وردتر

خۆگونجاندن لەگەڵ میدیای نوێدا

10:20 - 2022-11-29
لەشکر حەمە ساڵح
391 خوێندراوەتەوە

لەم چەند ساڵەی رابردوودا، بە دیاریكراوی لەوەتەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەژموونی خۆیان بەسەر كۆمەڵگەدا سەپاندووە، میدیا تەقلیدییەكان لە پاشەكشەی بەردەوامدان. سەرەڕای تەقەلای زۆر؛ بەڵام هێشتا نەیانتوانیووە خۆیان بگرنەوە و هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پێگە لەدەستچووەكەیان بدەن.
هاتنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یان لانیكەم زاڵبوونی هەژموونی ئەو تۆڕانە بەسەر كۆمەڵگە جیاوازەكاندا، هەروا دیاردەیەكی سادە و ساكار نییە؛ واتە لەرزینی میدیای تەقلیدی و چۆڵكردنی پێگەكەی نییە بۆ نەوەیەكی تر، بەڵكو مەسەلەكە زۆر قووڵتر و فرەڕەهەندترە، چونكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەیانتوانی كێشە و ئاریشەكان و دەرەنجامە خراپەكانی میدیای تەقلیدی چارەسەر بكەن، بەڵكو لەگەڵ خۆیاندا هێندەی تر كێشە و ئاریشە و سەرئێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و هیتریان بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر برد.
قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە، پێویستی بە توێژینەوە و وردكردنەوەی جددیتر هەیە، پێویستی بە قووڵبوونەوە و رۆچوون هەیە بە ناو دیوە شاراوە و پەنهانەكانی كۆمەڵگە و سیاسەت و میدیا و جەنگی دەروونی و هیتر، نەك ئەم بابەتە لە ستوونێكی رۆژنامەدا باسی لێوەبكرێت؛ بەڵام لەم چركەساتەدا خەریكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بارودۆخێكی وا دەخوڵقێنن كە توێژەر و توێژینەوە فریای راگەیشتن بە بارودۆخەكە و پێشهات و گۆڕانكارییەكان ناكەوێت. رۆژ بە رۆژ و سات لە دوای سات بارودۆخەكە بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەژموونی خۆی بەسەر كۆمەڵگەدا قایم و قایمتر بكات. 
هۆكاری سەرەكی دوودڵی و گومان لەسەر هەژموونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەوەوە نییە كە پەراوێزێكی ئازادیی فراوانتر و كراوەتری تێدا دەستەبەرە، بەڵكو لەبەرئەوەیە كە ئەم بارودۆخە، ئەم هەژموونە، هەژموونێكی ستەمكارە. لەبری هەڵگرتنی ستەم بە پێچەوانەوە كار بۆ قووڵكردنەوە و زیاتركردنی ستەم دەكات. ئەگەر بەجۆرێك لە جۆرەكان میدیای تەقلیدی چەكی دەستی دەسەڵات و حوكمڕان و دەوڵەمەندەكان بێت، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان؛ لە پاڵ ئەو پەراوێزەی بۆ خەڵكی دروستكردووە، بۆتە مەیدانێكی بێسنوور و كراوە بۆ پەیداكردنی بازاڕ بۆ تێز و بۆچوون و تەنانەت زانیارییە چەواشەكارییەكان، تەنانەت بۆ تەراتێنی دەزگا هەواڵگرییەكان و ئاسانتر جێبەجێكردن و قووڵكردنەوەی جەنگی دەروونی و جەنگی سپی، لەلایەن وڵات و گروپ و دەستە و تاقمەكانەوە دژی كۆمەڵگە ئارام و سەقامگیرەكان.
ئەم بارودۆخە، یان ئەم تەشەنەكردنە بەردەوامەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ خەڵكی ئاسایی، یان ئەوانەی وردتر تەماشای پێشهاتەكان دەكەن و دەیانەوێت لەودیوی مەسەلەكان تێبگەن، رەوشێكی خراپی بەسەردا هێناون، تیاماون لەوەی بەردەوام بن و رێبكەن لەگەڵ ئەو تەشەنەكردن و زاڵبوونەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یاخود پاشەكشە بكەن و خۆیان لە گۆڕەپانەكە دووربخەنەوە. بێگومان هەردوو رێگەچارەكە لایەنی باش و خراپی خۆی هەیە، بەڵام هێشتا روون نییە و دەرنەكەوتووە كە كامەیان رێگە دروستەكەیە ئەگەرچی دەرەنجامەكانیشی بەشێوەیەكی كاتی؛ باش بن یان خراپ.
لەم رۆژگارەدا، ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانەی یان ئەوەی پێی دەوترێت میدیای نوێ، بێسنوور و بەشێوەیەكی كراوە زەمینەی گواستنەوەی بیروڕا و هەواڵ و زانیارییە، خەریكە دەبێتە چەكێكی مەترسیدار! بەتایبەتی بەدەستی ئەوانەی دەیانەوێت دژی كۆمەڵگە و تاكەكانی كاربكەن.

وتارەکانی نوسەر