شەن و کەو

بۆردومانەکان و کاریگەرییان لەسەر ئاییندەی هەرێم

09:10 - 2022-11-24
مستەفا محەمەد
384 خوێندراوەتەوە

ماوەیەکە مەسەلەی بۆردوومانی هەرێمی کوردستان بۆتە بابەتێکی گەرم و بەچڕیی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بە بیانوی جیاواز هێرش دەکەنە سەر قوڵایی جوگرافیای هەرێم و بەو هۆیەشەوە وێڕای گیان لەدەستدان و شەهیدبوونی دەیان کەس، دۆخێکی نائارامیان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خوڵقاندوە.
ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و بژێوی هاونیشتمانیان هەیە، بەجۆرێک کە جگە لەتێکدانی ئاسوودەیی دەرونی، بازاڕ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەکورتی داوە، کار و کاسبی تەنانەت هاووڵاتی ئاسایی وەستاوە.
ئەم هێرشانە جگە لەوەی سنوور بەزاندنێکی دیار و زەقی دەوڵەتانی دراوسێیە کە سەروەریی عیراقیان نابوت و سەقامگیریی ناوچەکەشیان خستۆتە مەترسییەوە، دەرخەریی ئەوەن کە هەردوو دەوڵەت لەئاستی باڵادا هەماهەنگیان هەیە، ئەوەی جێی تێڕامان و سەرنجە تا ئەمڕۆ نە حکومەتی عیراق و نە دەسەڵاتدارانی هەرێمیش توانای دانانی بەربەستێکی بەهێزیان لەبەردەم  ئەو هێرشە یەک لەدوا یەکانە نییە، راستە پەرلەمانی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم کۆدەبێتەوە، بەڵام جگە لە ئیدانەکردن و دەربڕینی ناڕەزاییەکی شەرمنانە هیچی تری لێ شین نابێت.
ئەم بۆردومانانە ئەگەرچی رەهەندی جیاوازتریشی هەیە، بەڵام ئەگەر بەپێی رێککەوتننامە و دانانی ستراتیژێکی نوێ رێگری لێ نەکرێت و بەرنامەیەکی هاوبەش هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم کۆنەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی دەربازبوون لەو قەیرانە چەند بارەبووەیە، ئەوا بێگومان بیانوو بۆ هاتنەناوەوە و لەشکرکێشی زیاتر بەدەستەوە دەدرێت و دڵنیام چالاکییەکان تەنها لە بۆردوومان و ناردنی درۆن و کردەی سەربازیی لەئاسمانەوە ناوەستن، بەڵکو زیادەڕۆیی زیاتریش لەداهاتوودا بەنموونەی بوونی مانۆڕ و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و لەشکرکێشی سوپا بەچەک و جبەخانەوە بە چاوی سەر دەبینین، جوڵاندنی ئەنجومەنی ئاسایش و دروستکردنی گوشاری نێودەوڵەتی لەلایەن کابینەکەی سۆدانیەوە بۆ ناچارکردنی ئەو دەوڵەتانە لەوەی خاکی عیراق نەکەنە پێگەی تەسفیەی حیسابات و تەنگژە ناوخۆییەکانی خۆیان، باشترین هەنگاو کە لەئێستادا دەبێ نوێنەرانی کورد چ لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و نێو کابینەکەی سۆدانیدا و دەسەڵاتی کوردیی کاری بۆ بکەن، هاریکاریی دامەزراوە فەرمییەکانی عیراقە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری جێگرەوە و بیانوو نەدان بەو دەوڵەتانە بۆهاتنەوەوەی زیاتر و بۆردومانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم.

وتارەکانی نوسەر