەی دژە تیرۆر، ئەو هێزانەی سەردەمی شەڕی داعش بە پاڕانەوەی زۆرەوە هانایان بۆ بردرا لە رزگاركردنی مەخمور سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكان بكەن، یەكێتی بۆ نانی پێشمەرگە و مووچەی دژە تیرۆر و دەرمانی نەخۆشخانەش پشتی بەخۆی بەستووە و رێگەی نەداوە پەكیان بكەوێت، بەڵام تاسەر ئەوە قبووڵ ناكرێ و سیاسەتی بایكۆت بەس كۆبوونەوەی وەزیرەكان ناگرێتەوە، بەڵكو كارتی تریش بەكاردێن.
پارتی دەبێت لە پەیامەكانی سەرۆك بافڵ تێبگات، سیاسەتی دەستەمۆكردن دەتوانن لەسەر خەڵكی تر بەكاربێنن، بەڵام بەرامبەر یەكێتی ئەوەیان پێناكرێت و مایەپووچ دەبن.

لای یەکێتی، پارێزگاری کەرکوک و کێشەکانی تر لەگەڵ پارتی یەک پاکیجن

وتارەکانی نوسەر