لووتکەی فرانکۆفۆنی لە تونس

09:18 - 2022-11-24
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
340 خوێندراوەتەوە

سەرکردەی  رێکخراوی وڵاتانی فرانکۆفۆنی نێودەوڵەتی « ئەو وڵاتانەی کە زمانی فەرەنسی وەک زمانی سەرەکی خۆیان بەکاردەهێنن»   رۆژی شەممە19/11/2022 لە تونس کۆبوونەوە و باسی کۆمەڵێک کێشەی گرنگیان کرد کە رووبەڕووی ئەفریقا و جیهان دەبێتەوە لە پێش هەموویانەوە:  کەمکردنەوەی قەرز، کۆچ، کەمیی خۆراک و وزەیان کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێچووی ژیان لە سەرانسەری ئەفریقا و ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە هۆی جەنگی ئۆکرانیاوە بەرز بۆتەوە. لە لایەکی ترەوە لەم کۆبوونەوەیەدا جەنگی ئۆکرانیاش پانتایی باشی داگیر کرد، هەندێک دەوڵەتی ئەفریقا لە هەڵوێستی وڵاتانی خۆرئاوا بەرامبەر بەم جەنگە ناڕازیی بوون. لە هەمانکاتیشدا کێشەی نێوان کۆنگۆ و روانداش، باڵی بەسەر کۆبوونەوەکەدا کێشا. تونسیش سوودمەندی سەرەکی بوو لەم کۆبوونەوەیە، چونکە فەرەنسا بڕی 200 ملیۆن یۆرۆی وەکو قەرز پێ بەخشی. 

کۆبوونەوەی ساڵانە
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و سەرۆکی شەش وڵاتی ئەفریقا بەشدارییان لە 18مین کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی فرانکۆفۆنی نێودەوڵەتی کرد، کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە بەرەوپێش دەبات کە زمانی فەرەنسی وەک زمانی سەرەکی خۆیان بەکاردەهێنن.

تونس و فرانکۆفۆنی
تونس کە میراتێکی دەوڵەمەندی فرە کەلتور و مێژوویەکی بۆ سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا بەهرەمەندە، هەر لە سەرەتاوە رۆڵی تەواوی خۆی لە چوارچێوەی فەزای فرانکۆفۆنیدا بینیووە. لەم رووەوە پەیوەندییەکانی نێوان تونس و جیهانی فرانکۆفۆنی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووی مێژوو، لە سەردەمی حوکمڕانی بەیەکاندا، زۆر پێش ئەوەی وڵاتەکە بچێتە ژێر پاراستنی فەرەنسا لە ساڵی 1881.
لە ئەنجامی ئەمانە و هۆکارەکانی تر، تونس شەرەفی هاوتاکانی لە وڵاتانی فرانکۆفۆنی پێدرا لە میانی 16 مین لووتکەی فرانکۆفۆنی لە ئەنتانا ناریڤۆ لە تشرینی دووەمی 2016 بەڕێوە چوو، لەگەڵ شەرەفی میواندارییکردنی 18 مین لووتکەی فرانکۆفۆنی، لە 19 و 20ی تشرینی دووەمی 2022  لە دوورگەی جربا.

هاوکاری دارایی فەرەنسا بۆ تونس
لە پاش کۆبوونەوەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ قەیس سەعید سەرۆکی تونس، ماکرۆن بە میدیاکانی راگەیاند: فەرەنسا بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ قەرز دەداتە تونس،  بۆئەوەی لەو تەنگژە ئابوورییە قوورسە رزگاری بێت، کە  ماوەی چەند ساڵێکە تووشی بووەو ئێستاش بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە تەنگژەکەی زیاتر بووە.  لە لایەکی ترەوە سەمیر سەعید وەزیری ئابووری تونس بە میدیاکانی راگەیاند: تونس دەیەوێت لەگەڵ  چەند وڵاتێکی دۆستیدا، بڕی سەرمایەگوازریان بەرز بکەنەوە تا بگاتە سەرو سێ ملیار دۆلار. 

یەکەم کۆبوونەوەی فرانکۆفۆنی دوای کۆرۆنا
ئەم کۆبوونەوەیەی تونس، لە دوای پەتای کۆرۆنا و سنووردارکردنی هاتوچۆ، یەکەم کۆبوونەوەی رێکخراوەکە بوو لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا.
لویس موشیکیوابۆ سکرتێری گشتی گروپەکە و وەزیری پێشووی دەرەوەی رواندا رایگەیاند: 
بەرنامەیان هەیە بۆ «شێوازی زیاتر بەکارهێنانی زمانی فەرەنسی لە هەموو ئەوروپادا و لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمەش لە کاتێکدا بەکارهێنانی زمانی فەرەنسی بەراورد بە زمانی ئینگلیزی، کەمترە»

وەک نوێنەری زیاتر لە 320 ملیۆن کەسی فرانکۆفۆنی
رێکخەرانی ئەو وڵاتانە رایانگەیاند: سەرۆکەکانی سەنیگال، کەناری عاج، گابۆن، مۆریتانیا، نیجەر و بۆروندی نوێنەرایەتی زیاتر لە 320 ملیۆن کەسی فرانکۆفۆنی دەکەن، لە سەرانسەری کیشوەری ئەفریقادا لە نێویاندا تونس. ئەمەش جگە لەوەی ئێستا فرانکۆفۆنی فراوانتر بووە و لە پێنج کیشوەری جیهاندا،  ئەندام و بەکارهێنەریان هەیە.

ناکۆکی رواندا و کۆنگۆ لە کۆبوونەوەی فرانکۆفۆنیدا
فێلیکس چیسێکێدی سەرۆکی کۆنگۆ لە لووتکەکەدا بەشداری نەکرد، لە کاتێکدا گرژییەکانی لەگەڵ رواندای دراوسێی وڵاتەکەیان، بەرزبۆتەوە و پاوڵ کاگامێ سەرۆکی روانداش لە جیربا بوو. حکومەتی کۆنگۆش رۆژی شەممەی رابردوو لە تویتێکدا رایگەیاند: چیسێکێدی دوورکەوتووەتەوە بۆ ئەوەی «دەستدرێژی رواندا» ئیدانە بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، ساما لۆکۆند سەرۆک وەزیرانی کۆنگۆ لە بری سەرۆک کۆمار چووەتە تونس.

دەستەواژەی فرانکۆفۆنی
گەشەکردن و پەرەسەندنی دەستەواژەی فرانکۆفۆنی دەگەڕێتەوە بۆ جوگرافیناسی فەرەنسی ئۆنسیم رۆکۆلۆ و ئەویش لە ساڵی 1880 بەوە پێناسەی کرد، کە ئەو کۆمەڵە کەس و وڵاتانەن کە زمانی فەرەنسی لە زۆر بابەتدا بەکاردەهێنن.

فرانکۆفۆنی چییە؟
توێژەران فرانکۆفۆنییان وەک شێوازێکی بیرکردنەوە و ژیان پێناسە کردووە، پێش ئەوەی خەریکبوون بێت بە مۆدێلێکی سیاسی یان لە کیانێکی جوگرافیدا، شوێنێکە بۆ یەکتربینین و ئاڵوگۆڕی زانیاری و گواستنەوەی زانست و هاوبەشی کەلتوری مرۆڤەکان. چوارچێوەیەکە بۆ قەدرزانینی ژیان بە مانا مرۆیی و ئەخلاقییەکەی. بۆ هەموو ئەمانەش، فرانکۆفۆنی لەناو فرەیی و رێزگرتن لە تایبەتمەندیی و هەڵبژاردنەکانی ئەویتردا دەژیی و گەشە دەکات و رەگ دادەکوتێت.

ئەندامانی فرانکۆفۆنی
رێکخراوی فرانکۆفۆنی55 وڵاتی ئەندام لە خۆدەگرێت کە پێشتر کۆڵۆنی فەرەنسا بوون، ئەمە جگە لە 13 وڵات کە پێگەی چاودێریان هەیە. ئەم رێکخراوە جگە لە کۆڵۆنییە کۆنەکانی فەرەنسا، وڵاتانی وەک بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ و پارێزگای کیوبیکی کەنەدا لە خۆدەگرێت. لە 20ی ئازاری 1970 دامەزراوە، بۆیە ئەم رۆژە بووەتە رۆژێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی فرانکۆفۆنییەوە.

کاری رێکخراوەکە
رێکخراوەکە سەرپەرشتی چەندین دەزگا دەکات وەک: دەزگای هاوکاری کەلتوریی و تەکنیکی کە لە ساڵی 1970 دامەزراوە. کۆمەڵەی زانکۆ فەرەنسی زمانەکان بە تەواوی یان بەشێکی، زانکۆی سێنگهۆر لە ئەسکەندەریەی میسر لە ساڵی 1989 دامەزراوە، کۆمەڵەی نێودەوڵەتی سەرۆک شارەوانیەکانی فرانکۆفۆنی، کۆمەڵەی سەرۆک شارەوانییەکانی فەرەنسی، کەناڵی  TV5 (TV5 Monde)لە ساڵی 1985 دامەزراوە، لە ساڵی 1998ەوە لە بوخارێست دامەزراندنی دەزگایەک بە ناوی رێکخراوی نێودەوڵەتی فرانکۆفۆنیی بەناوی کۆی جەستەی فرانکۆفۆنیی راگەیەندراوە.

سەرۆکی فرانکۆفۆنی
کۆنفرانسی فرانکۆفۆنی دوو ساڵ جارێک کۆدەبێتەوە و پۆستی ئەمینداری گشتی فرانکۆفۆنیی لە ساڵی 1997 دروست بووە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێت. فرانکۆفۆنی رابەرایەتی خۆی لەسەر کاروباری سیاسی جیهان لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامدا پشتڕاست دەکاتەوە، هەروەها هاوکاری ئەندامان دەکات لە رێکخستنی هەڵبژاردن و جێگیرکردنی هەندێک پڕۆژەی گەشەپێدانی ئابووری.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

سەرانی رێکخراوی فرانکۆفۆنی لە تونس

وتارەکانی نوسەر