دوکانی لاکۆڵان و خۆراکی منداڵان

09:49 - 2022-11-30
وتار
303 خوێندراوەتەوە

سامی سەعید

جاران باوکان و دایکان وەک ئێستا زانیارییان لەسەر تەندروستی و بەخێوکردنی منداڵەکانیان نەبوو، هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری ئەوەی زۆربەی خێزانەکانی 60 ساڵ بەر لەئێستا منداڵێک و تا سیان و چواریان مردوون و نەگەیشتوونەتە تەمەنی 6 ساڵان. 
ئەم سەردەمە، ئەگەرچی باوکان و دایکان لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە هەر زانیارییەکیان بوێت دەتوانن بە دەستی بهێنن و لە سەردەمی پێشکەوتنداین کەچی هێشتا پەروەردەکردنی منداڵان بەشێوەیەکی تەندروست ناکرێت.
جۆرە نوقڵێکی جەلی ئاسا هەیە لە سوید پێی دەڵێن گودیس، منداڵان زۆریان حەز لێیە، بەڵام بۆ ئەوەی رێگریی بکەن لەوەی هەموو رۆژێک ئەم گودیسە نەخۆن، رۆژانی پێنجشەممەیان کردۆتە رۆژی کڕینی گودیس و منداڵان بۆیان دەکڕدرێت و دەیخۆن بەو رێژەیەی بۆیان دیاری دەکرێت.
زۆرێک لە خێزانەکان لەو وڵاتە کۆلا و خواردنەوە گازییەکانی تر نادەن بە منداڵ بەهۆکاری ئەوەی بۆ ددانیان خراپە، خۆ ئەگەر بیشیدەنێ ئەوا تێکەڵی ئاوی دەکەن و بە کەمی دەیاندەنێ.
سنوور بۆ چۆنێتی خواردنەوە و خواردنی منداڵان لاوازە لای دایکان و باوکان، زۆربەی بژاردەکان دراوەتە دەست منداڵ و ئەوان دەڵێن چی لێبکەین بۆمان نایەتە سەر رێ، تەنانەت منداڵ هەیە بە خواردنێکەوە دەیگرێت و هیچی تر ناخوات، بەمەش لەشی بێبەش دەبێت لەو هەموو جۆرە ڤیتامینە کە پێویستی پێیەتی و خۆی درکی پێناکات چونکە نایزانێت.
منداڵ لەماڵەوە هەرکات بیەوێت دەست بۆ خواردنەکان دەبات و شوێنەکانی دەزانێت، هەر کات بیەوێت و تینووی بێت لەبری ئاو خواردنەوەیەکی گازی دەخواتەوە.
ئەگەر لە ماڵەکەشدا نەبێت ئەوە بڕە پارەیەک داوا دەکات و دەچێتە دوکانی کۆڵانەکەی خۆیان و بێ کۆنترۆڵ چی بوێت دەیکڕێت، لە نوقڵی بەسەرچووی رەق، خواردنەوە گازییەکان، چپس، مەساسەی دانشکێن و زۆری دیکە، کاتێکیش ئەمانە دەخوات ئیتر لەکاتی ژەمە خواردنەکەدا خواردنە ئامادەکراوەکەی پێناخورێت و دایکەکەشی دەڵێت نازانم بۆچی هیچ ناخوات؟
لە وڵاتان دوکانی لاکۆڵان نییە و ئەگەر بەدەگمەنیش شوێنێک هەبێت، ئەوا منداڵ بۆی نییە بە تەنها خۆی بچێت شتی لێبکڕێت.
ئەو دوکانانە لە کۆڵانەکان، سەرچاوەی بەزاندنی سنووری بەرنامەی دیاریکردنی خواردنەکانن بۆ منداڵان، چونکە بۆتە نەریت و هەموو منداڵێک رۆژانە چەند جارێک رووی تێدەکات و خواردنە رێگەپێنەدراوەکان دەکڕێت و دەیخوات و خۆی بێبەش دەکات لە خواردنی ماڵەوە و ڤیتامینە پێویستەکان.
لەبەر ئەوەی ناکرێت دوکانەکان دابخرێن، پێویستە گەورەکانی خێزان کۆنترۆڵی منداڵەکانیان بکەن و رێگەیان پێنەدەن خۆیان بچن شت بکڕن و خۆیان ئەوەی باشە و بەسوودە بۆ منداڵ بۆیان بکڕن، لە هەمانکاتیشدا کارێکی دروستە ئەگەر دوکاندارەکان راستەوخۆ هیچ شتێک بە منداڵان نەفرۆشن تا ناچاربن گەورەیەک لەگەڵ خۆیاندا بەرن.
کەرتی پەروەردەش لە رێگەی خوێندنگە سەرەتاییەکانەوە یان پێشتر لە دایەنگەوە، ئەرکی سەرشانیانە ئامۆژگاریی منداڵان بکەن بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی خۆراکیی تەندروستیان هەبێت.

وتارەکانی نوسەر