لەناو رووداوەکاندا

کورد و تیرۆر، نزیکبوونەوەی دیمەشق و ئەنقەرە

09:54 - 2022-11-28
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
216 خوێندراوەتەوە

لە دوای هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هێرشکردنەسەر چەندین ناوچەی باکووری سوریا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات نایشارێتەوە شەڕی ئەمجارە لە شەڕەکانی رابردوو جیاوازتر دەبێت و تەواوی سنووری تورکیا و سوریا دەگرێتەوە.
ئێستا رەوشی سوریا لەبەردەم مەترسی و پێکدادانی قورسی هەمەلایەنەی هەم ناوخۆیی و هەم هێرشی دەرەوەدایە. سەرەڕای هەر ناکۆکییەکی نێوان تورکیا و سوریاش، پێدەچێت پرسی تیرۆر و کورد وەک دوو خاڵی هاوبەش، ئەو دوو وڵاتە لێکتر نزیک بکاتەوە و لە ئایندەدا کۆبوونەوەکانی نێوانیان دەست پێبکاتەوە. هەر نزیکبوونەوەیەکی ئەو دوو وڵاتە، لەسەر حیساب و دژایەتی کورد دەبێت و رەوشی خۆرئاوای کوردستان پڕ مەترسی دەبێت.
ئەمریکا و روسیا سەرەڕای هەر جیاوازیی و ناکۆکییەک بەڵام پێداگرن لەسەر دژایەتی هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا و ئەردۆغانیش دەڵێت ئەوان پرس بە کەس ناکەن بۆ هێرشکردنە سەر باکووری سوریا، ئەمەش دۆخەکە بە نادیاری دەهێڵێتەوە،  چونکە تورکیا ئەوە دەزانێت کە ئێستا ئەمریکا پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، ئایا ئەمریکا و روسیا جدیین لە وەستاندی هێرشەکانی تورکیا، یان تورکیا جدیترە لە هێرشکردنەسەر خۆرئاوای کوردستان و هەسەدە و گوێنادات بە هوشدارییەکانی ئەمریکا؟
تورکیا لە 20-11-2022 ەوە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ باکووری سوریا دەستپێکردووە بەناوی چنگ-شمشێر و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تورکیاش ئەو ئۆپراسیۆنە بۆ دروستکردنی (پشتێنەیەکی ئەمنیی)ە کە بە پێی ئاماژەکانی وتارێکی ئەردۆغان لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ژناندا رایگەیاند ئەو هێرشە زەمینییە شارۆچکەکانی تەل رەفعەت، مەنبەج و کۆبانێی سوریای دەستنیشانکردووە، بەمەش 30 کیلۆمەتر بە قووڵایی سنوور درێژدەبێتەوە، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەتایبەت یەپەگە نایشارنەوە ئەو هێرشانەی تورکیا بۆ داگیرکردنی باکووری سوریا و دژی خەباتی کوردە لەو ناوچانەدا.
ئەمریکا کە ئێستا 900 سەربازی لە خاکی سوریادا هێشتۆتەوە و لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی داعش، مەترسی پیشانداوە لەسەر لێکەوتە خراپەکانی هێرشەکانی تورکیا و بەپێی لێدوانی نیکۆلاس گراینگەر نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ باکوور و رۆژئاوای سوریا، ئەم هێرشانە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەو پەرەسەندنانەدا کە دژی داعش بەدیهێنراون و لەماوەکانی رابردوودا هەستی پێکراوە.  سەرەڕای ئەو پێکەوە کارکردنەش، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی روون لەلایەن ئەمریکاوە نییە بۆ کوردەکان کە ئایا لە ئەگەری نزیکبوونەوەی تورکیا و سوریادا، وەک هاوپەیمانی سەرەکی کورد دەمێنێتەوە و سەربازەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا دەهێڵێتەوە؟
ئەگەرچی لە ساڵی 2011 و دەرکەوتنی رووداوەکانی سوریاوە، پەیوەندی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە بچڕاوە، بەڵام بە پێی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئەردۆغان کە ئامادەیە بۆ دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد، ئاماژەیەکی روون هەست پێدەکرێت بۆ پێکەوە دژایەتی هەر بابەتێکی هاوبەشی نێوان ئەو دوو وڵاتە و لە سەرووشیانەوە لە یەک دۆسێدا دژایەتی کورد و (تیرۆر) بکەن تا  گوایە کورد نەبێتە مەترسی بۆسەر خاکی هەردوو وڵاتەکە.

وتارەکانی نوسەر